وێنەی ژن لە بەندەکان چۆن نیشان دەدرێت؟

هونەری بەندبێژی خۆی لە چوارچێوەی هونەری میللیدا دەبینێتەوە، بەشێکە لە کولتور و فەرهەنگی هونەری بە پێی تێپەڕبوونی سەردەمەکان گۆڕانکاری زۆر بەسەر تێکست و ئاواز و شێواز و تەکنیکە بەندبێژیدا هاتووە.

لە ڕێی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیرییەوە فەرهەنگی کۆمەڵ و تێڕوانینەکان بۆ ژن و ژیان دەگۆڕدرێت

هونەری بەندبێژی خۆی لە چوارچێوەی هونەری میللیدا دەبینێتەوە، بەشێکە لە کولتور و فەرهەنگی هونەری بە پێی تێپەڕبوونی سەردەمەکان گۆڕانکاری زۆر بەسەر تێکست و ئاواز و شێواز و تەکنیکە بەندبێژیدا هاتووە.

 

هەوار محەمەد

هەندێ لە گۆرانیبژان لە دانیشتنی دیوەخان، شەوچەرە و ئاهەنگی بوک گواستنەوەدا، گۆرانییەکانیان بەشێوەی بەند وتووە و وشەکانیان ڕێکخستووە و بە ئاوازەوە دەریان بڕیوە، زۆرینەی جار دوو کەس بۆ یەکتریان سەندووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ڕکابەری دروستببێت بە بەندی درێژ و وشەی جۆراوجۆر ڕکابەری یەکتر بکەن.

 

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر بەندەکان پێناسە و پیاهەڵدان بوون بە کەسایەتی و شوێن و چەند لایەنێکیتر، لەبەرامبەردا چەندین جار هەبووە لە بەندەکاندا دژ، ڕق، لێدان و تا دەگاتە سوکایەتییان بە یەکتر کردووە.

گەر جاران تەنها لە دانیشتنی دیوەخان و شەوچەرە و کۆبوونەوەی چەند کەسێکدا بەند وترابێت، ئەوا ئێستا نەک هەر لە دانیشتنەکان و ئاهەنگەکاندا بەڵکو تەنها بە سەیرێکی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بازاڕێکی گەورە و فراوانی بەند و بەندبێژانت دێتە بەرچاو.

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو دانیشتن و بەندانە زۆرترین بینەریان هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەمەوە دەردەکەوێت کە خواستێکی زۆر لەسەر ئەم جۆرە هونەرە میلییە هەیە، کەواتە پێویستە باشی و خراپی ئەو هونەرە لەمڕۆدا و بەمشێوەیە بخرێتەڕوو، تاوەکو هەندێ کاریگەرییەکانی بینەر و گوێگر و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان چاوی بخەنەسەر و بایەخی پێبدەن .

 

بەندبێژی هونەرێکی ڕەسەنە؟

ئەگەر ئەمە هونەرێکی ڕەسەنە، پێویستە ئەو ڕەسەنایەتییە لە چوارچێوەی هونەری میللیدا بە ڕۆشنبیری و هۆشیارییەوە پەرەی پێبدرێت و کەموکوڕییەکانی نیشان بدرێت، بۆئەوەی چیدی ئەو بەربەرەکانێ ناشەریفانەی لێنەکەوێتەوە، وەک هەندێ لە رەخنەگرانی هونەری دەڵێن ئەوە نەک سوکایەتییە بە هونەر بەڵکو بێڕێزی و لێدانە لە کەسایەتی مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە.

 

لەم نێوەندەدا وێنەی ژن بە دەرنەبووە لە بەندەکانی بەندبێژان، هەندێک بە پیاهەڵدان بە جوانی و جەستەی ژناندا وتوویانە و هەندێک بە لێدان لە کەسایەتی و ناوی ژن بە چەندین ناو و ناتۆرەی نادروست بە ژندا وتوویانە.

ڕەنگە لە رابردودا بە هۆی داخراوی کۆمەڵگەوە بە دەگمەن بەندبێژی ژن هەبوو بێت، بەڵام لە ئێستادا ناو بەناو تاکو تەرا ژنی بەندبێژیش دەردەکەون.

