زەعفەران قەیرانی لوبنان تێدەپەڕێنێت

چاندنی زەعفەران لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان پەرە دەسێنێت و دەبێتە هۆکاری تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای قەیرانەکانی لوبنان.

ناوەندی هەواڵ

 

وڵاتی لوبنان ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لەناو قەیرانێکی ئابووری دژواردایە و تادێت دۆخ و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی قورستر دەبێت، ئەمەش لەگەڵ سێکتەرەکانی دیکەیدا بووەتە هۆی پەکخستنی بواری کشتوکاڵیش، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی لوبنانەوە چاندنی زەعفەران، کە بە زێڕی سور ناسراوە، دەبێتە هیوایەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وڵات.

 

زەعفەران، لەنێو ڕووەکە بۆنخۆشەکاندا جێگیرکراوە و بەزۆری لەو خاکانەدا دەچێنرێت کە زیاتر لە ٦٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن، ئەو بەرهەمەی کە بە "زێڕی سور" ناسراوە، ڕووەکێکی گوڵ وەنەوشەییە کە فرۆشتنی لە بازاڕەکانی بۆرسەی نێودەوڵەتیدا هاتووە و نرخەکەی هەمیشە لە بەرزیدایە، ئەم ڕووەکە لە خاکی لوبناندا نییە، تەنها ناوچەیەکی زۆر بچوک نەبێت کە دەکەوێتە شارۆچکەی ئەلقاع لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان.

 

لەو شارۆچکەیەدا ڕووبەرێکی بەرفراوانی دەشتی ئەلقاع بە گوڵی زەعفەران ڕەنگ کراوە و سەرپەرشتیاری دەکرێت تا بە بەشێوەیەکی سروشتی دوور لە ماددە کیمیاییەکان گوڵەکانی بەرهەم بهێنرێت، بەپێی دۆسیەیەک کە سکای نیوز عەرەبی دروستیکردووە، ئەو گەنجەی زەعفەرانەکان بەرهەمدەهێنێت باسی لەوەکردووە سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٠دا تۆوی زەعفەرانی لە ئیسپانیاوە هاوردەکردووە بۆ لوبنان و دەستی بە چاندنی زەعفەران کردووە وەک بەشێک لە پڕۆژەی چاندنی بەدیل بۆ ماددە هۆشبەرەکان، پاش سەرکەوتنی لە بەرهەمەکەدا هانی جوتیارانی دیکەی داوە تا کشتوکاڵی زەعفەران بکەن و هاوکاربن کە قەیرانەکانی لوبنان تێبپەڕێنن.

 

چاندنی زەعفەران دژوارە و پێویستی بە هێزی کاری تایبەتمەند و دەرچەی ئاوەڕۆ هەیە و ئەمەش بارگرانییەکی گەورە لەسەر جووتیارەکانی ناوچەی ئەلقاعی لوبنانی دروستدەکات

 

نرخی یەک کیلۆ زەعفەران بە زۆری لە پێنج هەزار دۆلارەوە دەستیپێکردووە، ئێستاش لە لوبنان گەیشتووەتە حەوت هەزار، لە کاتی قەیرانەکاندا لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە جوتیارەکە پەرەی بە بەرهەمهێنانم داوە و لە ئێستادا ملیۆنان تۆوی زەعفەرانی هەیە کە بەشی چاندنی ٢٠٠ دۆنم زەوی دەکات، بەڵام نەبوونی توانا و ئابووری و هێزی کار قورسی لەسەر ڕێگەی جوتیاران دروستکردووە.

 

ژنان لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بە وریاییەوە گوڵە زەعفەرانەکان دەچنن و پاشان مووی زەعفەرانی سوور لەناو گوڵەکاندا جیادەکەنەوە، یەکێک لەو ژنانەی کاردەکات بۆ سکای نیوزی وتووە، "کارکردن لەسەر زەعفەران ماندوو دەکات، ئێمە تەنها نزیکەی ٥٠ گرام لە سەتڵێکدا دەردەهێنین، کاتێک وشک دەبێتەوە دەبێتە 10 گرام".

 

بۆچی زەعفەران کاڵایەکی بەنرخە؟

زەعفەران ماددەیەکی بەنرخە لەناو بازاڕی بازرگانیدا، چونکە ڕێژەکەی زۆر کەمە و لە بواری دروستکردنی دەرماندا بەکاردێت، بۆیە وەک زێر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لەبازاڕی بۆرسەدا مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها بەهای خۆراکی بەرزی هەیە کاتێک زیاد دەکرێت بۆ خۆراک.

 

لە دۆخی ئێستای قەیرانەکانی لوبنانیشدا کردنەوەی دەرگای بازرگانی بەڕووی فرۆشتنی زەعفەران بە بازاڕی جیهان دەتوانێت سوود بە بەرزبوونەوەی ئابووری وڵاتەکە بگەیەنێت.