گرانی نرخی کاڵاکان لە ئیدلب دۆخی هاوڵاتیانی خراپتر کردووە

هاوڵاتیانی ئیدلب بە گشتی و ژنان بەتایبەت ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کارەساتی بومەلەرزەیان بەسەرداهات، بەڵام گرانکردنی پێدایوستییەکان زیاتر ئازاری ئەوان دەدات.

هەديل عومەر

 

ئیدلب- نزیکەی دوو مانگ بەسەر کارەساتی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا تێپەڕیووە، ئەمەش وایکردووە نرخی کاڵا و خۆراکەکان لە بازاڕەکانی ئیدلب بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، کە هۆکارێکە بۆ قورسبوونی ژیانی زیانلێکەوتووان بەتایبەت ئەو ژنانەی ئاوارەن و ڕووبەڕووی کارەساتەکە بوونەتەوە، ڕێژەی بەرزبوونەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان لە نێوان ٪٢٠ بۆ ٤٠ زیادی کردووە.

 

ئەبا سەتوفی تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی حەیش لە باشووری ئیدلب و نیشتەجێی شاری سەرمەدە لە باکووری ئیدلب، بەهۆی بومەلەرزەکەوە ماڵەکەی لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان ژیانیان قورس بووە و تەنانەت ناتوانن هەندێک سەوزە و میوەش بکڕن.

 

"هاوڵاتیان توانایان نییە پێداویستییەکانی مانگی ڕەمەزان دابین بکەن"

سەلما بەکیری تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی گوندی حەلفایە لە باکووری حەمات ئاوارە بووە و لە شاری ئەلدانا لە باکووری ئیدلب نیشتەجێبووە، باسی لەوەکرد جوڵەی بازاڕەکان لاوازە، تەنانەت کە ئێستا مانگی ڕەمەزانە هاوڵاتیان خواستیان کەمتر بووەتەوە لە کڕینی خورما و شەربەت و ئەو پێداویستیانەی مانگی ڕەمەزان بەکاردەهێنران، لە کاتێکدا ساڵانی تر خواستی زۆر لەسەربوو.

 

"بازرگانەکان دۆخی خەڵکیان خراپتر کردووە"

ڕوئا عەبدوڵا، شارەزا لە بواری ئابووری، ڕوونیکردەوە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بوو کە قەیرانێکی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

هەروەها وتیشی: لەگەڵ ئەوەی ئەم دۆخە بەسەر خەڵکیدا هاتووە، نەبوونی هەلی کار و کارکردن بووەتە هۆکارێک بۆ نەبوونی و دروستبوونی قەیرانی ئابووری، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بوونی ئەو بازرگانانەیە کە دۆخی هاوڵاتیان و کارەساتەکان دەقۆزنەوە، چونکە ئەوانن نرخی کاڵاکان زیاد دەکەن.