حکومەتی عێراق لە بودجەدا ژنانی پەراوێز خستووە

لە بودجەی پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٢٣دا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کەرتی ژنانیان پەراوێز خستووە و تەنها ڕێژەی ٪٣ی بۆ سێ ساڵی داهاتوو بۆ ژنان دانراوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئەگەر باس لە بودجە بکەین و لە بابەتی پارە و لایەنی ئابووری ورد بینەوە، هەمیشە کۆمەڵگە ژن و بودجە لەیەکدی دووردەخاتەوە و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی حکومەتیش، لە بودجەی کابینەی حکومەتدا، ژنان پەراوێز دەخات.

 

ئیراد مەنوچەهر، ڕۆژنامەنووس، کە لە سەرەتای دەنگۆی پەسەند کردنی بودجەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بودجە و ژن کرد، باس لەوە دەکات لە مانگی حوزەیراندا (١٥٣) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە بۆ سێ ساڵی ئایندە، بەڵام پرسیارە لێرەدا ئەوەیە، ئەم بودجەیە تا چەند توانیویەتی یەکسانی ڕەگەزی تیادا فەراهەم بکرێت؟

 

ئیراد مەنوچەهر، باسی لەوەکرد، ئەوەی تێبینی دەکرێت لە عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە کەرتی ئابووری کەرتێکی لاوازە و تاوەکو ئێستا تەنها ٪١٢ی ژنان لە هێزی کاردان، ئەم ڕێژە کەمە لە هێزی کاردا زۆر مەترسی لەسەرە، کە بە ئاسانی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە پێویستە لەسەر بودجە و لە عێراقدا ڕەچاوی یەکسانی بکرێت، بە مەبەستی فەراهەم کردنی ئابووری سەربەخۆ، چونکە پرسی باج و خەرجیەکان کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری وڵات هەیە و لەم نێوەندەشدا پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی ژنان بەگشتی بکرێت.

 

زۆرترین بودجەی عێراق بۆ کەرتی سەربازی دابین کراوە

ئیراد مەنوچەهر، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە، بۆی دەرکەوتووە، زۆرترین بودجەی عێراق بۆ کەرتی سەربازی دەڕوات، لە کاتێکدا لە دۆخی مەترسی جەنگدا نییە، ئەمەش لاوازی عێراق لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هەژاری خەڵکەکەی زیاد دەکات، هەروەها ستراتیژی بە گژاچوونەوەی توندوتیژی و بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەبوونی بودجە لەم ستراتیژیانەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان ڕۆڵیان نەبێت و پاشەکشە بکەن لەو دەستکەوتانەی بەدەستیان هێناوە.

 

ڕێژەی تەنها لە ٪٣ بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی دابین کراوە

ئیراد مەنوچەهر بە شێوەیەکی ورد بودجەی عێراقی شی کردووتەوە و وتی: ئەو ڕێژەیەی بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی دابین کراوە، ٪٣ی بودجەکەیە، کە ئەمە زۆر کەمە و بەشی پێداویستی خێزان و منداڵ ناکات، چونکە ژنانمان هەیە بێ هاوژینن و هەیە هەژارن، هەروەها ڕەچاوی دۆخی ژنان ناکرێت، لەکاتێکدا زۆربەی وڵاتان ٪٢٣ی بودجەکەی بۆ ژنان دادەنرێت، بەڵام لە بودجەی عێراقدا ڕێژەکەی دیاری نەکراوە.

 

ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە کەرتی پەروەردەدا لاوازە و لە ١٠٠ کچدا ١٠یان توانایان نییە لەدوای خوێندنی سەرەتایی بەردەوامی بە خوێندن بدەن، بەمەش ڕێژەی نەخوێندەواری زیاد دەکات و نەبوونی بودجە لەو بوارەدا، مەترسی لەسەر ژنانی گەنج دروستدەکات، کە لە چوار ژنی گەنجدا، یەکێکیان بچێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەدا، کەرتی فێربوونی ئەلیکترۆنی فەرامۆش کراوە و لەگەڵ ئەوەی جیهان بەرەو دیجیتال بوون دەڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بودجەدا ڕەچاوی پێداویستی کۆمەڵگەی نەکردووە، بەتایبەت بۆ ژنان.

 

بودجەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە حکومەتی عێراقەوە

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئیراد مەنوچەهر ئاماژەی بەوەدا، کە بودجە پەیوەستە بە عێراقەوە و ئەو کەلێنەی لە حکومەتی عێراقدا هەیە، بە هەمان شێوە لەسەر حکومەتی هەرێم لە سەرجەم کەرتەکانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دروستدەبێت، سەرجەم کەرتەکان کە پەیوەستە بە ژنانەوە لەمپەری بۆ دروست دەبێت و پێویستە لە سەرجەم کایەکان دووبارە بە هەوڵی ژنان ئەم پێگەیەی ئابووری ژنان بەهێز بکرێت، تاوەکو کۆمەڵگەیەکی یەک شیرازە دروست ببێت.