زەوییەکانی برنج بە سیمایەکی ئەندازیاری لە وڵاتی چین

نەتەوەی هانی بە سیمایەکی ئەندازیارییەوە دیمەنێکی تایبەتیان بە کێڵگەکانی برنج بەخشیووە، لەگەڵ کەمبوونەوەی سامانی سروشتی لە جیهاندا نەتەوەی هانی دەتوانن وانەیەک نیشانی جیهان بدەن لەبەڕێوەبردنی زەوی و چۆنیەتی پێکەوە ژیان لەگەڵ ژینگە.

 

بێریڤان کەمال

هانی، گروپێکی ئیتنیکی لۆلۆ-زمانن لە باشوری چین و باکوری لاوس و ڤێتنامدا هەن. ئەوان یەکێک لە ٥٥ نەتەوەیی بە ڕەسمی ناسراوی کۆماری گەلی چینن و یەکێکن لەو ٥٤ گروپە ئیتنیکییە بە ڕەسمییە ناسراوەکانی ڤێتنام لە لاوس.

 

لە بەشی سەرەوەی چیاکانەوە لە باشوری ڕۆژئاوای چین زەوییەکان بۆ چاندنی برنج ئامادەکراوە، زنجیرەی پلیکانەکانی برنجی هۆنگهی هانی، ڕووبەرەکەی زیاتر لە ١٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە پێکدێت بۆ دروستکردنی یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی سەر زەوی.

 

زۆرجار دەوترێت کە دیوارە مەزنەکەی چین تاکە دروستکراوی مرۆڤە لە بۆشاییەوە دیارە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، زنجیرەی زەوییە شێوە پلیکانە تەختەکانی برنجی هۆنگهی هانی لە بۆشاییەکی کەم دوورییەوە دیارن.

 

نەتەوەی هانی زەوییەکانیان بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان بەکارهێناوە

خەڵکی نەتەوەی هانی یەکێکن لەو ٥٥ نەژادییە کەمینەیەی کە بە فەرمی ناسراوی چینە، لە ڕێگەی پرۆژەی ئەندازیاریی گەورە و فرە نەوە'ییەوە برنجیان لە شێوەی پلیکانەی تەخت لە نزم بۆ بەرز دروست کردووە، ژینگەی ناوخۆییان بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کۆمەڵگاکەیان بەکارهێناوە.

 

لە سەردەمی کۆنەوە خەڵکی هانی خەندەق و کەناڵیان دروستکردووە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی ئاوی بەهار لە چیا و دارستانەکان لابەرن بۆ ئاودانی کێڵگەکانیان، قەبارەی ئەو خەندەقانەی پێویستن زۆر گەورەیە، پێویستی بە هێزی مرۆیی و سامانی ماددی زۆر هەیە، کە تاک یان گوندەکان ناتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەدەستیبهێنن.

 

لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و گریمانەکانەوە بۆ هەزارەها جار توانییویانە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن، برنجەکان نموونەیەکی ئیلهامبەخشن بۆ هەموو کۆمەڵگایەک کە بە هەماهەنگی لەگەڵ سروشت کاربکەن.

 

باران و شێ لە تەمی چڕی شاخەکان لە ناوچە دارستانییەکان کۆدەکرێنەوە کە پاش بارینی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکاتەوە، لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە ئاوی بەهار بۆ ئاودانی پلیکانەکان بەکاردەهێندرێت، پاشان ئاوی ناو حەوزەکان دەبێتە هەڵم بۆ دروستکردنی هەور و هەورەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی باران ببارێنێت بەسەر دارستانە بەرزەکاندا، ئەم سووڕی هایدرۆلۆجینییە بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە.

گەلی هانی لەگەڵ سروشت ژیاون

گەلی هانی هەمیشە بەهەماهەنگی لەگەڵ سروشتدا ژیاون، کەشێکی زیندوو لەگەڵ دارستانەکان لەبەشی سەرەوە پێکدەهێنن، ئەم ستراتیژی چاندنی برنجە لەلایەن هانی'ەوە سودی بەردەوام پێشکەش دەکات نەک تەنیا لەچاندنی برنجدا، بەڵکو لەهەموو شتێکدا وەک سەوزە و بەرهەمی میوە، تا بەخێوکردنی مراوی و ماسی و کۆکردنەوەی گیا کە بەکاردەهێندرێت لە دروستکردنی دەرمانە نەریتییەکاندا.

