ژنانی ڕەنجکێش: کارکردن لە کێشە دەروونییەکان دوورمان دەخاتەوە

کەژاڵ و سانیە دوو ژنی ڕەنجکێشن و لە ناوچەی هەورامان دەژین، بڕیار دەدەن پێکەوە شوێنکارێک بکەنەوە و لە جەنجاڵی و کێشە دەروونییەکانیان دووربکەونەوە و بژێوی ژیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لەسەر ڕێگای گوندی زەردەهاڵ و ناحیەی بیارە لە ناوچەی هەورامان، کەژاڵ عوسمان و سانیە عەلی فرۆشگایەکیان بە ناوی "تافا" کردووەتەوە و بەرهەمی زستانە وەک نان، کەلانە، شێلم، پاقلە و چای تیادا دەفرۆشن.

 

کەژاڵ عوسمان، خەڵکی گوندی کونەماسییە لە شاڕباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە ناوچەی هەورامان نیشتەجێیە، پاش ئەوەی هاوژینە پێشمەرگەکەی بریندار دەبێت و توانای نابێت کار بکات، کەژاڵ بڕیار دەدات خۆی دەستبەکار بکات و لەگەڵ سانیەی دراوسێی فرۆشگایەک دەکەنەوە.

 

کەژاڵ عوسمان دەربارەی کارەکانیان، باسی لەوەکرد، ماوەی مانگێكە فرۆشگاکەیان کردووەتەوە و لە کاتژمێر ٦ی بەیانییەوە دێنە سەر کار و تا ٧ی ئێوارە کار دەکەن، وتیشی: نەخۆشی دڵم هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مووچەوە ماڵەکەم پەنجەرەی پێوە نییە، دۆخیشمان باش نییە، بۆیە بڕیارمدا خۆم کار بکەم، چونکە ئەگەر خۆت هیلاک بی خۆشترە و پارە لەدەستی خۆتدا بێت خۆشترە.

 

"کارکردنم وای کردووە ئاسودە بم و لە کێشەکان دوور بکەومەوە"

سانیە عەلی لە گوندی زەردەهاڵ نیشتەجێیە و لەگەڵ کەژاڵدا بیریان لەوە کردەوە کە کار بکەن، وتی: بێ مووچەییە و لە ماڵەوە بێتاقەت بووین، کارەکەمان هەم بۆ ماڵەوە باشە و هەم بۆ باری دارایی خۆشمان زۆر باشە، ئێمە بە ویستی خۆمان کار دەکەین و منداڵەکان پێم دەڵێن کار مەکە، بەڵام من ئاسوودەم و کار دەکەم.

 

سانیە بەهۆی ئەوەی کچێکی نەخۆش بووە باری دەروونی تووشی خەمۆکی بووە، بەڵام بە دەستکردنی بە کار کردن دەروونی ئاسوودە بووە، دەشڵێت: جاری وابووە هێندە بێتاقەت بووم، بە منداڵەکانم وتووە بچنە دەرەوە با تێر بگریم و وازم لیبینن، بەڵام ئێستا چاو و گوێم کراوەتەوە و هیچ کێشەم نییە، لە ماڵەوە بیت کێشە رووت تێدەکات و تووشی خەمۆکی دەبیت، بەڵام کە مەشغوڵی کار بوویت، جەستە و دەروون ئاسوودە دەبێت.