ژنان بەرهەمەکانیان لە فێستیڤاڵی بەهارە نمایش دەکەن

ساڵانە فێستیڤاڵی بەهارە لە نزیکی نەورۆزدا لە شاری سلێمانی بە بەشداری چەندین فرۆشگای بەرهەمی خۆماڵی و کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت، ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لەم فێستیڤاڵەدا و کارە دەستییەکانی خۆیان و براندە جیاوازەکانیان دەخەنە بەر دیدی کڕیاران.

شنیار بایز

سلێمانی- چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەهار لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەچوو لە ڕۆژی ١١ی ئادار کرایەوە و تا ٢٠ی ئادار بەردەوام دەبێت، لەم فیستیڤاڵەدا چەندین ناوەندی فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی و کۆمپانیای جۆراوجۆر لە چوار پارچەی کوردستان و  وڵاتانی دراوسێ بەشدارییان کردووە.

 

گوڵان نیروان، سەرپەرشتیاری مارکێتینی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، دەربارەی مەرجی بەشداربوون و ژمارەی بەشداربووان وتی: لەم فیستیڤاڵەدا زیاد لە ٢٠٠ شوێن بەژداریان کردووە، مەرجی سەرەکیش هەبوونی براندی تایبەت بە خۆیانە، واتە کاری دەستییان هەبێت یاخود کۆمپانیایەکیان هەبێت کە براندی خۆیان بەرهەم بهێنێت، چونکە لەم فیستیڤاڵەدا دەبێت ڕاستەوخۆ بەرهەمە لە دەستی یەکەوە بگاتە کڕیار.

گوڵان نیروان باسی لەوەکرد، ئەم فێستیڤاڵانە بازاڕی مارکێتینگ گەرم دەکات بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە کاردەکەن، دەربارەی سەردانیکاران وتی: "هەموو چین و توێژەکان سەردانی ئەم فیستیڤاڵە دەکەن چونکە پێداویستی تەواوی چین و توێژە جیاجیاکان دابین کراوە".

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا، ئەم فیستیڤاڵە ئەزموونی چوارەم ساڵییەتی و هەر ساڵێک بەربەستێکی جیاوازی وەک کۆرۆنا یاخود قەیرانی ئابووری هاتووەتە سەرڕێ، بەڵام لە هەوڵدان نەوەستاون و وەک دەستەی بەڕێوەبردن هەوڵی کاری باشتریان داوە.

 

ژنان لە ناوچە جیاوازەکانەوە بەشداری ئەم فێستیڤاڵەیان کردووە

سکاڵا مەغدید، دەرچووی بەشی کۆلێژی کشتوکاڵە لە زانکۆی سلێمانی، بە کاری دەستی جوانکاری ژنان و دروستکردنی تابلۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، دەربارەی کارەکانی سکاڵا دەڵێت: "لە منداڵییەوە خولیای دروستکردنی وێنە و کاری دەستی بووم، بەڵام بە هۆی خوێندنەوە نەمتوانی پەرەی پێبدەم، دواتر کە خوێندنم تەواو کرد، شوێن خولیاکەی خۆم کەوتم".

دەربارەی بەشداریکردنی لەم فێستیڤاڵەدا سکاڵا ئەوەی خستەڕوو کە دڵخۆشە بە هەبوونی فێستیڤاڵی لەم جۆرە، چونکە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ کڕیارەکانیدا هەروەها داشکاندنی تایبەت دەکات بۆ بەرهەمەکانی تەنها لەبەر ئەوەی دڵی کڕیارەکانی ڕازی بکات.

 

شیلان ڕۆژهەڵاتی، خەڵکی شاری مەریوانە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە کارە دەستییەکانی بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، دەڵێت: "یەکەم جارمانە هاتووینەتە سلێمانی و بەشداری فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بکەین، بەڵام هاوڵاتییان حەزیان بە بەرهەمە دەستییەکانمان هەیە هەر بۆیە بڕیارماندا بێینە سلێمانی لە داهاتوودا".

بەرهەمەکانی شیلان بریتیبوون لە کاری دەستی، جوانکاری ژنان و ئێکسسوارات، هەروەها کڵاشی ژنان و پیاوان، دەشڵێت خەڵکی زیاتر حەزی بەو بەرهەمانەیە کە کاری دەستی زیاتر تیایدا بەکارهاتووە، "ژن بەردەوام کاری کردووە و هەوڵیداوە بەڵام لە بەرامبەردا هیچی وەرنەگرتووە، ئێستا لە مەریوان و هەموو شوێنێکی دیکە ژنان هەوڵ دەدەن کار بکەن و لە بەرامبەردا بڕە پارەیەک پەیدا بکەن و دوکانێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت".

 

خانمی حوسێن زادە، لە ئەسفەهانی ئێرانەوە هاتووە، بە کاری دەستی بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، هەموو کارە دەستییەکان خۆیان بەرهەمیان هێناوە، لە ئەسفەهان لەگەڵ هاوژینەکەی کارگەیان هەیە و بەرهەمەکانیان لە ئێسقانی حوشتر  و گا بەرهەمی دەهێنن، ٥٠ ساڵە هاوژینەکەی کاری دەستی دەکات و بە هاوبەشی کارگەیەکیان هەیە، ئەو ژنە دەستڕەنگینە ماوەی ٣٠ ساڵە لەو بوارەدا کار دەکات.

باسی لەوەشکرد هەرکات فێستیڤاڵ هەبوو ئەمان بەشدارییان کردووە، بەڵام کڕیاریان کەمن بەهۆی ئەوەی کارەکانیان ناناسن و نازانن چۆن دروستیان کردووە لێیان تێناگەن و هەست بە قورسی کارەکەیان ناکەن،

دەربارەی کارکردنی ژنان لە ئێران وتی: "ژنانی ئێران خولیای کارکردنن و هەوڵ دەدەن خەرجی ماڵ دابینبکەن، هەر بۆیە زۆرن ئەوانەی پێکەوە لەگەڵ هاوژینەکانیان کاردەکەن یاخود لە کارگە گەورەکاندا کار دەکەن، هەروەها حەزیان بە کاری دەستی هەیە وەک فەرش چنین و ئێکسسواراتی ژنان بۆ ئەمەش ڕەنجی زۆری پێوە دەدەن".

ت.پ