ئاهەنگەکە چۆن بەڕێوەچوو؟

لە ئاهەنگەکەدا ژنان بە جلوبەرگە کوردییەکانیانەوە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی، چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام درا، سەدان ژنی هەر چوار پارچەی کوردستان بە جلوبەری ڕەنگاوڕەنگی کوردی دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی، تێکڕا هاوارییان دەکرد "ژن، ژیان، ئازادی".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کەشێکی فێنک و لەژێر تیشکی خۆردا، ئاهەنگی هونەری بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان بە دروشمی " کات کاتی پاراستنی ژنی ئازاد و کۆمەڵگای ئازادە" بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک و ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری لە بەردەقارەمانی شاری سلێمانی  ڕێکخرابوو.

 

ئاهەنگە ڕازێندرابووەوە بە وێنەی ژنە قارەمانەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، چەندین دروشمی وەک "سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادی ژن، بە یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری دەوەستینەوە" ڕازێندرابووەوە، سەدان ژن بە جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگ بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.

 

ئاهەنگەکە لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد، لەبەر ئەوەی کاتی ئاهەنگەکە کاتی نیوەڕۆ بوو، ژنەکان لەگەڵ خێزانەکانیاندا وەک سەیرانێک و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش هەر لە پێش کاتژمێر ١٢ هاتبوون، بەیەکەوە نانیان دەخوارد.

 

دوای دەستپێکردنی ئاهەنگەکەش ژنان بەشێوەیەکی بازنەی لە دەوری ستەیج کۆبوونەوە، سەرەتایی ئاهەنگەکەش بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوانی کوردستان دەستیپێکرد.

 

ئاهەنگەکە بە بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک دەستیپێکرد، لەلایەن ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی ڕژاک خوێندرایەوە، دواتریش لەلایەن شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی لقی سلێمانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پێشکەش کرا.

 

پاش ئەو بەیاننامانە، لەلایەن گروپی میوزیکی ڤەژین، چەند پارچە مۆسیقایەک و گۆرانییەک پێشکەش کرا، پاش ئەوەش گروپی هەڵپەڕکێی دەستینا قەندیل هەڵپەڕکێیان پێشکەشکرد.

 

لەلایەن گروپی شانۆیی گەرمییان، شانۆگەرییەک بە ناوی "کۆڵبەری" نمایشکرا، کە باسی لە ئازارەکانی و سەختییەکانی ژیانی کۆڵبەرەکان و دایک وخێزانی کۆڵبەرەکان دەکرد.

 

دواتر لەلایەن هەریەک لە هونەرمەندان، شەهێن تاڵەبانی، نیان عەبدوڵا، شنیار نەجیب چەندین گۆرانی شاد پێشکەشی ژنان کرا، هەر یەک لە هونەرمەندەکانیش پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ژنانی کورد دەکرد، داوایان دەکرد کە ژنان زیاتر هەوڵ بۆ ئازادی بدەن و داکۆکی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن.

 

ئەوە تەنها ئاهەنگێک و بەسەربردنی کاتێکی خۆش نەبوو بۆ ژنان، بەڵکو بەشێک لە ژنانیش وەک پێشانگایەک بەشێک لە کاری دەستی و کتێبیان نمایشکرد، هەندێکیشیان خواردن، چا و شیرنییان دەفرۆشت، دەیانویست لەو ڕێگەیەوە داهاتێکی ماددی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن.

 

منداڵەکان بە ئازادانە یارییان دەکرد و تێکەڵ بە سروشت بوون، ژنان بەوتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەندەکان دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی، هەمووان پیرۆزبایی ڕۆژی ٨ی مارسیان لەیەکدی دەکرد، بەچەندین جۆر هەڵپەڕێکی هەر چوارپارچەی کوردستان هەڵدەپەڕین، وێنە و یادگارییەکانیان تۆمار دەکرد.

 

ژنان تەنها پیرۆزباییان لە یەکدی نەدەکرد، بەڵکو بە دەنگێکی بڵند هاوارییان دەکرد وداوایی ئازادییان دەکرد، بەردەوام دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ییان دەوتەوە.

 

نەک تەنها ژنان پیرۆزباییان لەیەکدی دەکرد، بەڵکو پیاوانیش پیرۆزباییان لە ژنان دەکرد، دوای کۆتایی هاتنی پڕۆگرامی ئاهەنگەکە، سەرجەم ئامادەبووان بێ هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزیی دەست لەناو دەست زیاتر لە کاتژمێرێک بە گۆرانی و ئاوازە میلییەکان هەڵپەڕین.

 

ت.پ