ژنانی ناوچە جیاوازەکان بەشداری فێستیڤاڵی هەنار بوون

ماوەی سێ رۆژ، حەوتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، تێیدا بەروبومی خۆماڵی و کاری دەستی و جلوبەرگی کوردەواری نمایشکرا، ژنانیش لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە کارەکانیان بەشداربوون.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- حەوتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو، بەشداری ژنان لە ئاستێکی بەرزدا بوو بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی بەرهەم و کارە دەستییەکانیان، ئەمەش بووە جێی سەرنجی میوانانی ڤیستیڤاڵەکە، کە جگە لە ژنانی خاوەنکاری هەڵەبجە، ژنانی سلێمانی، سەیدسادق، گەرمیان و چەندین ناوچەی دیکە بەشدار بوون تێیدا.

میدیا عومەر، ئەندامی گروپی خەیاڵی خانمان لە سلێمانی، باسی لەوە کرد کە ئاگادارکراونەتەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی هەنار تا بتوانێت بەرهەمە دەستییەکانی و ئێکسسوارات و عەبا و سێتی نوێژی تێدا بفرۆشێت، وتیشی: خەڵک لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا شتی هەرزانی دەوێت.

گۆنا ئیسماعیل: بیرۆکەکانی خۆم تایبەتن بە خۆم

گۆنا ئیسماعیل، ژنێکی دەستڕەنگینە و یەکەمجارە بەشداری لە فێستیڤاڵدا دەکات، باسی لەوەکرد دیزاینەکانی تایبەت بەخۆیەتی و هەندێک لە پارچەکانی تایبەتن بە کڕیارەکان، زیاتریش کار لەسەر قەزوان دەکات تا رەنگێکی ژنانەی پێبدات.

 

سۆزە محمد بەشداربوویەکی ترە و ماوەی چوار ساڵە بەشداری فێستیڤاڵی هەنار دەکات، دەڵێت: لەسەر مێخەک و جاجم کار دەکەم و پێم خۆشبوو لێرە بە خەڵکیان بناسێنم.

"لە کەلارەوە هاتووم و بەهۆی ڕێگەوە تەنها دوو ڕۆژ بەشدار دەبین"

تیشکۆ تەیب لە کەلارەوە هاتووە و ئامانجی ناساندنی کار و بەرهەمەکانی و پەیداکردنی بژێوی ژیانیەتی، تیشکۆ بە کارە دەستییەکانی بەشدارە بەڵام بەهۆی دووری ڕێگەکەیان و نەبوونی شوێن بۆ مانەوە تەنها دوو ڕۆژ بەشدار دەبێت.

 

فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ساڵانە لە ناوەراستی پایزدا ئەنجامدەدرێت، ئەمساڵ بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو تێیدا زیاتر چوار سەد چادری بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی و جلوبەرگی کوردەوانی دانرا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ٢٠٠ هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

نەخشین نامیق، ئەندامی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، تایبەت بەئاژانسی ژنها وتی: تا کۆتا ڕۆژی ڤیستیڤاڵەکە ژمارەی کەپرەکانمان ٤٥۰ کەپری تێپەڕاند و سەرجەم بەروبومەکانی تێدا ساغ کرایەوە.

 

ت.پ