 

ئاو بەناو سیستمە ئەندازیارییەکاندا دەڕوات، لە مانگەکانی زستاندا کە وەرزی گەشەکردنی برنج نیە، هێشتا پلیکانەکانی هانی وەک شوێنێک بۆ تیادا ژیانی ماسی و بۆق، لوولپێچ بەکاردەهێندرێن کە هانییەکان دەتوانن بیخۆن، هەروەها دەبێتە ڕەنگدانەوە بۆ ئاسمان.

 

مێژووی دێرینی نەتەوەی هانی

باوەڕ وایە هانیەکان لە دەوروبەری سەدەی سێهەمدا گەیشتونەتە چیاکانی ئەیلاو، نزیک لە سنووری مۆدێرنی یۆنان لەگەڵ ڤێتنام، لە سەدەی سێهەمدا بەرەو باشوور کۆچیان کردووە، ئەوان زۆر سەرسام بوون بەو شتانەی کە تیایدا دۆزیویانەتەوە، وەک: زەوی بەپیت، کەش و هەوای گونجاو و باران، ئەمەش دەبێتە هۆی بڕیاردانیان کە ڕەگ و ڕیشەیان لە ناوچەکەدا دابمەزرێنن.

 

زیاتر لە ٨٠ گوند ئەمڕۆ لەلایەن سیستمی پلیکانەکانی برنجەوە خزمەت دەکرێن، ئاو تەنها بۆ مانەوەی هانیەکان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ پێکەوەبوونی کۆمەڵگاش گرنگییەکی تایبەتی هەیە، یەکسانی دابینکردنی پێداویستییەکان خاڵی سەرکەوتنیانە.

 

هەموو گوندێک بەرپرسێکی 'پاسەوانی ئاو' ی هەیە، کە بەرپرسە لە دڵنیابوونەوەی دابەشبوونی ئاوەکە بۆئەوەی ئەو خێزانەی کە زەویان لەخوارەوەی پلیکانەکندا، وەک ئەو خێزانەی زەوییەکەیان لە بەشی سەرەوە و لوتکەدایە هەمان ئاو وەربگرێت.

 

جوتیارانی هانی لە سەردەمی ٦١٨ بۆ ٩٠٧ ی زایینی دەستیان بە هەڵکەندنی پلیکانەکانی دەرەوەی چیاکە کردووە، کەتا ئێستا لە شوێنەکانی کەناری ڕووبارەوە بەرز دەبنەوە لە کەمتر لە ٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بۆ بەرزاییەکانی زیاتر لە ١٨٠٠ مەتر، بە لاری ٧٠ پلە، کە زۆرجار بە ڕێگای بەهەشت وەسفکراوە.

پلیکانەکان بە دەست دروستکراون

پلیکانەکان بە دەست هەڵکەندراون و ئەو شێوازانەی کە ئەمڕۆ بەکاردەهێندرێن هەمان شێوازی باو باپیرانی نەتەوەی هانین، ناتوانرێت ئامێر و تراکتۆر تیایدا بەکاربهێندرێت بەهۆی شوێنەکەیەوە.

 

 هانیەکان هێشتا گامێش بەکاردەهێنن یان بە دەست کاری قورس دەکەن، هەمان هەڵگر و ئامرازی دەست بەکاردەهێنن کە سەدان ساڵە بەکاریان هێناون، سەرەڕای ئەوەی کە وردە وردە دەکەونە بەرچاو بەڵام هونەر و ئەندازیاری سەرسوڕهێنەری هانی بۆ چەندین سەدەیە لە هەموو جیهان شاردراوەتەوە.

 

ساڵانی ١٩٣٠ لە شەڕی دوورودرێژی چین و ژاپۆن و دوای شەڕی ناوخۆ و شۆڕش و پەردەپۆشی دەوڵەتی تازەی کۆمۆنیست لە پشت ئەو بەناو پەردەی بامبۆ - ناوچەی شاخاوی بوو بە سنوور بۆ بێگانەکان، تەنیا لە ساڵانی هەشتاکاندا تا ساڵانی ٢٠٠٠ هیچ کەس گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدەدا، دواتر دەسەڵاتی ناوخۆیی وڵاتەکە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە تیشک بخرێتەسەر لیستی کەلەپوورە جیهانییەکانی یۆنسکۆ

 

هەرێمی یوانیانگ، ماڵی پلیکانەکان، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٧٠،٠٠٠ کەسە، کە نزیکەی ٩٠٪ لە گرووپە عەشایەرییەکانەوە هاتوون شانازی بەو شتانەوە دەکەن کە بەدەستیانهێناوە و ماوەی ١٣٠٠ ساڵ جێگیربووە، هەروەها خەڵكی هانی تا ئێستا جلوبەرگی نەریتی تایبەت بە نەتەوەکەیان لەبەردەکەن.

ت.پ