بە ڕەچەڵەک کۆسۆڤۆییە ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە و دانیشتووی هەڵەبجەیە
ژنێکی بە ڕەچەڵەک کۆسۆڤۆیی ماوەی شەش مانگە هاتووەتە هەڵەبجە و دوکانێکی کردووەتەوە تا بژێوی ژیانی دابین بکات.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شاری هەڵەبجەدا دوکانێکی بچوک و تەنگەبەر و ژنێکی لێو بەخەندە و دڵ فراوان دانیشتووە، بەڕوویەکی خۆش و زمانێکی کوردی ناتەواوەوە بەخێرهاتن دەکات، ئەو ژنەش جەمیلە عبد کلمەندییە، کە بە ڕەچەڵەک کۆسۆڤۆییە و لە شاری هەڵەبجە دادەنیشێت.
لە کۆسۆڤۆ لە دایکبووە و لە هەڵەبجە گیرساوەتەوە
جەمیلە عبد کلمەندی، خاوەنی کەمالیاتی بەریتانی، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها وتی: "من خەڵکی ئەوروپام، لە ساڵی ۲۰۰۲ لەگەڵ کوردێک هاوسەرگیریم کردووە، ماوەی شەش مانگە هاتوومەتە هەڵەبجە و حەزم کرد لێرە ئیش بکەم، زۆر خۆشحاڵم کە توانیم کار بکەم.
جەمیلە باس لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت ماوەی شەش مانگە لێرەیە و خەڵکی باش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن: "هەرچەندە ماوەی بیست ساڵە هاوسەرگیریم کردووە، بەڵام ئێستا هاوژینەکەم لە بەریتانیایە و خۆم لە هەڵەبجەم".
سەبارەت بەو پێداویستییانەی لە دوکانەکەیدا هەیە، ئەم ژنە ڕەنجکێشە وتى: هەموو شتەکان ئەسڵینوو پێداویستی منداڵان و گەنجان و ژنان و پیاوان دەفرۆشم.
جەمیلە خۆی بەبێگانە نازانێت و دەڵێت من لە کوردستانم و کەسوکاری هاوژینەکەم هاتوچۆم دەکەن، هەروەها زمانی کوردی بەتەواوی فێر نەبووە و ڕۆژانە بەو ڕادەیەی کە دەیزانێت مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکانیدا دەکات.
ت.پ