دەمەوێت بەرهەمەکانم وێژەی کوردی دەوڵەمەندتر بکەن

دیالە عەلی هۆنەر، خەڵکی ناوچەی چل ئاغای شاری قامیشلۆیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: نووسینی هۆنراوە، بەتایبەتی بە زمانی کوردی، بەشێکە لە بوون.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- دیالە عەلی دەرچووی زانکۆی یاسایە، پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایانی لە ڕۆژاڤا تەواو کردووە و ئێستا مامۆستای زمان و وێژەی کوردییە لە چل ئاغا، دیالە نووسەر و هۆنەرە و سەرەڕای تەمەنە گەنجەکەی، لەو فێستیڤاڵ و پێشبڕکێیانەی بەشداری تێدا دەکات، سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت و هەمیشە لە پلەی یەکەمدایە.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا دیالە عەلی باسی لە قۆناغی منداڵی و هۆکارەکانی خۆشەویستی بۆ نووسین کرد و وتی: لە منداڵییەوە حەزم لە نووسین بووە و گرنگی بە وێژە دەدەم، خێزانەکەم هاوکاریان کردم، چونکە باوکم نووسەر بوو، کاریگەری لەسەرم هەبوو و وای لێکردم وێژە و هونراوەم خۆش بووێت، دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا کە پەرە بە خۆم بدەم و بەشداری چالاکییەکان بکەم و بۆچوونێکم هەبێت سەبارەت بە وێژە.

 

دیالە عەلی ڕایگەیاند، قۆناغی ئامادەکاری سەرەتای ڕاستەقینەی خۆی بووە لە بواری نووسیندا و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: قۆناغی ئامادەکاری سەرەتای ڕاستەقینە یان فەرمیی من بوو، چیتر نەترسام و بڕیارمدا بنووسم. زیاتر لەوەش یاداشتنامە و یادەوەری و هەست و ڕووداوەکانم دەنووسی کە ڕوویان دەدا و دەهاتنە مێشکمەوە. لە ڕۆژئاوا لە دوو پێشبڕکێی وێژەییدا بەشداریم کرد و لە هەردوو پێشبڕکێیەکەدا یەکەم بووم.

 

"نووسین بە زمانی دایکی بۆ من بڕیارێکە"

دیالە علی ئاماژەی بەوەدا کە نووسین بە زمانی کوردی ئاسوودەی دەکات و وتی: بێگومان هەڵبژاردنی من ئەوەیە بە زمانی کوردی بنووسم لە پلەی یەکەمدا، چونکە زمانی دایکی منە. ئەمە دروشم و وشەیەکی بچووک نییە کە ئێمە بیڵێین، ئەم زمانە بەشێکە لە کەسایەتی و ژیان و بوونمان لەسەر زەوی، لە بنەڕەتدا ئەمە نابێت هەڵبژاردن بێت، دەبێت بڕیار بێت. کاتێک بە کوردی دەنووسم، دەتوانم زیاتر پێناسەی خۆم بکەم و خۆم تێیدا ببینم، وەک ژن و گەنج و کەسێکی نووسەر، دەمەوێت  لە داهاتوودا بەرهەمم هەبێت و بە دڵنیاییەوە دەمەوێت ئەم بەرهەمانەی من کاریگەرییان هەبێت و جیاوازی لە زمان و وێژەی کوردیدا دروست بکەن.