ژنان بە پڕۆژەکانی شارەوانی پێشەنگایەتی گۆڕینی ئەقڵیەت دەکەن

بێریڤان حسێن، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەلی دێرک دەربارەی کارو پڕۆژەکانیان بۆ ژنان ڕایگەیاند، کە ئەوان لە ڕێگەی کارەکانیانەوە شەڕی عەقڵییەت دەکەن و ژنان لە چەندین پڕۆژەدا هەنگاوی زیاتر دەنێن.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- لە شاری دێرک لە کانتۆنی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشی ژنان لە شارەوانی گەل چەندین پڕۆژەی بە سوودی بۆ ژنان لە بەرەوپێش بردووە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەردەوام بن لە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا، پڕۆژەکان بریتیین لە چێشتخانەکان، ڕاهێنانی کۆمپیوتەر، شەتڵگەو چەندین پڕۆژەی دیکە.

 

بێریڤان حسێن، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەلی دێرک سەبارەت بە پڕۆژەکانی کە شارەوانییەکەیان ڕێکی خستووە، ڕایگەیاند، "شارەوانی گەل جێگای خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتییە، هەرچەندە ئێمە خزمەتگوزاری بۆ ئەم کۆمەڵگەیە دابین دەکەین، بەڵام ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتیمان ئەوەبوو، دەمانویست ژنان بەتایبەتی لەم پڕۆژانەدا کاربکەن بۆ ئەوەی پێویستیان بەکەس نەبێت و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هەموومان دەزانین کە پێشتر شارەوانی بە دەست و مێشکی پیاوانەوە بەڕێوەدەچوو و هیچ ئەرکێکی بۆ ژنان بەرەوپێش نەبردووە، ئێمە ئەمڕۆ لە ڕێگەی کارەکانمانەوە شەڕی ئەو عەقڵیەتە دەکەین. بۆ ئەوەی بتوانین ژنان لەدەست عەقڵییەتی پیاوان ڕزگاربکەین، ئێستا دەبینین لە چەندین پڕۆژەدا ژنان لە پیاوان هەنگاوی زیاتر دەنێن و دەتوانن لە هەموو کارێکدا کەسایەتی و بوون و هێزی خۆیان بدۆزنەوە، پڕۆژەکانی ژنان لە شارەوانی دێرک نمونەی ژیانی سەختی ژنانن.

 

لە چێشتخانەوە تا پەروەردەی کۆمپیوتەر

بێریڤان حسێن، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە چوار پڕۆژەی سەرەکییان هەیە وەک شارەوانیی دێرک، تیشکی خستە سەر ئەو پڕۆژانەی کە بۆ ژنان پیشیان خستووە و وتی: پڕۆژەیەک ناوەندی "ئادا" بوو بۆ تەکنیکەکانی فێربوون و کۆمپیوتەر، ئەم ناوەندە پێشتر زیاتر خزمەتی بە گەنجان کردووە، کە لە تەمەنێکی بچووکدا فێربن و بە شێوەیەکی ئاسوودە بەشداری لە کارەکەدا بکەن، مامۆستاکانیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە شارەوانییەوە هەیە و چاودێری ڕەوشی خوێندکاران دەکەن و پێداویستییان بۆ دابین دەکەن، پڕۆژەی ترمان چیشتخانەی چارچێلایە کە دایکان بە تایبەتی کار دەکەن، خواردنی کولتووری لەم چێشتخانەیەدا دروستدەکرێت.

 

