بێدەنگبوونی ژنانی کرێکار ڕێگاخۆشکەرە تا خاوەنکار مافەکانیان پێشێل بکات

ژنانی کرێکار لە شوێنی کار ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بە هۆکاری دابونەریت و ئەقڵیەتی دواکەوتووی کۆمەڵگەش ناتوانن لەسەر توندوتیژیەکان بێنەدەنگ، داکۆکیکارێکی مافی کرێکارانیش دەڵێت: دەبێت ژنان هۆشیار بن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- سەرەڕای ڕێگری کردن لە بەردەم ژناندا، بارودۆخی ئابووری و دژواری ژیان ژنانی ناچار بە کارکردن کردووە، کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و دەستکەوتنی ئابووری ژنان ڕووبەڕووی کاری قورس دەبنەوە.

 

لەیلا کەریم، ئەندامی سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی و سەرپەرشتیار بەشی ژنان، کرێکاران بە گشتی و ژنان بەتایبەتی لە بارودۆخێکی باشدا نین، ئەو ژنانەی کاری خۆیان هەیە، یاخود خۆیان سەرپەرشتیارن، دۆخیان باشترن لەو ژنانەی کرێکارن، چونکە لەسەر کارەکانیان ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەروونی و جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، بەڵام بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵگە و دروست نەبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی داوای مافەکانی خۆیان ناکەن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

 

مافی کرێکارانی ژن لە یاسادا لایەنێکی تەواوی هەیە و ڕاستەوخۆ پارێزگاری لێدەکرێت، بەپێی یاساکان لە کارکردندا دەبێت لە نێوان کرێکار و خاوەنکاردا گرێبەست هەبێت، کە ئەم گرێبەستە پارێزگاری لە مافی کرێکار دەکات لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر کێشەیەکدا، بەڵام زۆربەی خاوەنکارەکان ئەو یاسایە جێبەجێ ناکەن و کاری پێناکەن.

 

لەیلا کەریم ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لەسەر کار لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و هەندێک جار دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، دەشڵێت: هەندێک کەیس هاتووەتە لامان لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە قسەی نەشیاویان پێوتراوە، کە ئەو ژنە دەروونیەن پێی تێکچووە.

 

لەیلا کەریم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، دەبێت ژنانی خاوەنکار هۆشیار بن لە چۆنیەتی کارکردنیان و ئەو ئەرک و مافانەی هەیانە لەکاتی کارکردندا، دەربارەی کۆمپانیاکانیش خستیەڕوو، کۆمپانیاکان ئەو کرێکارانە هەڵدەبژێرن کە زانیارییان دەربارەی سەلامەتی کار نییە، بۆیە دواتر ئەو کرێکارانە ڕووبەڕووی کێشە و برینداری و هەندێکجاریش مردن دەبنەوە، مووچەکانیشیان کەمە، لە کاتێکدا بەپێی یاسای کار، هەر کارێکی ئاسایی کە کرێکار دەیکات لە (٣٥٠) هەزارەوە دەستپێدەکات، لەیلا کەریم دەشڵێت: زۆربەی ئەو ژنانەی کار دەکەن بڕوانامەی زانکۆیان هەیە، بەڵام مووچەکەیان کەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ داکۆکی نەکردنی مافەکانیان و نەبوونی گرێبەست و پێشێلکردنی مافەکانیان.

 

لەیلا کەریم، وەک داکۆکیکارێکی مافی کرێکاران ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژنانەی دەستدرێژی سێکسییان بەرامبەر دەکرێت، ناتوانن کێشەکانیان لای خێزانەکانیان یان ڕەگەزی بەرامبەر باس بکەن، بەڵام دەبێت هۆشیار بن و دەتوانن سەردانی سەندیکای کرێکاران بکەن بۆ سکاڵاکردن و داواکردنی مافەکانیان بەنهێنی، کە لە ڕێگەی دادگاوە جێبەجێ دەکرێت.

 

لەیلا کەریم لە کۆتایدا وتیشی: سەندیکای کرێکاران دەبێتە پارێزەری مافەکانی کرێکاران و بە ماڵی خۆیانی بزانن، ئێمە دەگەڕێین بەدوای ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی کرێکاران و ژنان دەبێتەوە لە هەر شوێن و پڕۆژەیەکدا بێت، حکومەت دەبێت چاودێری کۆمپانیاکان بکات و ڕێگە نەدا هەر کۆمپانیایەک بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی بێتە هەرێمی کوردستانەوە.