"لەپێشینە خەرجکردنی پارەیە بۆ کڕینی خۆراک و چارەسەر"

بەهۆی کاریگەرییەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، جلوبەرگی ژنان لە شاری سەردەشت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هەڵبژاردنی جلوبەرگ ئازادتر بووە، بەڵام توانای کڕینی ژنان کەم بووەتەوە و باری ئابوورییان لاواز بووە.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- لە دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادی" ژنان چیتر جلوبەرگ بە خواستی ڕژێم لەبەر ناکەن و بە جلوبەرگی نوێوە لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون، زۆربەی ژنان بە پانتۆڵی کورت و مانتۆی کراوە و قژی بێ حیجابەوە لە شەقامن، لە شارۆچکە بچووکەکەی سەردەشتیش دۆخەکە بۆ ژنان ئارامە.

 

سیما یەکێکە لە ژنە گەنجەکانی شاری سەردەشت، کە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڕاپەڕین لەسەر ژیانی ژنانی ئەم شارە و کاریگەریی هەڵاوسانی توند و بەرزبوونەوەی نرخەکان وتی: "یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەم بزووتنەوەیە گۆڕانی شێوەی جلوبەرگ بووە کە ژنان لەبەری دەکەن، ژنان ئازادانەتر جلوبەرگەکانیان هەڵدەبژێرن و ئەمەش وایکردووە ژنانی شاری سەردەشت کەمتر مانتۆ و شاڵ بکڕن و لەبری ئەوە جلوبەرگ بە دیزاین و ڕەنگی جیاواز هەڵبژێرن، بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە لە جۆری جلوبەرگدا، توانای ژنان بۆ کڕینی جلوبەرگ کەمبووەتەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە، لەپێشینەی بازاڕکردن بۆ خواردن و چارەسەری پزیشکییە، کڕینی جلوبەرگیش لە لیستی لەپێشینەکانی خەڵکدا نییە، ئەم دۆخە ئابوری و کۆمەڵایەتیە بەتایبەت بۆ ژنان دەبێتە هۆی فشار، بەڵام لەبەرئەوەی بارودۆخی ئابووری بەرتەسکی بۆ کڕینی جلوبەرگ دروستکردووە، ژنان ناچارن خۆیان لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستا بگونجێنن و ئەو جلوبەرگانە بەکاربهێنن کە پێشتر هەیانبووە.

 

ژیلا، ژنێکی گەنجی دیکەی خەڵکی شاری سەردەشتە، سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری وتی: کاڵاکان زۆر گران بوون و بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە توانای کڕینم کەمی کردووە بۆ ئەوەی ئەو کاڵایانە بەدەست بهێنم کە پێویستم پێیانە، لە ڕاستیدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە فرۆشگایەک نرخی مانتۆیەکم پرسیار کرد، سێ ملیۆن تمەن بوو، لەم دۆخەدا ئەو نرخە زۆرە و ناتوانم بیکڕم، بەگشتی دەبێ بڵێم کە بارودۆخی ئابووری لە ئێستادا زۆر سەختە و توانای کڕینیش کەمی کردووە.

 

ئامینە کە خاوەنی دوکانێکی بەقاڵییە، سەبارەت بە دۆخی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەڵێت: هاوڵاتیان خەریکی کەمکردنەوەی کڕینی گۆشت و شوکولاتە و میوە و جلوبەرگ و هتد...ن، وەک فرۆشیارێک بۆم دەرکەوت کە فرۆش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمی کردووە، دیارە زۆر کەس توانای کڕینی خواردنیان نەماوە بەو نرخانەی پێشوو، جگە لەوەش زۆرێک لە کەرەستەی خۆراکی لەم فرۆشگایەدا لە شارەکانی دیکە و تەنانەت تارانیشەوە هاوردە دەکرێن، بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە کاریگەری زۆری لەسەر نرخی خۆراک هەیە، ئەم بابەتەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان.