دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بە کرێکاری بژێوی خۆیان دابین دەکەن

ژنانی گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کە تا ئێستا دانەمەزراون، لە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا لە باخەکاندا کار دەکەن و بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە تا ئێستا دانەمەزراون، بەشێكیان لە چاوەڕوانی دامەزراندان و بەشێكی دیکەیان بە ڕەنج و ماندوو بوونی خۆیان بژێوییان دابین دەکەن و لە کۆمپانیا ئەهلییەکان، فرۆشگا، مۆڵەکان، بە کاری دەستڕەنگینی و دانانی کاری سەربەخۆ ڕۆژانەیان تێدەپەڕێنن.

 

لە وەرزەکانی پایز و بەهاردا، کە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵییە، ژنان لەو ناوچانەی بەرهەمی کشتوکاڵی تیایدا دەچێنرێت، ژنانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ کۆکردنەوەی بەروبومەکان دەچنە زەوییە کشتوکاڵییەکان تا لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

 

سومەییە جەعفەر، دانیشتووی هەڵەبجە و تەمەنی ٣١ ساڵە، بەدەم کارکردن و ماندویەتییەوە باسی لەوەکرد، کە دەرچووی کۆلێژی وەرزشییە و چوار ساڵ لەسەر یەک، یەکەمی کۆلێژەکەیان بووە، ماوەی ٦ ساڵیشە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە سەرقاڵی هەنار ڕنینە و لە باخەكاندا کار دەکەن.

 

سومەییە باس لەوە کارەکەی دەکات کە قورس نییە و تەنها هەوڵی دەوێت، وتیشی: لە باخەکاندا ژنان زیاتر کار دەکەن، چونکە ژنان بە پارەی کەم کار دەکەن و پیاوان داوای پارەی زۆر دەکەن، بۆ ئێمەش ناچاری وا دەکات کە بەو بڕە پارەیە کار بکەین.

 

"دەمەوێت بە بژێوی کرێکاری ماستەرەکەم بخوێنم"

سومەییە ئاماژە بەوە دەدات کە چوار ساڵ لەسەر یەک یەکەم بووە، خوازیاری تەواوکردنی خوێندنی ماستەریشە و دەیەوێت بەو پارەیەی لە کرێکاری پەیدای دەکات، لە خوێندنەکەیدا بەکاری بهێنێت، لەبارەی بەشداری ژنان بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، وتی: لە سنوری شارەزوور ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان و خوێندکاران بەشداری کرێکاری دەکەن، ناچارین کار بکەین و چاوەڕێی دەستی کەس نەبین، پشت بە دەستی خۆمان ببەستین و دەست بۆ کەس ڕانەگرین، چونکە کرێکاری عەیب نییە و خوێندنیش سودی خۆی هەیە.

 

"لەگەڵ براکانم دێمە سەر کار"

نەرمین تاقانەی ٧ برایە، لەگەڵ براکانیدا ڕۆژانە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هەنار دێتە باخەکان و دەڵێت: من لەگەڵ براکانم دێم، لە کاتژمێر ٦ی بەیانییەوە بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆ کار دەکەین.

 

لە ئێستادا کۆمپانیاکان لە ڕێگەی گروپەکانەوە کار دابین دەکەن بۆ گەنجان، سۆزە شەوکەت، ژمێریای کۆمپانیای هەناری سازان باس لەوە دەکات، هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٧ بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆ کار دەکەن و گروپەکان ژمارەیان ١٢ کەسە، وتیشی: بەشدری ژنان نیوە بە نیوەیە، ئەو کەسانەش بڕوانامەیان هەیە وەک سەرپەرشتیار دادەنرێن و ئەوانەی زۆر ماندوو ببن پارەیان زیاتر پی دەدرێت.