بارودۆخی ئابووری ژنانی فرۆشیار لە بازاڕچەی سەردەشت

ژنان ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگیان هەیە لە گەشەپێدانی ئابووری خێزانەکان و باشترکردنی بژێوی ژیان و بەهێزکردنی گەشەپێدانی بەردەوامی کۆمەڵگە.

لانە محەمەدی

 

سەردەشت- ژنان بە بەشداریکردن لە کاروباری جۆراوجۆردا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زیادکردنی داهاتی خێزانەکان، لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی دەستیەوە تا بەڕێوەبردنی فرۆشگاکانی تاکەکەسی، ئەم هاوبەشییە یارمەتی خێزانەکان دەدات لە هەبوونی یەک سەرچاوەی داهات دوور بکەونەوە.

 

بوارەکانی چالاکیی ژنان لە ئابووریدا

ژنانی سەردەشت زۆرجار لە بەرھەمھێنانی کاری دەستی وەکو گلێم و فەرش چنین چالاکن، ئەم بەرهەمانە هەم بۆ بازاڕی ناوخۆیی و هەم بۆ هەناردەکردن بۆ ناوچەکانی دیکە دەنێردرێت، بەشێک لە ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کارەکانیان فراوانتر کردووە، لە هەندێک کۆمەڵگەی ناوخۆییدا ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە وەک سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە گەورەکان و نەبوونی پشتیوانی خێزان، زۆرێک لە ژنان لە دەستەبەرکردنی سەرمایەی سەرەتایی یان وەرگرتنی قەرز بۆ فراوانکردنی کارەکانیان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، هەڵکەوتنی شاری سەردەشت لەسەر سنوور ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی کاڵای هەرزان دەکات و هەڕەشە لە بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکات.

 

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چەقبەستوویی بازاڕ و بارودۆخی ئابوری شاری سەردەشت، لەگەڵ بەشێک لە فرۆشیارانی بازاڕی گۆڵزار و بازاڕی مەرزی قسەمان کرد.

 

ڕووناک مەحمودی، فرۆشیاری جلوبەرگی ژنانە و وتی: تەمەنم ٣٨ ساڵە و سەرپەرشتیاری دوو منداڵم و جیا لە دایک و باوکم دەژیم. بەڵام هەندێک جار لە کارەکانی ماڵەوە و خەرجییەکانی ژیانیشدا یارمەتیان دەدەم، مانگانە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تمەن بە کرێ دەدەم، بەڵام بازاڕ بەهیچ شێوەیەک بووژانەوەی نییە، توانای کڕینی خەڵک کەمە، لە شاری سەردەشتیش زۆرینەی گەنجان کۆچیان کردووە و کۆچکردنەکان کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر بازاڕ هەبووە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: پێشتر فرۆشتنی باشمان هەبوو لانیکەم لە وەرزی دیاریکراودا، وەک جەژن یان پاییز کە خوێندنگەکان دەکرانەوە، بەڵام ئێستا خەڵک زیاتر بەدوای کاڵای هەرزان یان دەستی دوودا دەگەڕێن، تەنانەت زۆر کەس تەنها دێن بۆ بینین و نایکڕن، دۆخی ئابوری گەل زۆر خراپە، هەروەها کاڵاکان گران بوون، ماددە بیانییەکان بەتایبەتی لە عێراق و تورکایەوە، بازاڕی ئێمەی تێکداوە، ناتوانین ڕکابەری نرخەکانیان بکەین.

 

سەحەر سەعیدی، فرۆشیار بەرهەمی کاری دەستییە، سەبارەت بە دۆخی بازاڕ وتی: کارە دەستییەکانمان هەم بە گەشتیاران و هەم بە خەڵکی ناوچەکە دەفرۆشت، بەڵام ئێستا گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە توانای کڕینیان نییە، خەڵک زیاتر سەرنجیان لەسەر دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیانە و ئیتر کاری دەستی لە پێشینەی کارەکانیان نییە.

 

سەبارەت بە بازاڕی ئۆنلاین و هەناردەکردن وتی: هەناردەکردن پێویستی بە ناوەند یان سەرمایە هەیە، فراوانکردنی کارەکەم پێویستی بە پاڵپشتی حکومەت هەیە، بەڵام حکومەت پاڵپشتی بازرگانی ژنان ناکات. پێشتر بازاڕی ئۆنلاین باش بوو، بەڵام بە فلتەرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام کڕیارەکان کەمی کردووە، هەروەها بەهۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، توانای کڕینی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ێویستە بازاڕمان بۆ دروست بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمەکانمان بەبێ نێوەندگیری بفرۆشین، وەک پێشانگای ناوخۆیی یان تەنانەت ڕاستەوخۆ هەناردە بکەین، هەروەها ئەگەر گەشتیاری لە سەردەشت گەشە بکات، جارێکی دیکە دەتوانین داهات لە گەشتیاران وەربگرین.

 

سانا قادری تەمەن ٢٩ ساڵ، خاوەنی کۆشکێکی بۆن لە بازاڕچە، وتی: لەگەڵ دایکم و براکەمدا دەژیم، لەگەڵ دایکم پێکەوە سەرۆکی خێزانەکەین، لە چەند مانگی ڕابردوودا داهاتێکی باشم نەبووە و هیچ کڕیارێکم بۆ دوکانەکە نییە، پێشتر دۆخی ئابووری بازاڕ باشتر بوو، کرێی دوکانەکە ٥٠٠ هەزار تمەنە، بەڵام بە داهاتی کەم ناتوانین کرێی زۆر بدەین، کاڵاکان لە تاران و بانە و هەولێر دەکڕم و هەر جارێک کە دەیکڕم نرخەکان گرانتر دەبن.

 

بوونی ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکانی شاری سەردەشت نەک تەنیا بۆ بنەماڵەکانی ئەم ناوچەیە بەڵکو بۆ گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەش زۆر گرنگە، سەردەشت وەک شارێکی سنووری خاوەن تایبەتمەندی ناوازە، دەرفەت و تەحەدای تایبەتی بۆ بەشداری ئابووری ژنان هەیە.

 

بە پاڵپشتی پێویست، ژنان دەتوانن ببنە پایەی سەرەکی ئابووری ناوچەکە و جگە لە باشترکردنی گوزەرانی بنەماڵەکانیان، ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەسەندنی ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی شاری سەردەشتدا بگێڕن.

https://youtu.be/VI-WiiBP078?si=ET0xj8pKyhtb5YvP