ئاهەنگێک بۆ منداڵان لە سلێمانی ڕێکخرا

ئێوارەی دوێنی ئاهەنگێکی گۆرانی و یاری، لە پارکی ئازادی بۆ منداڵان ڕێکخرا، تێیدا دیاری و گۆڤار بەخشرایە منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنی ١ی حوزەیران، لە سەکۆی ئازادی پاکی ئازادی لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئاهەنگێکیان بۆ منداڵان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە ڕێکخست.

 

لە ئاهەنگەکەدا سەدان منداڵان بەشدار بوون، لە سەرەتادا ویژدان نورەدین، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە منداڵان مافیان پارێزراو بێت و پەروەردەیەکی باش بکرێت تا تاکێکی تەندروست لە کۆمەڵگەدا پێبگەیەندرێت، هەروەها پیرۆزبایی لە منداڵان کرد و مێژووی ڕۆژی جیهانی منداڵانیشی هێنایە سەر زمان

دواتر لەلایەن گروپی شەهید ڤیان سۆران چەند بەرهەمێکی هونەری پێشکەشکران، دواتر گروپی شانۆیی ڕێکخراوی نوێگەر لەسەر پاراستنی ژینگە شانۆییەکیان بە ناوی "شانۆیی ژینگە" پێشکەشکرد و پەیامی پاراستنی ژینگە و خۆشەویستی کوردستانیان بە منداڵان دا.

 

منداڵانی بەشداربوو پیرۆزبایی خۆیان لە منداڵان کرد و گۆرانییان بۆ مایکی ژنها چڕی.

 

تینە عادل، ئەندامی ڕێکخراوی نوێگەر و پێشکەشکاری ئاهەنگەکە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بە بەرنامەی ئاهەنگەکەدا و وتی: ئامانجمانە دڵی منداڵان خۆشبکەین و هیوادارین مافی منداڵان دەستەبەر بکرێت و پەروەردەی چاکی منداڵان بکرێت"، تینە پەیامی خۆی نارد وتی: بەسە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، پێویستە مافی منداڵان دەستەبەر بکرێت تا ئایندەیەکی باشیان هەبێت.

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا یاری و دیاری بۆ منداڵان ڕێکخرا و گۆڤار بەسەر منداڵاندا دابەشکرا.

 

ت.پ