 

ژنان لەناو بەند بێژایەتیدا

ئەو ژنانەی بەندبێژ بوون، زیاتر لە دانیشتنەکانی ژنان کە پیاوی تێدا نەبەوبێت یان بۆ منداڵەکانیان وتووە، هەرچەندە لە سەرەتای دروستبوونی بەندبێژییەوە لە دانیشتنەکاندا هەمیشە ژن بەندی وتووە، بەڵام بەهۆی ئەو کولتور و دابونەریتانەوە کە نابێت ژن بەند بڵێت و دەربکەوێت، وە بەهۆی ئەو ئازادییە لە ڕادە بەدەرەی پیاوان لە دەربرینی وشەکان هەیانە، بەندبێژان زیاتر پیاوانن، لە بەرامبەردا کەمبوون ئەو ژنانەی کە پێداگرییان کردووە و بەردەوام بوون، ئەوانەشی کە بەندیان وتووە دیسان بە هۆی ئەو کەلتوورە چەقبەستووەوە سەرەڕای پێداگرییان لە بەندبێژی و جاروبار سەرکێشی بۆ نیشاندانی ژنێتی خۆیان لەناو بەندبێژیدا، نەیانتوانیوە ئەوەی نیشانی دەدەن ڕەنگدانەوەی بیر و هەستی ژنان بێت.

 

ئەو ژنانەی کە دەماودەم تێکستەکانیان دەوترێنەوە زۆرن، بەڵام وەک ئەرشیفێک و بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت ژنان بەندیان وتووە زۆر کەمن، نمونەی ئەو ژنانە لە پێش ساڵانی نەوەدەکان؛ دایکی شیرین، دایکی جەمال، وە نمونەی زوڵەیخا هەیە کە لە دانیشتنەکان و لە شایدا بەندی وتووە.

 

دوور لە جەوهەری ژن و کەسایەتییەکەی وێنا دەکرێت

هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن وێنەی ژن دوور لە کەسایەتی ڕاستەقینە و جەوهەری ژن وەک جەستە وەک کەرەستەیەک بۆ چێژ و خۆشی و لایەنی غەریزی وێنای کراوە، ڕاستەقینەی ژن وە ڕۆحی ژن نیشان نادرێت، لوتکەی بێڕێزی کردن بەرامبەر بە ژن بە بێ سانسۆر بڵاو دەکرێنەوە. تێکستی خراپ و وشەی ناشرین بەکاردێنن بۆ شکاندنی ژن.

 

بەندبێژ هەیە ڕۆدەچێت بۆ جەستەی ژن، هەرچەندە هەندێکیش لە بەندبێژان بە عەشقە ڕۆحییەکەوە دەیڵێتەوە، لە بەنددا ئەو چینەی کە زۆرترین سوکایەتی پێکراوە ژنێکە کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە یان هاوژینی مردبێت کە چەندین بەندی ناشرین و نەشیاو لەو بارەیەوە وتراوە، هەروەها یەکێکیتر لە هەرە ناشرینترین دیاردەی بەنبێژی ناوزراندنە، بێ گەڕانەوە بۆ کەلتور و ئادابەکانی کۆمەڵگا.

 

هەندێ جار ناوزراندنەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە بەندبێژەکە هەموو ناو و ناونیشانی ئەو ژنە دەڵێت لە بەندەکەیدایە، بە جۆرێک ئەگەر یەکێک مەبەستی بێت دەتوانێت بڕواتە بەردەمی ئەو ژنەی کە بەندبێژەکە باسی دەکات.

 

گۆڕانکاری لە هونەری بەندبێژیدا

هەرچەندە پێش ڕاپەڕین بەندبێژی هونەرێکی میللی بوو، لە چوارچێوەی دانیشتنە هونەرییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەی یاران و دەرخستنی توانای هونەرمەنداندا بوو کە زۆربەی بەند و تێکستەکان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا بوون، زۆرتر بۆ کات بەسەربردن و خۆشی و دەرخستنی توانای بەندبێژەکە بوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بەندبێژی گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەویش گوازراوەتەوە بۆ دانیشتنێکی تەواو پیاوانە یان هەندێکجار منداڵیش دەهێننە دانیشتنەکانەوە، هەر ئەم بەندبێژانەش دەچنە ئاهەنگەکانەوە یان زۆرجاریش پیاهەڵدانەکانیان بۆ لایەنێک و کەسایەتییەکی سیاسییە، یان لەسەر بانگهێشتی کەسانێکن بە بڕە پارەیەک کە هەندێکجار بڕیکی ئێجگار زۆرە بەندبێژەکان بانگ دەکرێن و بەند دەڵێن.

 

هەندێک لە ڕەخنەگرەکان ئەم جۆرە لە بەندبێژی ئێستا و ئەو دانیشتنانە بە هونەر ناونابەن، پێیان وایە بەشێک لە بەندبێژان تەنها وەک سەرچاوەیەکی داهات ئەم کارە دەکەن، بە مۆدێلێک لە هونەری هەرزان و بێ قوڵایی ناوی دەبەن، کە بە پرۆسەیەکی مەترسیداری - بە گەعدەکردنی هونەردا- تێدەپەڕێت. ڕەخنەگرانی هونەری دەڵێن: "ئەم مۆدێلە لە هونەر کۆمەڵگایەکی وێناکراو نیشاندەدات کە بە کۆمەڵگای خەندە ناوی دەبەن، کۆمەڵگایەک کە تاک و گروپەکانی بێ خەم و دەم بە خەندەن، جگە لە شادی و هەڵپەڕکێ هیچ خەمێکیتریان نییە''.

