هەڵاوسانی ئابووری ئێران هەژاری ژنان زیاتر دەکات

ژاڵە بە ئاماژەدان بە قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەڵێت: ناسەقامگیری سیاسەتە ئابوورییەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کۆمەڵگەدا و ژنانی کرێکار کاریگەریی گەورەیان لەسەرە.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- دیواندەرە یەکێکە لەو شارانەی سەر بە پارێزگای سنەیە و نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزاری لە بەرزە، هەڵاوسان و کەمی توانای کڕینی شتومەکیش لە دیواندەرە، بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی بەرپرسان و خراپ بەکارهێنانی کاروباری دیواندرەوەیە.

 

بە پێی دوایین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمارکردنی ٪٣.١ لە پێوەرەکانی هەڵاوسانی مانگانەدا پلەی یەکەمی گرتووە، هەروەها نەبوونی هەلی کار بۆ ژنان لە شاری دیواندەرە و شارۆچکە بچووکەکانی دراوسێ و قەیرانی ئابووری و زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان ژنان هەژارتر دەکات، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی دوو جار هەڵاواردنی کۆمەڵگە و یاساکانی پیاوسالاری دەبنەوە و بەربەستی زۆریان لەبەردەم دایە.

 

"تێچوونەکان لە شارەکانی تر گرانترە"

ژاڵە هاوڵاتییەکە و باسی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکات و دەڵێت: خێزانێکی چوار کەسین و لە دیواندەرە دەژین، براکەم خێزانێکی چوار کەسی هەیە و لە یەکێک لە شارەکانی دراوسێ دەژی، تێبینیمان کردووە، لە چەندین شاری دیکە کڕینی مانگانەمان هاوتایە، بەڵام لە دیواندەرە تێچووی هەمان بڕی پێداویستی بەرزترە، بە ئەستەم هاوژینەکەمم ڕازی کرد کە کارێک لە دەرەوە بدۆزمەوە، بەڵام لێرەدا جگە لە کاری فرۆشتنی کەم مووچە، هیچ شتێک نییە کە بتوانم بیکەم بۆ یارمەتیدانی خەرجییەکان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دیواندەرە شارێکی بچووکە و بە دڵنیاییەوە پێویستە تێچووی کەمتر بێت لە شوێنەکانی دیکە، بەڵام لەم شارەدا دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە، هیچ کارگە و وەرشەی نوێ لەم شارەدا دروست ناکرێت، هەموو جارێک، ڕووبەڕووی سەختی و خەرجییەکی زۆر دەبوومەوە بۆ کرێی دوکانەکەم و ئامێرە سەرەتاییەکان، چونکە هیچ ڕێکخراوێک یان بەرپرسێک پشتگیری یان یارمەتی نادات، لە دیواندەرە تەنها یەک بازاڕی بازرگانی هەیە و بە شەقامی سەرەکی شارەکە ناسراوە، لەم شەقامەدا خواست لەسەر بەکرێدانی دوکان زۆر زۆرە، ئەمەش وایکردووە کرێی دوکانەکان بەرز بێت و فرۆشیارەکانیش نرخی شتومەکەکانیان بەرز بکەنەوە.

 

ژاڵە ئاماژەی بەوەدا، بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان، جگە لە چاودێریکردنی بەردەوام و یەکلاکەرەوەی بازاڕ، بەشی باج دەتوانێت باجەکانیش لە هەندێک شوێنی شارەکە کەمبکاتەوە بۆ هەردوو خاوەن و فرۆشیار، بەم شێوەیە هەم کرێی خانووەکە کەم دەبێتەوە و هەم نرخی کاڵاکان کەم دەبێتەوە، ناسەقامگیری سیاسەتە ئابوورییەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کۆمەڵگەدا و ژنانی کرێکار کاریگەریی گەورەیان لەسەرە، بەوەی بە هەقدەستی کەم کاری سەرەکی و زۆر بکەن.