ژنان داوا دەکەن لە فێستیڤاڵەکاندا کرێی کەپرەکان کەم بکرێتەوە

بەشداریکردنی ژنان لە فێستیڤاڵەکاندا بە بەرهەمە دەستییەکانیان، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو و هەوڵدەدەن لەو ڕێگەیەوە بتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن، بەڵام کرێی کەپرەکانیان بووەتە قورسی بۆ سەرشانی ژنان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئەمەی دەبینرێت، یەکێکە لەو فێستیڤاڵانەی کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، پۆل پۆل ژنانیش هەریەک بە دروستکردنی خواردن، ناوساجی و کەلانە، کاری دەستی و جوانکاری بە سەرجەم تەمەنەکانەوە بەشداری دەکەن، بەو ئومێدەی بتوانن لەو ڕێگەیەوە بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، بەڵام وەرگرتنی پارە و هەندێک جار گرانی کرێی جێگەکە بووەتە قورسی بۆ سەر شانی ژنانی بەشداربوو.

 

ڕەنگین مارف، لەگەڵ خوشکەزایەکی لە یەکێک لە کەپرەکانی ناو فێستیڤاڵی ڕۆژی گوندی گوڵپ، کە پێی خۆش نەبوو پیشان بدرێت، کارەکانی داناوە، ڕەنگین باسی لە کرێی جێگەکانی ناو فێستیڤاڵ کرد و وتی: ئێمە سەرجەممان دەرچووی دانەمەزراوین، من برازاکەی خۆشمم لەگەڵە، تاوەکو ئەمە ببێتە هاندەرێک بۆ کارکردن، لێرەین تا بەشێک لە کارەکانمان ساغ بکەینەوە، کارەکانی من بابەتی جوانکاری و ئێکسسواراتە، چونکە نەورۆز تێپەڕیوە بۆیە پێناچێت خواست لەسەر کارەکان هەبێت، بەڵام بۆ دوو کاتژمێر کەپرەکەم بە ٥٠ هەزار وەرگرتووە، بە دوو کەسیشەوە هاتووین، ئەمەش پارەیەکی زۆر لەسەرمان دەکەوێت، کە تەنها بۆ ناساندنی کارەکانمانە، ئەگەرنا فرۆشمان نیە.

 

لە کۆتایدا ڕەنگین مارف ئاماژەی بەوەدا، "خوازیارین خاوەن بیرۆکەی ئەم جۆرە چالاکییانە، چاوپۆشی بکەن و کرێی بەشداریکردن کەم بکەنەوە".

 

"لە سەرجەم فێستیڤاڵەکاندا بە خواردن فرۆشتن بەشدارم"

یاران ستار، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکانە و دەڵێت: ماوەی حەوت ساڵە چەند فێستیڤاڵ دەکرێت، بەشدار دەبم و بەرووبومەکانی خۆمان ساغ دەکەینەوە بە خواردن، کێک و شیرینی و کاری دەستی، لەو ماوەیەدا موشتەریەکانم بەدوامدا دەگەڕێن و ساغی دەکەینەوە، بە بڕوای من فێستیڤاڵە یەک ڕۆژەکان پێویستە پارەکەیان بۆ کەم بکرێتەوە و ئەو شتانەش کە بۆیان دابین دەکرێت وەک پێویست نییە، ئێمە ناڵێین پارەمان لێ وەرنەگرن، بەڵام خوازیارین کرێیەکەمان بۆ کەم بکەنەوە.

 

ژنان بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن، بەشێوەی گروپ دروستبوون و لە فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی خواست لەسەر فێستیڤاڵەکان زۆرە، داواکارن کە ئەو بڕە کرێیەی بۆ کەپرەکان لێیان وەردەگیرێت، کەم بکریتەوە، تاوەکو بتوانن سود و قازانجێکیان هەبێت.