 

هەندێکیتریش لە هونەرمەندان پێیانوایە ئەوکارانە بەشێکی زۆریان ناچنە چوارچێوەی هونەری بەندبێژییەوە، چونکە ئەوانەی ئەم بەندانە دەڵێن شارەزا نین لە بەنددا و بە ئاستێکی کاڵ بەند ڕێکدەخەن، بەندەکانیشیان یەکێتی بابەتی تێدا نییە، تواناکەیان چەندبێت ئاستی بەندەکەشیان ئەوەندەیە، هەرچەندە لە ڕابردوودا پێشبڕكێ لە توانای بەندبێژیدا جاربەجارێ سەری کێشاوە بۆ شەڕەبەند و جنێو، بەڵام لە ئێستادا ئەم دیاردەیە زۆر زیادی کردووە و هەندێجار بەتەواوی دەچێتە قاڵبی گاڵتەجاڕی و سوکایەتییەوە.

 

وتنی بەند بۆ کێبڕکێی توانایی کراوە

شێوازی وتنی بەند لە پێنج دێڕ زیاترە و هەندێکجار لە سەد دێڕ تێپەڕ دەکات، زۆربەی جار بەندبێژی بۆ دەرخستنی توانای بەندبێژەکانە کە دوو کەس یان زیاتر بۆ نیشاندانی توانای خۆیان، پێشبڕکێ دەکەن لەسەر وتنی بەند بە دوور و درێژی و نیشاندانی توانای خۆیان، تا چەندە بابەتەکە گرێدراوی یەکە و یەکێتی بابەتی تێدایە و وتنی بەندەکان بەیەک ڕیتمەوە دەڵێنەوە.

 

هونەر دەتوانێت تێڕوانین بۆ ژن و ژیان بگۆڕێت

هونەر یەکێکە لەو شتانەی کە دەتوانیت بڵێیت بەرچاکی ژنە، خۆراکی ڕۆحی کۆمەڵگەیە لە باوەشی ژندا، هێزی گەنجە، ئەگەر هزر و هێز و ئیرادە و توانای ژن و گەنج یەکبخرێت، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. بێگومان دەتوانرێت لە ڕێی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیرییەوە فەرهەنگی کۆمەڵ و تێڕوانینەکان بۆ ژن و ژیان بگۆڕدرێت و بەرەوپێش بچێت، هەڵبەت هونەرێکی بەرز و ڕاستەقینە.

 

بەشیکی ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵات هۆکاری دروستبوونی ئەم جۆرە لە هونەرەیە کە بەشێک لە هونەرمەندان بە هونەری هەرزان ناوی دەبەن، ئەوان پێیان وایە بەمەبەست کار بۆ شێواندنی هونەر دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی ناهۆشیار دروست ببێت لە پێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات.

 

بە بڕوای ڕەخنەگرانی هونەری، هۆکاری دروستبوون و مانەوەی ئەم جۆرە بەندبێژییە بۆ میدیاکان دەگەڕێتەوە، پێیانوایە میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بۆ ناساندنی ئەم بەندبێژانە و سەرگەرمکردنی بینەر و پڕکردنەوەی کاتی بەرنامەکانیان و کۆکردنەوەی بینەر، وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ کەناڵەکانیان لێی دەڕوانن.

بەشیکی زۆری توێژەران و هونەرمەندان و ڕەخنەگران ئاماژە بەوەدەکەن گەر ئەم جۆرە لە هونەر بەردەوامی هەبێت، ئەوا بەها ئەخلاقییەکان، کەلتور، فەرهەنگ، ئەدەب، ڕۆشنبیری تاک و کۆمەڵگا دواڕۆژێکی زۆر خراپیان دەبێت، وادەکات کۆمەڵگە بەرەو داڕمان و لەناوچوون بچێت.

 

چارەسەری تێکدانی هونەری ڕەسەن خاوەن دەرکەوتنی هونەرمەندانە لە هونەر

ڕەخنەگرانی هونەری بۆ چارەسەری ئەو دۆخە بە پێویستی دەزانن تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار بکرێنەوە و هونەرمەندان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەو کارانەی دەیکەن و ڕەچاوی لایەنی مرۆڤایەتی و ڕێز و خۆشەویستی بکەن، بە ئەرکی حکومەتیش دەزانرێت چیدیکە بەردەوامی بەم سیاسەتەی ئێستای نەدات و بە یاسا ڕێکیان بخات، کار بۆ پاراستنی هونەری ڕەسەن و گۆڕینی ناشرینییەکان، چاککردنەوەی هەڵەکان و باشکردن و بەرەو پێشچوونی هونەری کوردی بکات.

 

ت.پ