پڕۆژەی شارەوانی بۆ منداڵان

بێریڤان حسێن تیشکی خستەسەر ئەو پڕۆژانەی کە بۆ منداڵان پێشخراون و وتی: پڕۆژەی باخچەی منداڵان بە ناوی "گوڵی ڕۆژئاوا" هەم بۆ منداڵان زۆر باشە و هەم بۆ ژنان بەسوودە، چونکە دەرفەتی کارکردنمان بۆ ژمارەیەک لە ژنان ڕەخساندووە، ئامانجی سەرەکیمان لەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە ئەو دایکانەی کاردەکەن بتوانن بە ئاسوودەیی کارەکانیان ئەنجام بدەن و شوێنێک هەبێت تا ئاگاداری منداڵەکانیان بێت، ئێمە ئێستا لە ناوەندی باخچەی ساوایانی منداڵان پێشوازی لە ٣٠ منداڵ دەکەین لە تەمەنی چوار مانگەوە بۆ چوار ساڵ، پرۆژەی ترمان قۆناغی پێش قوتابخانە بە ناوی "هیوای منداڵان"ە کە منداڵ لە تەمەنی سێ ساڵییەوە هەتا قوتابخانە دەگرێتەوە، لەم پڕۆژەیەدا چوار مامۆستاو دوو بەڕێوەبەر هەن و بە دوو شێواز کار دەکرێت، واتە هەندێک دایک هەن کە کارەکەیان پاشنیوەڕوانە ئێمە ئەم پڕۆژەیەمان پەرەپێداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بۆ دایکانی فەرمانبەران کە کارەکەیان درێژە، لەلایەکی ترەوە ئەو منداڵانەی کە دەچنە قوتابخانە ئێواران پێشوازییان لێدەکەین و ڕاهێنانیان پێدەدرێت وەک یاری و دانوستان و ئەخلاق و چیرۆک، ئەم پڕۆژەیە بۆ منداڵان گرنگیەکی زۆری هەیە چونکە منداڵان دەیان ساڵە لە شەڕدا دەژین و تا کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە، ئێمە بیردەکەینەوە کە لە گوندەکانیش ئەو پڕۆژانە پەرە پێبدەین چونکە گوندەکان لە شار دوورن و زۆر منداڵ لەمە بێبەشن، ئێستا لە ئامادەکاری ئەوەداین.

 

پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە

بێریڤان حسێن باسی لەپڕۆژەکانی خۆی کرد بۆ پاراستنی ژینگە و وتی: بۆ پاراستنی ژینگە بۆ ئەوەی بتوانین ڕەنگی شارستانییەتی بدەینە شارەکەمان پرۆژەمان داناوە بۆ چاندنی نەمام و ئەم پلانەش بە کۆمەڵ جێبەجێ دەکرێت، لەلایەکی ترەوە لە هەوڵداین هەفتەی دوو جار شارەکە پاک بکەینەوە و وەک بەڕێوەبەرایەتی و ئەندامانی شارەوانی بچینە شەقامەکان و ئەم ئەرکە بگرینە ئەستۆ، ئەم پڕۆژانە هەمووی بە پێشەنگایەتی و بیروبۆچوونی ژنان جێبەجێ دەکرێن، هەموو مانگێک هەموو ژنانی شارەوانی پێکەوە کۆدەبنەوە و کاری خۆیان هاوبەش دەکەن، بۆیە دەتوانین ڕەنگ و ئەرکی ژنان لە شارەوانیی دێرک بە ئاستێکی بەرز پیشان بدەین.

 

پلانسازی ژنان بۆ ٨ی ئادار

بێریڤان حسێن، پلانی خۆی بۆ ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە ٨ی ئاداردا ڕاگەیاند وتی: پێش هەموو شتێک پیرۆزبایی لە هەموو ژنان دەکەین لە ٨ی ئاداردا و هیوای هەنگاوی سەرکەوتووتر بۆ ژنان دەخوازین، وەک ڕاگەیەندراوە، کە بۆ ٨ی ئاداری ئەمساڵ هیچ چالاکییەکی ئاهەنگگێڕان ئەنجامنادرێت، سەرەخۆشی لە کەسوکاری زیانلێکەتووانی بوومەلەرزەکە دەکەین، ژنان لە شارەوانیی دێرک بە شێوەیەکی جیاواز پیرۆزی دەکەن، سەردانی دایکانی بەتەمەن و پێشەنگەکانمان دەکەین و نەمامێک لەبەردەم مالەکانیاندا دەچێنین و دەیکەینە دیاری، هەروەها سیمینار لەسەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی سازدەکرێت بۆ ڕێگریکردن لەو کەموکوڕیانەی کە سەرهەڵدەدات بەو هیوایەی کە ئەرکی شۆڕشەکەمان بەجێ بهێنین، بە ڕۆحی "ژن ژیان ئازادی" ٨ی ئادار لەهەموو ژنان پیرۆز دەکەم.