زەهرا دۆغان پێشەنگایەکی شێوەکاری لە میلانۆ کردەوە

زەهرا دۆغان، هونەرمەندی باکوری کوردستان لە شاری میلانۆ پێشەنگایەکی شێوەکاری کردەوە و تێیدا ئازارەکانی ژنان نیشان دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشانگای شێوەکاری ھونەرمەندی کورد، زەھرا دۆغان، لە گەلەری پرۆمێتێۆ لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا لە ٢٧ی تشرینی یەکەم کرایەوە.

زەهرا لە وێنەکانیدا دۆخی ژنان و ئازارەکانیان، منداڵان و کێشەکانی کورد دەنەخشێنێت و لە ڕێگەیەوە توانیویەتی پەیامی ئازار و ڕەنجکێشانی ژنان و کورد بە گەلانی دیکە بگەیەنێت.

پێشانگای شێوەکاری زەهرا دۆغان لە ٢٧ی تشرینی یەکەم کرایەوە و تا ٢٢ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.

زەهرا دۆغان، شێوەکار و ڕۆژنامەنووس لە ساڵی ١٩٨٩ لە بسملی ئامەد لە باکوری کوردستان لە خێزانێکی وڵاتپارێز لەدایکبووە، بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ سیاسەت و ئازاری گەلەکەیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ٢٣ حوزەیرانى ٢٠١٦ لە شارى نوسەیبین-ى سەر بە پارێزگاى ماردین دەستگیر دەکرێت، زەهرا لە ٩ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٦، دواى ئامادەبوونى لەبەردەم دادگا ئازاد کرا، بەڵام دواتر جارێکى تر لە تەمموزى ٢٠١٧ دەستگیردەکرێتەوە، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

ت.پ