ژن و شانۆ لە مەغریب، هونەرمەندێک ئاڵەنگاری هاوبەشی ناوچەی ئاشکرا دەکات

لەیلا نەخیلی، مامۆستای شانۆ ئاشکرای دەکات کە چۆن شانۆکارانی ژن ڕوبەڕوی سنووردارکردنی پشتیوانی و چەشنە کۆنەپەرستان و راستیە کۆمەڵایەتیەکان دەبنەوە، چۆن شانۆ دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ گۆڕانکاری و هۆشیاری کۆمەڵایەتی.

حەنان حارت

مەغریب- لە مەغریب وەک زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، شانۆ وەک بۆشای هونەری دەوڵەمەند و کاریگەر دەمێنێتەوە، کە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتن و پرسەکانی کۆمەڵگەیە و وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ و هۆشیاری کلتووری خزمەت دەکات، بەڵام شانۆی مەغریبی ڕوبەڕوی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە، لە پشتیوانی دارایی سنووردارەوە تا نەبوونی ژێرخانی گونجاو، تا تێڕوانینە کۆمەڵایەتیەکان کە دەستڕاگەیشتن بە ژنان بەم بوارە هونەریە سنووردار دەکەن.

 

لەیلا نەخیلی، هونەرمەند و مامۆستای شانۆ دیدگای خۆی سەبارەت بە پێگەی ژنان لە شانۆی مەغریب و ئەو ئاڵەنگاریانەی کە لە ماوەی دەیان ساڵدا ڕوبەڕویان بووەتەوە، هەروەها بەراوردکردنیان بە ئەزمونە شانۆییەکانی ژنان لە ناوچەکەدا دەخاتە ڕوو، و باس لە پرسە کۆمەڵایەتیە ناوەندیەکان دەکات، وەک توندوتیژی دژی ژنان و مافەکانی ژنان، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە شانۆ وەک ئامرازێک بۆ هۆشیاری و گفتوگۆی کۆمەڵایەتی دەیگێڕێت، جگە لە ڕۆڵی ئەکادیمی و کلتووری لە بونیادنانی تاک و کۆمەڵگەدا.

 

پێی وایە کە پێگەی ژنان لە شانۆدا ڕەنگدانەوەی پێگەی پیشەگەرەکانی شانۆیە بە گشتی لە وڵاتەکەدا، ڕوونی دەکاتەوە کە ژنان لە مەغریب زۆرجار لە ڕێگەی پەروەردە و پیشەی و پراکتیزەکردنی پیشەی شانۆی جۆراوجۆر وەک نواندن و دەرهێنان و بەرهەمهێنان دەرفەتی خۆیان دروست دەکەن.

 

وتی: بارودۆخی گشتی شانۆی مەغریب ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەردەوامی ئەم ڕێگایانە پەیوەستە بەو پشتیوانیەی کە لەبەردەستدایە، بە پلەی یەکەم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و هەندێک لە دەسەڵاتە ناوخۆیەکان و ژمارەیەکی سنووردار لە کۆمپانیا تایبەتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم پاڵپشتیە زۆرجار بەس نییە و هەموو دەستپێشخەری و وەرزەکان ناگرێتەوە، ئەگەر ژنە شانۆکارێک پاڵپشتیەکی پێویست وەرنەگرێت، جا چ لە ئەمدامە فەرمییەکان بێت یان دامەزراوە تایبەتییەکان، ئەوا دەرفەتی بەردەوامی و بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەبێت، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کێشەکە پەیوەندی بە توانای داهێنەرانە یان نایابی ژنانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دۆخی گشتی شانۆی مەغریب و ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدان بۆ پشتیوانیکردنە.

 

"ژینگەی پەروەردەی و ڕۆشنبیری و ڕۆڵی لە بەهێزکردنی ژنان"

لەیلا نەخیلی، ئاماژەی بەوەدا: کە ژینگەی پەروەردەی و ڕۆشنبیری ڕۆڵێکی چارەنوسساز دەگێڕێت لە بەهێزکردنی ژنان بۆ چوونە ناو بواری شانۆ، وتی: ئەگەر شانۆ لە چوارچێوەی زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەیەکان و بۆشای ڕۆشنبیریدا ئامادەبێت، ئەوا دەرفەت بۆ خوێندکاری ژنانی گەنج دەڕەخسێنێت کە فێری ئامانجەکانی شانۆ و ڕۆڵی فیکری و کلتووری و مێژووی و گرنگی ئەم هونەرە جوانە لە بونیادنانی تاکدا بزانن، هەروەها ژینگەی کلتووری، لە ڕێگەی نمایشە شانۆیەکان و ڕوداوە هونەریەکانەوە، ڕێگە بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەدات دەستیان بە شانۆ بگات و فێربن.

