ژنانی خاوەنکار بژێوی خۆیان دابیندەکەن و هەلی کار بۆ ژنانی دیکەش دەڕەخسێنن

ژنان بە بەرجەستەکردنی بەهرەکانیان و خستنەگەڕی هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی بژێوییان، هەم دەبنە خاوەن کاری خۆیان و هەمیش هەلی کار بۆ ژنانی دیکەش دەڕەخسێنن و لەو رێگەیەوە ئابووریی سەربەخۆی خۆیان بنیاد دەنێن.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە شاری هەولێر، چەندین ژن هەن کە هەم خۆیان بوونەتە خاوەنکار و هەمیش هەلی کاریان بۆ چەندین ژنی دیکە رەخساندووە، پیشەکانیشیان کردووەتە هەل بۆ بەرجەستەکردنی دەستڕەنگینیی و بەهرەکانیان .

 

پەرژین تاهیر، یەکێکە لەو ژنانە و لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە کارگەیەکی نانی تیریی لە شارۆچکەی کۆیە دامەزراندووە، لە کارگەکەشیدا هەلی کاری بۆ ١٥ ژن رەخساندووە، کە بەشێک لە ژنەکان بژێوی خانەوادەکانیان لە ئەستۆیە

 

پەرژین دەڵێت: من خۆم سەرەتا وەک کارمەند لێرە کارم کردووە، ئەوکات ژمارەمان کەم بوو، سێ بۆ چوار ژن بووین، دواتر لە ٢٠١٥ ئەم دوکانەم هەڵگرتەوە، وردە وردە پەرەم پێدا، تا کردمە کارگەیەک، ئێستا ١٥ ژن لە کارگەکەمدا کار دەکەن.

 

کارگەکەی پەرژین بە درێژایی رۆژ کاردەکات و بە دوو نۆبە ژنەکان لە کارگەکەیدا کاردەکەن، بەشێکیان بەیانیان تا نیوەڕۆ و بەشەکەی دیکەیان نیوەڕۆ تا ئێوارە، ئەو دەڵێت، هەندێک جار کارگەکەی هێندە فرۆشی زۆر بووە، ژمارەی کارمەندە ژنەکانی گەیشتوونەتە ٢٧ ژن

 

بژێوی خێزانەکان لە کارگەکەوە دابین دەکەن

بەوتەی پەرژین، هەندێک لەو ژنانەی لە کارگەکەیدا کاردەکەن، دەرچوو زانکۆ یاخود پەیمانگان، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندنیانەوە لە کارگەکەی ئەو کاردەکەن.

 

تەمەنی کارگەکەی پەرژین گەیشتووەتە شەش ساڵ، وەک خۆی باسی لێوە دەکات، بژێویی خێزانەکەی لەو کارگەیەوە دابین دەکات و خەرجی منداڵەکانی و کرێی خانووەکەشی پێ دابین دەکات، ئەو دەڵێت: سەربەرزم بە کارەم، کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت.

 

بەهار ئەحمەد لە کارگەکەی پەرژین کارمەندە و لە سەرەتای دامەزراندنی کارگەکەوە لەوێ کاردەکات، دەڵێت: لە شەممەوە تاکو پێنج شەممە کاردەکەین، ڕۆژی هەینیمان پشووە، زۆر ئاسوودەم بەو کارەی لەگەڵ ئەو ژنە بەڕێزانە و خاوەنکارەکەم دەیکەم، هیوادارم ئەم جۆرە کارانە پەرەی پێبدرێت، چونکە هەموو پێداویستیەکانی ژیان بەو کارە دابیندەکەین.

 

دوور لەو بەشەی خوێندوویەتی تامان کارێکی جیاواز دەکات

چیرۆکێکی دیکەی سەرکەوتنی ژنانی خاوەنکار لە کۆیە، تامان عەلییە، کە خاوەن کاری تایبەت بەخۆیەتی و دوورە لەو بوارەی خوێندوویەتی.

 

تامان بەشی پەرستاریی  خوێندووە، بەڵام ئێستا خاوەن دوکانی شیرینییە و پێیوایە، دەبێت هەموو کەسێک ئەو کارە بکات کە تێیدا سەرکەوتووە، نەک ئەوکارەی کە زۆرترین داهاتی هەیە.

 

تامان عەلی چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: "حەوت ساڵ پێش ئێستا، بەهۆی ئەوەی لە بوارەکەی خۆم هەلی کارم بۆ نەڕەخسا و خۆشم حەزوو خولیام هەبوو بۆ کاری دروستکردنی شیرنەمەنی، دەستم کرد بەم کارە، سەرەتا لە ماڵەوە شتەکانم دروست دەکرد، دوای شەش بۆ حەوت مانگ خواستی زۆر لەسەر  کارەکانم هەبوو، بۆیە بڕیارمدا دوکانێک دابنێم".

 

تامان لە سەرەتای دروستکردنی دوکانەکەیدا تەنها پاقلاوە و کێکی بۆ بۆنەوە ئاهانگەکان دروستکردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: لەبەر زۆریی خواست لەسەر بەرهەمەکانیان، دوکانەکەیان گەورەکردووە، هەوڵم دەدا بەرهەمەکانم بەشێوەیەکی تەندروست و بە کەرەستەی کوالێتی بەرز دروستبکەم، ئەوەش وایکرد متمانەی خەڵک بەدەست بهێنم و کڕیاری باشم هەبێت.

 

ئەو ژنە خاوەنکارە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە کارەکەی لەڕووی ماددییەوە هاوکاری بووە بۆ پەیداکردنی بژێویی خۆی و دەڵێت: ژنان دەبێت خۆیان هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییی ئابوورییان و خۆیان پێبگەیەنن لەو بوارانەی کە خولیایان تێدا هەیە، بۆیە دەبێت ئەو کارە بکەین کە تێیدا سەرکەوتووین، نەک ئەوکارەی کە زۆرترین داهاتی تێدا بەدەستدەهێنین.