ئاڵا عەبدوڵا هیواخوازە ژنان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن

ئاڵا عەبدوڵا ژنێکی فرۆشیارە و دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیەیە، باس لە کارەکەی دەکات و پەیامی بۆ ژنان ئەوەیە، پشت بە کەس نەبەستن و کار بکەن تا لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- کار کردنی ژنان لە هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان ئێشتا پەسەند کراو نییە و ژنان بۆ ئەوەی ببنە خاوەنکاری خۆیان ڕووبەڕوی ئاڵنگاری خێزان و کۆمەڵگە دەبنەوە، لە هەندێک ناوچەی دیکەش بە تێکۆشانی ژنان کۆمەڵگە زیاتر کراوەتە و کار کردنی ژنان بووەتە بەشێکی ئاسایی لەلایان، ئاڵا عەبدوڵا، ژنێکی خاوەنکارە و دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیەیە، ئاڵا توانیویەتی بە هێز و باوەڕی خۆی ببێتە خاوەنی کاری خۆی و بژێوی ژیانی بە سەربەخۆیی دابین بکات.

 

ئاڵا عەبدوڵا لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت: وەک ژنێک لە شاری ڕانیە چوار ساڵە دەستم بەم ئیشە کردووە و فرۆشگام داناوە، فرۆشگاکەم تایبەتە بە قوماش و کوتاڵی ژنانە، لە هەمان کاتیشدا دروومان دەکەین و نزیکەی شانزە ساڵە وەک بەرگدروو کارمان کردووە.

 

ئاڵا باس لە کار کردنی ژنان دەکات لە شاری ڕانیە و پێی وایە، ڕانیە شارۆچکەیەکی کراوەیە و ژنان دەتوانن بە ئازادی کار بکەن، دەشڵێت: زیاتر ژنان کار دەکەن لێرە، هەر فرۆشگایەک دەبینی زیاتر ژنان تیایدا کار دەکەن، کارەکانمان خۆشدەوێت.

 

ئاڵا پەیامی بۆ ژنان هەیە، کە جیاوازی نییە دانیشتووی کام شار بێت، پێویستە ژنان کار بکەن، وتیشی: هیوادارم دەستبکەن بە کار و بازرگانی خۆیان دابنێن، پشت بە هیچ کەسێک نەبەستن، نە بە هیچ حزبێک و نە بە هیچ حکومەتێک، بگرە دەبێت خۆمان زیاتر لەسەر دەستی خۆمان بژین، هیوادارم خاوەنی کاری خۆمان بین و زیاتر بەرەوپێش بچین، ئێمەش لە کوردستان زیاتر ناوبانگمان هەبێت جێگە و پێگە و پەنجەی خۆمان دیار بێت.