 

ڕونیکردەوە، کە نەبوونی شانۆ لە دامەزراوە پەروەردەیەکان و چالاکیە ڕۆشنبیریەکان و ڕاگەیاندنەکان بەربەستێکی گەورە بۆ ژنان دروست دەکات، وتی: نەزانین لە شانۆ ڕێگری دەکات لە درککردن بە بەها و ئامانجەکانی و توانای چوونە ناو بواری شانۆ بە متمانە و ئاسایشییەوە سنووردار دەکات، تەنانەت ژنانی خوێندەواریش لەوانەیە درک بەوە نەکەن کە شانۆ بابەتێکی ئەکادیمیە و دەتوانرێت فێری ببن، سەرەڕای بڕوانامە بەرزەکانیان.

 

"بەراوردکردنی ناوچەی"

سەبارەت بە ئەزمونی ژنان لە بواری شانۆ لە وڵاتانی مەغریب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەیلا نەخیلی، وتی: هاوبەشیەکانی نێوان ئەم ئەزمونانە زۆر زیاترن لە جیاوازیەکان، ژنانی عەرەب دوای قۆناغی سەربەخۆی سیاسی چوونەتە ناو شانۆ، بەڵام ڕوبەڕوی ئاڵەنگاری بەرچاو بوونەتەوە، شانۆ وەک بۆشای نەگونجاو بۆ ژنان لە کۆمەڵگە کۆنەپەرستەکاندا تەماشا دەکرا، بەو پێیەی پەیوەست بوو بە پێشوەختە و ڕەتکردنەوەیەکی ئاشکرای کۆمەڵایەتیەوە، چوونە ناوەوەی ژنان بۆ ناوی، جا چ وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر، یان ئەندامی تیپێکی شانۆی بوو بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرەڕای بەشە هاوبەشەکە، ئەزمونەکان بەپێی گۆڕانکاریە سیاسیەکان و تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکانی هەر وڵاتێک دەگۆڕدرێن لە مەغریب، ژنان توانیویانە فەزابۆشایەک لەناو شانۆدا دروست بکەن و بوونی خۆیان دووپات بکەنەوە سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی پەیوەستن بە سیاسەتە کلتوورییەکان و سیستەمی پشتیوانی گشتیەوە، ئەمەش وا دەکات پەرەپێدانی ئەزمونی ژنان وابەستە بێت بە بەردەستبوونی ژینگەیەکی دامەزراوەی پشتیوانیکەر.

 

نمونەی لیبیای هێنایەوە و وتی: لەوێ دۆخەکە جیاوازە، بوونی ژنان لە شانۆدا بە لاوازی ماوەتەوە بەهۆی ڕێڕەوی سیاسی ناجێگیری وڵاتەوە، کە دوای ڕووداوەکانی بەهاری گەلان توندتر بوو، ئەو ڕونیکردەوە کە ئەم گێژاوە سیاسیانە پێکهاتەی کلتووری بە گشتی لاواز کرد، بەمەش کاریگەری لەسەر بوونی ژنە شانۆکارەکان هەبوو.

 

سەبارەت بە ئەزمونی کەنداو، بە تایبەتی کوەیت، ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ئەزمونی کوەیت تایبەتمەندی تایبەتی خۆی هەیە، شانۆ شاهیدی بوونی بەرچاوی کەرتی تایبەت بووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی شانۆی بە شێوەیەکی جیاواز.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێش هاتنە ناوەوەی ژنان، پیاوان بە شێوەیەکی زیادەڕەوی و کاریکاتێر ڕۆڵی ژنانیان دەگێڕا، بەڵام لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ژنان، ئەزمونەکە دەستی کرد بە گرتنەبەری ئاراستەیەکی نوێ، وتی: ڕاستە ئەکتەرەکان لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیاندا کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئەم شێوازە کاریکاتێرە، بەڵام پەرەسەندنی شانۆ، بەهۆی وەبەرهێنانەکانی کەرتی تایبەت و تۆمارکردنی نمایشەکان و هێنانەکایەی ئامرازە تەکنەلۆژیەکان، سروشتی نواندنی گۆڕیوە بۆ ئەوەی زیاتر سروشتی و لەسەرخۆ بێت، وردە وردە لە زیادەڕەوی جەستەی دوورکەوتوەتەوە.

