“تامی موسڵ” هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت

دوای کۆتایی هاتنی سەردەمی تاریکی داعش، زۆرێک لە ژنان دوای ئەوەی بژێوی ژیانیان لەدەستدا، بەرپرسیارێتی گرنگیدان بە ماڵ و منداڵەکانیان لە ئەستۆ گرت و توانیان لە هەموو بوارەکاندا خۆیان بسەلمێنن و هەموو سەختییەکان تێبپەڕێنن.

نور مەرسومی

 

عێراق- مەحیە یوسف بەڕێوبەری فرۆشگای تام و چێژی موسڵ، باسی لەوەکرد، کە بارودۆخی سەخت ئەو شتەیە کە ئیرادە دروست دەکات، وتیشی: دەبێت ژنان وەک شاخێکی بەهێز و چەقبەستوو بن کە ڕووبەڕووی هەموو ئەو زریانانە دەبێتەوە، کە تێیدا تێدەپەڕن و بە خۆڕاگرییەوە شکستیان پێبهێنێت.

 

مەحیە یوسف ناسراو بە ئوم عیماد، باسی لە دۆخی دوای ئازادکردنی شارەکە کرد، کە زۆرێک لە ژنان بژێوی ژیانیان لەدەستدا، بۆیە پێویست بوو پشت بەخۆیان ببەستن، بۆیە فرۆشگای تامی موسڵی کردەوە بۆ پشتگیریکردنی ژنان و یارمەتیدانیان لە تاقیکردنەوەکەیاندا، لە فرۆشگاکەدا بە دوو کرێکار دەستیپێکرد، و ئێستا زیاتر لە ٣٠ کرێکار لەخۆدەگرێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە فرۆشگاکەدا کار لەسەر ئامادەکردنی خواردنە کولتوورییەکانی وەک کوبەی موسڵاوی و ئاروقی موسڵاوی و داڵا و بریانی و چەندین خواردنی دیکە دەکرێت کە لەلایەن شار و ناوچەکانی دیکەوە قبوڵکراون.

 

ڕوونیشیکردەوە، بۆ دەستپێکردنی کارەکەیان پاڵپشتیان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) وەرگرتووە، بەمەبەستی پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ زۆرترین ژمارەی ژنان، کردنەوەی ئەو فرۆشگایە بە ستافێکی ژن ئەزموونێکی ناوازەیە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی کە ژنێک تایبەتە بە گەیاندنی داواکاری بۆ کڕیار.

 

مەحیە یوسف پەیامێکی بۆ هەموو ژنان نارد و تیایدا باسی لەوە کرد، کە بارودۆخی سەخت ئیرادە دروست دەکات، وتیشی: لە فرۆشگاکەدا ژنانی سەرجەم پێکهاتە عەرەبی و کوردی و تورکمانییەکان هەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان، سەرەڕای ئەو گرفتانەی کە لە سەرەتای کارەکەدا ڕووبەڕووی بووینەوە لەو کۆمەڵگەیەی کە کاری ژنانی ڕەتکردەوە، ئێمە توانیمان بە ئاواتەکەمان بگەین و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی کۆمەڵگا ببینەوە و بیسەلمێنین کە ژنان توخمێکی کاریگەرن و دەبێت کاردەکان بۆ سەلماندنی خۆی و بەدەستهێنانی خۆبژێویان بێت.

 

عەبیر ئیلیا جاسم، یەکێکە لە کرێکارەکانی ناو فرۆشگاەکە و خاوەنی سێ منداڵە، دەڵێت: سەرەتا خێزانەکەم دژی بیرۆکەی کارکردن و دەرچوونم لە ماڵ بوون، بەڵام دوای ئەوەی خێزانەکە زانیان کە فرۆشگاکە تەنها ستافی ژنیان هەبوو، هیچ ناڕەزایەتییەکیان نەبوو، کاتی دەوام لە فرۆشگاکە گونجاوە، بەو پێیەی دوو گروپی بەیانیان و ئێواران کاردەکەین، سەرەڕای فشاری کار و بەرپرسیارێتی ماڵ، هەست بە ئاسوودەیی تەواو دەکەم کە پشت بەخۆم ببەستم و بەرهەمی ماندووبوونم دەچنمەوە.

 

مکەرەم عەبدولرەحمان شۆفێری گەیاندنی داواکارییە، میکانیزمی کارکردن بە وەرگرتنی داواکاری لە فرۆشگا و دواتر گەیاندنی بە خێزانەکان بەڕێوەدەبات، وتی: سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی کە لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەوە بەرکەوتووم، گرنگیم پێنەدا و بە هێز و ئیرادەی بەهێزم ڕووبەڕووی هەموویان بوومەوە.