لەم وەرزەدا ژنانی سەردەشت ترێ ڕەشەکان کۆدەکەنەوە

وەرزی کۆکردنەوەی ترێی ڕەشە لە شاری سەردەشت و ژنان و پیاوان ڕۆژانە بە ماندووبوونێکی زۆرەوە کۆی دەکەنەوە، کە بۆ بەرهەمهێنانی شەربەت و شەراب بۆ شارە جیاجیاکانی ئێران هەناردە دەکرێن.

یارا ئەحمەدی

 

سەردەشت- وەرزی کۆکردنەوەی ترێی ڕەشە و ترێ ڕەشی سەردەشت لە ئێران و زۆربەی وڵاتان بە کوالیتییە بەرزەکەی بەناوبانگە، زۆربەی جووتیاران پێیان وایە تاکە بەرهەمێک کە گران نییە بۆ گەشەکردن و کۆکردنەوە، ترێیە. ئەو ترێیەی کۆدەکرێتەوە هەناردەی شارەکانی دیکەی ئێران دەکرێت بۆ ئامادەکردنی شەربەت و شەراب بەکاردەهێنرێت.

 

مریەم تەمەنی ٤٨ ساڵە و کرێکاری وەرزییە، دەڵێت: "هاوژینەکەم کۆڵبەرە و خۆشـمان کشتوکاڵمان هەیە، هەندێک ڕۆژ دەچمە سەر کار، چونکە خەرجی ژیان زۆر گرانە، لەگەڵ هاوژینەکەم کار دەکەم و ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار تمەنم دەستدەکەوێت، ئەمساڵ کۆکردنەوەی کشتوکاڵی خراپ نییە، ترێش لە ساڵی ڕابردوو زیاترە، ساڵی ڕابردوو زۆربەی باخچەکان وشک بوون، کاری کرێکاری کەمێک قورس و ماندووکردنە، بەڵام دەبێت زۆر کار بکەین بۆ ئەوەی ژیان بگۆڕین، زۆربەی کرێکارانی وەرزیش ژنن.

 

پەروین.ت تەمەنی ٥٣ ساڵە و جووتیارە، دەڵێت: ڕۆژانە کار دەکەین و دواتر ترێ دەهێنینە بازاڕ، بە زۆری سێ بۆ چوار ڕۆژ دەخایەنێت بۆ ئەوەی ترێیەکە تەواو دەبێت، دواتر دەیانخەینە ناو سندوقی دارەوە و ئێواران دەنێردرێت بۆ کۆمپانیا بۆ هەناردەکردن، ئەمساڵ بەرهەمەکانمان زیاتر بوون، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر ترێی زۆر زیاتر هەبوون.

 

محەممەد ب.، بەڕێوبەری کۆمپانیایەک کە جووتیاران ترێی بۆ دەکڕن بۆ فرۆشتن، دەڵێت: ترێی کۆمپانیایی سوورە و کوالیتی بەرز نییە، دەینێرین بۆ کارگەکان و ئەوانیش دەیکەن بە ساندوس و شەربەت، نرخەکەی ٧ هەزار تمەنە، ترێی بازاڕیش کە کوالیتی زۆر بەرزە و دەینێرین بۆ بازاڕ، بە ١٨ هەزار تمەن دەیفرۆشین.