 

"پرسی ژنان لە شانۆدا"

لەیلا نەخیلی ڕونیکردەوە: کە تەوەرە شانۆیەکان بە درێژای مێژوو گۆڕانکارییان بەسەردا هاتوە، لە دەیان ساڵی ڕابردودا بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە توندی ئامادەبوون، وەک ئەزمونی سورایا جوبران، هونەرمەندی کۆچکردوی مەغریبی، کە شانۆی کردە سەکۆیەک بۆ خستنەڕوی پرسیارە سیاسیە بوێرەکان، لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا، شانۆی ئەمڕۆ زیاتر پەیوەست بووە بە ژیانی ڕۆژانەی هاولاتیانەوە، لەگەڵ ئەوەی پرسی خێزان و ژنان زاڵن بەسەر گۆڕەپانی شانۆدا، لەوانە هاوسەرگیری، جیابوونەوە و کێشە پەیوەندیدارەکان، جگە لە پرسە یاسایەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە شانۆش لە کاریگەری ڕوداوە ناوچەیەکاندایە، کاتێک پێشێلکردنی مافەکانی ژنان ڕودەدات، ژنە شانۆکارەکان هەڵدەستن و دەقی نوێ دەنووسن کە ڕەنگدانەوەی توڕەی یان ڕەتکردنەوەن، بۆ نموونە بەرهەم هەیە باس لە ئازاردانی سێکسی، توندوتیژی دژی ژنان، یان جیاکاری لە بازاڕی کاردا دەکات، شانۆ دەگۆڕێت بۆ بۆشای گفتوگۆی کۆمەڵایەتی و خەباتی ڕەمزی.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندنیش، ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕاگەیاندن بۆتە هاوبەشێک لە گەیاندنی دەنگی شانۆنامەکان بۆ بینەرێکی فراوانتر، بە تیشک خستنە سەر نمایشەکان و گەیاندنی پەیامەکانیان بۆ بۆشایەکانی دەرەوەی شانۆکان، ڕاگەیانەکان بەشدارن لە شکاندنی سنوورە جوگرافیەکان و کردنی پرسە ناوخۆیەکان بە نیگەرانیەکی گشتی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باس دەکرێن.

 

"داهاتوی شانۆکار"

سەبارەت بە چاوەڕوانیەکانی بۆ ئایندەی بەشداری ژنان لە شانۆدا، لەیلا نەخیلی پێی وایە، کە ئایندەی ژنان لە شانۆی مەغریبدا پەیوەندیەکی نزیک بە سیاسەتی کلتووریەوە هەیە کە حکومەت گرتوێتیەبەر، ئەگەر ستراتیژێکی ڕوون بۆ هاندانی شانۆ و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارای و ئەخلاقی و دروستکردنی بۆشای شانۆی گونجاو و هاندانی بەرهەمە ناوخۆیەکان دابڕێژرێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی ژنان بە ئاسانی بچنە ناو بوارەکەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و پشتگیرانی دارای بۆ کەرتی شانۆ دەرفەتی نوێ بۆ ژنانی داهێنەر دەڕەخسێنێت، نەک تەنها وەک ئەکتەر لەسەر شانۆ دەربکەون، بەڵکو لە دەرهێنان و نووسین و دەرهێنانی هونەری و بەڕێوەبردنی کلتووریشدا سەرکەوتوو بن، کاتێک ژنان بۆشای شانۆی دەدۆزنەوە کە بە پشتیوانی و ناساندنی کۆمەڵایەتی دەورە دراوە، ئەوا دەتوانن بەردەوام بن و خۆیان لەم ژینگە هونەریەدا جێگیر بکەن، نەک وەک بارمتەی دەستپێشخەریە تاکەکەسیەکان بمێننەوە.

 

لەیلا نەخیلی، لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: بەردەوامی ڕاستەقینەی ژنان لە شانۆدا تەنها کاتێک بەدی دێت کە سیاسەتێکی ڕۆشنبیری هەمەلایەنە هەبێت و دان بەوەدا بنێت کە بوونی ژن لە بۆشای شانۆدا تەنها نوێنەرایەتییەکی ڕەمزی نییە، بەڵکو بەرزکەروەیەکت بنەڕەتیە بۆ نوێکردنەوەی وتاری شانۆی و دەوڵەمەندکردنی بە دید و ئەزمونی جیاواز.