بەڕێوەچوونی پێشانگای "ئافرەت" بە پاڵپشتی کەسایەتییە دیارەکانی کورد

لە پێشەنگایەکدا ژنانی  هونەرمەند، پۆرترێتی حەپسەخانی نەقیب، فەوزیە قوڕەشی، ژیلا حوسێنی، فەتانە وەلیدی و مەستوورە ئەردەڵانیان، بۆ بەرز نرخاندنی ئەو ژنانە لە مێژووی ژنانی کورددا، نمایش کرد.

لانە قادری

 

بۆکان - گروپی هونەری ئافرەت بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و کەسایەتییە دێرینەکانی شاری بۆکان، سنە، مهاباد و سەقز، پێشانگایەکی هونەرییان بە ناونیشانی "پشتیوانی لە هەوڵ و ڕەنجی کەسایەتییە دیارەکانی کورد" کردەوە.

 

لەم پێشانگایەدا وێنەی کەسایەتییە ناودارەکانی وەک فەتانە وەلیدی، ژیلا حوسێنی و مەستوورە ئەردەڵان نمایشکران، نزیکەی ٣٥ هونەرمەند ئامادەبوون و زۆربەی بەرهەمەکانی پێشانگاکە لەلایەن ژنانەوە کێشراون. هونەرمەندانی وەک سۆنیا فەرۆخزاد، دلارام شەریفی، دانیا سوڵتانی، سومەیە مەلایی و هاوژین ئەلماسی بە کارە هونەریەکانیان بەشدارییان تێیایدا کرد.

 

کردنەوەی پێشانگاکە لە ٢٢ تا ٢٤ ئەیلوول لە هۆڵی سیمورغ لە شاری بۆکان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن هونەرمەندان و خەڵکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و بڕیارە ئەم پێشانگایە لە شارەکانی دیکەشدا بەڕێوە بچێت. مەبەست لە بەڕێوەچوونی پێشانگاکە بریتییە لە پێشخستنی ڕۆشنبیری و هونەر و پاڵپشتیکردنی هونەرمەندان و ناساندنی نەوەی نوێ بە کەسایەتی و هونەرمەندانی دیاری کورد.

 

"ئافرەت" لە زمانی کوردیدا بۆ ژن بەکاردێت و مانای وشەیی دروستکەرە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ناوی ژن بۆ پێشانگاکە هەڵبژێردرا.

 

مینا کەریمی فەرد، مامۆستا و سەرپەرشتیاری پێشانگای ژن، تابلۆی قوتابیەکانی یادگاری بینەرانیان زیندوو کردەوە.

 

سۆنیا فەرۆخزاد، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بەشداری پێشەنگاکەی کرد و وتی: لە منداڵییەوە حەزم لە نیگارکێشان بووە، لە سەرەتاوە درێژەدان بەم کارە قورس بوو، پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەم دامەزراوەیەم ناسی، بەرپرسی پەیمانگا پێی وتم: دەتوانیت لەم بوارەدا کار بکەیت و تابلۆکانت جوانن، منیش بەردەوام بووم لەم کارە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: من زۆر حەزم لە نیگارکێشی هەیە و بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووم، لەم پێشانگایەدا لەگەڵ گروپێک لە ژنانی شێوەکار بەشداربووین و وێنەی هونەرمەندان حەسەن زیرەک و حسێن ڕەحمان زادە و وریا غەفوریم نمایش کردووە، ئامانجیشمان ئەوە بوو کە گەنجان ڕووخساری هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانی کورد و کولتوور و هونەرەکەیان بناسن.

 

لەم پێشانگایەدا ٥٢ بەرهەم پێشکەش کران و ٥ لەو بەرهەمانە بە ڕووخساری ژنان ناسراو بوون، ئەوانیش حەپسەخانی نەقیب، فەوزیە قوڕەشی، ژیلا حوسێنی، فەتانە وەلیدی و مەستوورە ئەردەڵان بوون.