ئێوارە کۆڕێک بۆ شاعیرانی ژن ئەنجامدرا
لە کۆڕێکدا بە ئامادەبوونی ئەدەب دۆستان و نۆ شاعیری ژن چەندین پارچە هۆنراوەیان پێشکەشکرد، دواتریش وەردەگێڕدرایە سەر زمانی فەڕەنسی، نوسەرانیش ئەم چالاکیانە بۆ ئاگاداربوون لە بەرهەمی یەکدی و گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی بە گرنگ دادەنێن.

سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی یەکێتی نوسەران لە سلێمانی یەکێتی نوسەرانی کورد لقی سلێمانی و دەزگای فەڕەنسی هارماتا کۆڕێکیان بۆ نۆ ژنی شاعیر ڕێکخست.
لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدەب و هونەر دۆستان ئامادەبوون، ئەو ژنانەی کە شعرەکانیان دەخوێندەووە بەشێکن لەو ژنانەی بەشداربوون لە کتێبی " ئەنتۆلۆژیای شیعری خانمانی کورد" کە لەلایەن شاعیر و نوسەر ئەحمەدی مەلا شیعرەکان وەردەگێڕدراونەتە سەر زمانی فەڕەنسی، کە کۆی گشتی شیعری ٣٠ ژن وەرگیراوە.
ئەو شاعیرانەی بەشداربوون و شیعریان خوێندەوە بەیان ئیبراهیم، کەژاڵ ئەحمەد، د.نەزەند بەگیخانی، ڕۆژ هەڵەبجەیی، ئاوێزان نوری، چنور نامیق، ژیلا حوسەینی، زولەیخا کەریم و ڕەوەند ساڵح بوون.
چنور نامیق، نوسەر و شاعیر لە لێدوانێکدا بۆ نوژنها ڕایگەیاند ئەم کۆڕانە سودێکی زۆری بۆ نزیککردنەوەی شاعیران و نوسەران هەیە، دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان نەوەی بە ئەزموون و نەوەی تازە، هەروەها بە وەرگێڕانی دەقە شیعریەکان بۆ زمانەکانی دیکە پەیامی مرۆڤایەتی بڵاودەبێتەوە.
ت.پ