بەرهەمی خۆماڵی شەرمین خانم کارگەیەک لە ماڵەوە بۆ سەرجەم کوردستان

شەرمین نەوشیروان تۆڕی کۆمەڵایەتی کردووەتە سەکۆیەک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی بە هەرێمی کوردستاندا.

هەڵەبجە

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای ناهۆشیاری لە بەکارهێنانیان لەلایەن کۆمەڵگەوە، بەڵام ژنان کردوویانەتە سەکۆیەک تا لە ڕێگەیەوە کار و بەرهەمەکانیان بناسێنن و توانیویانە بازاڕ بۆ شتومەکەکانیان بکەنەوە. بە تایبەت ئەو ژنانەی لە دەرەوەی شارە گەورەکاندا دەژین، تۆڕی کۆمەڵایەتییان بەکارهێناوە بۆ گەورەکردنی کارەکانیان.

 

شەرمین نەوشیروان لە شارۆچکەی خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە دەژی، لە ماڵەکەی خۆیدا کارگەیەکی بچوکی کردووەتەوە و بە چەند ئامێرێکی بچوک چەندین بەروبوومی سروشتی و خۆماڵی بەرهەم دەهێنێت بۆ کڕیاران.

 

شەرمین نەوشیروان دەڵێت: سەرەتا  بە دروستکردنی مۆم دەستمپێکرد، بەڵام بارودۆخی هاوڵاتیان وابوو کە گرنگیان بە جوانکاری ناوماڵ نەدەدا، زیاتر پێویستیان بە بابەتی خواردن و بەکارهێنەر بوو، بۆیە دەستمکرد بە دروستکردن و کوڵاندنی شەکر.

 

ئیشەکەم تەنها بۆ کەسوکاری خۆم بوو

شەرمین نەوشیروان باس لەوە دەکات سەرەتا بۆ کەسوکار و ناسراوەکانی شەکری دروستدەکرد، پاش سی ساڵ لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی داوە بەرهەمەکانی بناسرێت، وتیشی: شەکرم بە چەندین تام دروستدەکرد و دەفرۆشت، شێوازی چکلێتی دیارترینیان بوو، هەر لە پرۆژەی بەرهەمی خۆماڵی شەرمین خانم چەندین بەرهەمی خۆماڵیم جێکردەوە، وەک ڕووب هەنار و دۆشاوی توو و ترێ و دروستکردنی ڕۆنی عەلی بابا و چەندین جۆر زەیت، کە سەرجەمیان سودێکی زۆریان هەیە و بەکارهێنەری باشیان هەیە، هەوڵیشم داوە سەرجەمیان بە تەواوی سروشتی بن.

 

"بە یەکجار تام کردن دووبارە بەرهەمەکەم دەکڕنەوە"

سەبارەت بە تایبەتمەندی بەرهەمەکەی شەرمین نەوشیروان وتی: تایبەتمەندی بەرهەمەکەی من ئەوەیە بە شێوازێکی پوخت و تایبەت دروستی دەکەم، کە شوێنی کارەکە دەبینی و بەرهەمەکانیش دەبینیت، باوەڕ ناکەیت لەم ژوورە بچوکەدا دروستکراون، بەڵکو لە کارگەیەکی گەورە دەچێت و سەرجەمیان بەرهەمێکی بەدەرن لە ماددەی پارێزەر.

 

بەرهەمەکانی بەرهەمی خۆماڵیی شەرمین خانم سەرجەمیان لە چیا و باخەکانی کوردستان وەرگیراون و لە پلانیدایە دەرفەت هەبێت کارەکانی بباتە دەرەوەی ماڵەکەی، تا هەلی کار بۆ  ژنانی دیکەش دابمەزرێنێت و کڕیارەکانیشی زیاد بکەن.