ئیمان لەسەر شەقام و بە خەندەوە دەف بۆ ڕێبواران دەژەنێت
ئیمان قادر لەناو شەقام و بازاڕەکانی هەڵەبجەدا بە دەستی بە دەف و لێوی بە خەندەوە دڵی ڕێبواران و هاوڵاتیان خۆشدەکات، دەشڵێت خولیام ئەوەیە ببمە ژەنیارێکی پێشکەوتوو.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ئیمان قادر، دەم بە خەندە و ڕوو بە پێکەنین، میوزیک ژەن و دەف ژەنی سەر شەقام، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە و دەرچووی بەشی شێوەکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجەیە، بەڵام خولیای بۆ میوزیک وایکرد لە بەشەکەی خۆی دووربکەوێتەوە،
ئیمان بە ماوەیەکی کورت بووە خۆشەویستی خەڵک و ناسرا، ناوبانگی بۆ خۆی دەرکرد لەناو هەوادارەکانیدا، ئەو ژەنیارە باس لەخۆی دەکات و دەڵێت: من پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاریم تەواو کردووە، بەڵام خولیام بۆ میوزیک وایکردووە ببم بە میوزیسیان و ژەنیاری ئامێری دەف.
ئیمان لەسەرەتای دەستکردن بە ژەنیندا دەڵێت: هەفتانە دوو ڕۆژ خولی سەرەتاییم خوێندووە بۆ ئامێری دەف، پشتگیری خێزان و هاوڕێکانم وایکرد کاری سەرشەقام بکەم، ئەوەش زۆر شتی پێ بەخشیووم و خەڵک خۆشی دەوێم و دەست خۆشی زۆرم بۆ دەنێرن، دانیشتن لەناو بازاڕ و سەیرکردنی دیمەنەکانمان بەدەم بازاڕ کردنی بەتەمەن و گەنج و کاسبکارەوە زۆر دڵخۆشیان کردووم.
سەبارەت بەکارەکانی داهاتووی ئیمان باس لەوە دەکات، لە هەموو چالاکییەکانی سەنتەری گەنجان چالاکی هەبووە و لە تیپی مۆسیقای شنروێ'دا لە هەڵەبجە بەشداربووە.
ئیمان تاکە ژەنیاری ژنی گەنجە لەسەر شەقام میوزیک دەژەنێت و ئەندامی دوو گروپە لە هولێر، لە ئێستاشدا خەریکی پرۆڤەیە بۆ نمایشێک لە هەولێر، ئاماژەشی بەوەدا ڕۆژانە کارتژمێر دووی دواینیوەڕۆ بۆ شەش پرۆڤە دەکات، بۆ ئەوەی ببێت بە میوزیسیانێکی پرۆفیشناڵ.
ئەو دەف ژەنە دەڵێت، دەبێت بەردەوام بخوێنیت بۆئەوەی پێشکەویت، خۆیشی ئاستی سەرەتایی تەواو کردووە و بەشێوەی ئۆنلاین ئاستی پێشکەوتوو دەخوێنێت، ئیمان قادر هیواخوازە ببێتە خاوەنی گروپێکی کچان و ئەگەر سەرپەرشتیش نەکات وەک ژەنیار لەگەڵیاندا بێت.
ت.پ