هاوڵاتیان گلەیی لە بەرزی نرخ دەکەن و ژنانی فرۆشیار هۆکارەکان دەخەنەڕوو

قەیرانی ئابوری و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستی ژیانی هاوڵاتیانی قورسکردووە و گلەیی لە گرانی پیداویستییەکان دەکەن، ژنانی فرۆشیاریش دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخەکان گرێدراوە بە بەرزبوونەوەی دۆلار و ئەوانیش حەز بەو دۆخە ناکەن.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵ و خێزان لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیاد دەکات و بۆ ئەو مەبەستە ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی موچە و قەیرانی ئابوری و بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، نرخی کاڵاکان بەرزبوونەتەوە و هاوڵاتیان گلەیی لە گرانی پێداویستییەکان دەکەن.

 

لە شارۆچکەی سەیدسادق بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە هاوڵاتیان ڕوویان لە بازاڕەکان کردووە و گلەیی بەرزی نرخیان هەیە، وەک ئاژانسی نوژنها چووینە لای فرۆشیاران تا ڕوونکردنەوە و قسەی خۆیان لەبارەی گرانی کاڵاکانەوە بخەنەڕوو.

 

"هاوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە باری مادییان باش نییە"

ڕۆژین کەریم، فرۆشیارێکی جلوبەرگی منداڵانە، لەبارەی گرانبوونی نرخی کاڵا و گلەیی هاوڵاتیانەوە دەڵێت: بۆ ئێمە وا باشترە هەرزانتر کاڵاکانمان بفرۆشین تا ئەوەی گران بیانفرۆشین، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخ تەنها جلوبەرگ نییە، بەڵکو هەموو کاڵایەک بەو جۆرەیە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

 

ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەشدا، خۆیان هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە باری ماددیان باش نییە، لە پاڵ کاڵای گراندا، کاڵای هەرزان بە کوالێتی کەم دەهێنن تا هەمووان توانای بەدەستهێنانیان هەبێت.

میدیا ساڵح، فرۆشیارێکی دیکەی جلوبەرگی ژنان و منداڵانە، باسی لەوەکرد سەیدسادق بەراورد بە هەر شارێکی تر نرخی کاڵاکانی گونجاوترە، وتیشی: کڕیار هەمیشە گلەیی هەیە و لە کاتی ئاسایشدا داوای کەمتر کردنەوەی نرخی کاڵاکان دەکات، بەڵام ئەوە زەرەر لە ئێمەی فرۆشیار دەدات.

 

ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی ئابوریدا تێدەپەڕێت، لە ماوەی ڕابردووشدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی و دانانی گومرک کاریگەریەکی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان کردووە و بووەتە هۆی نیگەرانی و گلەیی هاوڵاتیان.