ڕێگایەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان لەناو وێرانەکاندا
وەفا زەبان بە کردنەوەی دوکانێک لە بازاڕی غەززە پشتگیری خێزانەکەی دەکات و لە کاتی شەڕ و دوای شەڕ دوکانەکەی دانەخست، چاوپۆشی لەو ئاڵەنگاری و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووانەی دەکرد کە ڕێگری لە کارکردنی ژنان دەکرد.

ڕەفیف ئیسلیم
غەززە-لە ئەنجامی ئەو هێرش و شەڕانەی کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە کەرتی غەززە ڕوویدا، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بێکار بوون، یەکێک لەو ژنانە ناوی (وێفا زەبان)ە کە دوکانێکی بچووکی لەسەر ڕێگای سەرەکی کردۆتەوە بۆ ئەوەی لە هەلومەرجی سەختدا بژێوی خێزانەکەی دابین بکات.
وەفا زەبان، دەرچووی زانکۆیە، هیچ کێشەیەک لە فرۆشتنی لەسەر شەقام و بازاڕەکاندا نابینێت، چونکە لە دوکانەکەیەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات.
بە پڕۆژەکەی پشتگیری خێزانەکەی دەکات
وەفا زەبان ڕوونیکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی سەر غەززە و داڕمانی ئابووری ناوچەکە هەوڵی پاڵپشتیکردنی خێزانەکەی دەدات و وتی: پێش ئەوەی شەڕ دەستپێبکات، فرۆشگەیەکی کەلوپەلی نووسینم کردبووەوە کە هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانە و کەلوپەلەکانی خوێندنی تێدا دەفرۆشرا، بە پەرتوکیسەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ناوچەکە، فرۆشگاکەشم وێران بوو، بە پاڵپشتی براکانم توانیم فرۆشگایەکی بچووک بکەمەوە، ڕێگایەک بۆ بژێوی خێزانەکەم ئەوەیە کە دەبێت هەموو ڕۆژێک لە گەڕەکی ئەلسینا بە پێ بڕۆم بۆ بازاڕی مەغرەبی لە ناوەڕاستی غەززە.
چاوپۆشی لە ئاستەنگەکان و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان دەکرد
وەفا زەبان سەرنجی بۆ ئەو ئاستەنگ و سەختییانە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی بووەوە و وتی: کۆچبەریی ئازار و سەختییەکانی منی خراپتر کرد، زۆرجار بەهۆی هێرشەکانەوە ناچار بووین ماڵەکانمان بەجێبهێڵین، کاتێک گەڕاینەوە ماڵەوە زۆربەی کەلوپەلەکانم دزرا، لە هەمانکاتدا بەهۆی گرانیی کەلوپەلەکانم، هاووڵاتیان ناتوانن پێداویستییەکانیان بکڕن، ئەمەش ئاستەنگی بۆ بازاڕ دروست دەکات، بەڵام من گوێم لە قسەکانیان نەگرت و بە خۆڕاگرییەوە بەردەوام بووم لە کارەکانم.