شنۆ مەڕبێن لە داپیرانییەوە ئامادەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ ماوەتەوە

گوندی هەرمۆتە لە شاری کۆیە زۆرینەی دانیشتووانەی کریستیانن، ژنانی گوندەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرهەمی خۆماڵین و لە بازاڕەکاندا ساغی دەکەنەوە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- گوندی هەرمۆتە سەر بە شاری کۆیە لە سنوری پارێزگای هەولێر، زۆرینەی دانیشتووانەکەی کریستیانن و لە ڕووی مێژوویشەوە، هەر لە سەرەتاوە ناوچەی نیشتەجێبوونی کریستیانەکان بووە، خەڵکی گوندەکە کشتوکاڵ دەکەن و کاری ڕۆژانەیان لە شاری کۆیە بە کاری جیاوازەوە تێدەپەڕێنن.

 

خۆشکردنی بەرهەمە خۆماڵیەکانی وەک، زەیتوون، خەیار، بیبەری توون و ترشیاتی جۆراوجۆر یەکێکە لە بەرهەمەکانی ژنان، کە ساڵانە ئامادەی دەکەن و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە.

 

شنۆ مەڕبێن، یەکێکە لەو ژنانەی سەرقاڵی خۆشکردنی زەیتوون و خەیار و بیبەری توون و ترشیاتی جۆراوجۆرە، لە داپیرانییەوە ئەم پیشەیەی بۆ ماوەتەوە و دەڵێت سەرەتا کە دروستمان دەکرد تەنیا بۆ خۆمان بوو، بەڵام دوای ئەوەی خەڵکی خواستیان لەسەر بەرهەمە کوردەواری و خۆماڵییەکان بوو، دەستمان کرد بە فرۆشتنیان بە ١٠-١٢ هەزار و بە پێی بەرهەمەکەش نرخەکانی دەگۆڕێت.

 

شنۆ مەڕبێن، دەربارەی ئامادەکردنی زەیتوونەکان دەڵێت: زەیتوون بە دوو شێواز ئامادە دەکرێت، سەرەتا خوێی تێدەکەین بۆ ئەوەی خۆش ببێت، دواتر کە پێگەیشت سرکە و سیری عەجەم و ترشیی تێدەکەین، یان زۆرجار کڕیار داوا دەکەن بە ئاوی گەرم و خوێ بێت، دواتر خۆیان تێکەڵی سرکەی هەناری دەکەن، بەم دوو شێوازە ئامادەی دەکەین، بەرهەمەکانمان لە بازاڕی شاری کۆیە ساغ دەکەینەوە،خەیاریش خۆش دەکەین، یان بە ئاوی گەرم و سرکە و خوێ و شبیت یاخود بە تەنها بە ئاو خوێ.

 

شنۆ مەڕبێن باسی لەوە کرد، کە ترشیاریش ئامادە دەکەن بە سوور یاخود بە زەردی، وتی: سورەکە بە چەوەندەر ئامادە دەکرێت و کاتێک دەکوڵێت زووتر پێدەگات، بەهۆی ئەوەی چەوەندەر زووتر کەرەستەکان دەمرێنێت، یەک ڕۆژ دوای تێکەڵکردنی کەرەستەکان دەتوانیت بیخۆیت، کەرەستەکانی پێکدێت لە کەلەم و گێزەر، سیری عەجەم و چەوەندەر، بیبەر، سرکە، ئاو و خوێ و دەرمانی ترشیات، بەڵام ترشیاتی زەرد درەنگتر پێدەگات، پێویستی بە کاتی زیاترە جیاوازی لەگەڵ ترشیاتی سور تەنها ئەوەیە کە چەوەندەری تێدا نییە.