فێستیڤاڵی مونزور دەست پێدەکات

سالڤی گونگورموش هاوسەرۆکی دەبەپە، ڕایگەیاند کە فێستیڤاڵی مونزور لە ٢٥ی تەمموزەوە لە دێرسیم دەست پێدەکات، داوای لەو کەسانە دەکات کە قسەیان هەیە لەم بەرخۆدانەدا و دەنگی خۆیان دەرببڕن.

مەدینە مەمەدئۆغڵو

 

دەرسیم- بیست و دووەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و سروشت مونزور لە دێرسیم بە دروشمی "ڕێگە نادەین دەست بەسەر سروشت و ئیرادەماندا بگیرێت" بەڕێوەدەچێت، بەرنامەکە لە ٢٥ی تەمووزەوە دەست پێدەکات و تا ٢٨ی تەمووز بەردەوام دەبێت، لە میانەی فێستیڤاڵەکەدا پانێڵ، کۆنسێرت و چالاکیی شانۆیی بەڕێوەدەچێت بڕیارە بە هەزاران کەس لە کوردستان و تورکیا بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن.

 

ئەو بۆنەیەی کە هەزاران کەس تێیدا کۆدەبنەوە دژی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و وێرانکردنی سروشت لە شارەکەدا بەڕێوەدەچێت.

 

سالڤی گونگورموش هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، بانگهێشتی هەموو خەڵکی کرد بۆ ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری بکەن.

 

تەوەری سەرەکی بریتییە لە بەرخۆدان

سالڤی گونگورموش، سەرنجی بۆ ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە بە ڕەچاوکردنی تەوەری سەرەکی دیاری کراوە، باسی لەوەشکرد، لە سەردەمی پارێزگارەکاندا ڕێگە نەدەدرا فێستیڤاڵ ئەنجام بدرێت و هەندێک جار فێستیڤاڵەکان بە دوورکەوتنەوە لە ئامانجەکەیان ئەنجام دەدرا و ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵی مونزور بە تەوەری بەرخۆدان دەستی پێکردووە و لەمەشدا بەردەوام دەبێت.

 

" فێستیڤاڵەکەش هێمای خۆڕاگری خەڵکی دەرسیمە"

سالڤی گونگورموش لە درێژەی قسەکانیدا وتی: فێستیڤاڵی سروشت و ڕۆشنبیری ساڵانێکە لە دەرسیم بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێرەدا تەنها مۆسیقا و کات بەسەربردن نییە لە هەمان کاتدا بەرخۆدانێکە، یاخیبوونێکە لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر کولتوور و باوەڕ و ناسنامە و زمان و سروشتمان، هەر بۆیە ویستمان لە کاتی فێستیڤاڵەکەدا بیانهێنینە پێشەوە و سەرنجی خەڵک ڕابکێشین، بەرنامەی فێستیڤاڵەکە زۆر بەرفراوان و پڕە، ئێمە پانێڵ لەسەر سیاسەتەکانی پەیوەست بە ژنان و باوەڕ و ئایین ساز دەکەین، ئێمە ئەم سیاسەتە یان سیاسەتی دەستبەسەرداگرتن قبوڵ ناکەین لە فێستیڤاڵەکەدا جارێکی تر ئەمە دەهێنینەوە بیری هەموو خەڵک و دەسەڵات، پێویستە خەڵک بەشداری لە پانێڵەکاندا بکەن و لەم بابەتەدا قسەیان هەبێت.

 

"باس لە سەرهەڵدانی سیاسەتی شەڕی تایبەت لە شارەکەدا دەکەین"

سالڤی گونگورموش، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لەم فێستیڤاڵەدا باس لە کێشەکانی ئەم دواییەی شارەکە بکرێت و ڕایگەیاند کە دیمۆگرافیای شارەکە لەلایەن سیاسەتە تایبەتەکانی داگیرکەرانەوە کراوەتە ئامانج، داوای لە گەنجان و ژنان کرد کە لە فێستیڤاڵەکەدا قسەیان هەبێت و بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن.

 

دەشڵێت: هەروەها لێرە کۆنسێرت بۆ خەڵک و گەنجان سازدەکرێت، دیسان لە فێستیڤاڵدا گرنگ ئەوەیە بەرەنگاری هێرشەکانی سەر ئاین، زمان و ئیرادەمان ببینەوە، سرووشتی دەرسیم ساڵانێکە بەرەنگاری سیاسەتی جینۆساید دەبێتەوە، لەسەر هەموو پرسە هەنووکەییەکان قسە دەکەین، باس لە کێشەکانی وەک ئالوودەبوون و بێکاری و خۆکوشتن دەکەین کە لەم دواییانەدا لە شارەکەماندا زیادیان کردووە هەروەها بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە زیاتر تەشەنە نەکات، بە قسەکردن لەسەر کێشەکانی ناو شار کار دەکەین، تەوەری سەرەکی ئەمساڵمان بە تەواوی لەسەر ئیرادە و خۆڕاگرییە.

 

"پێویستە خەڵک ئاگاداری فێستیڤاڵەکە بن"

لە کۆتاییدا سالڤی گونگورموش بانگەوازی بۆ خەڵک کرد بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا و وتی: ئەم خەباتە تەنانەت دوای فێستیڤاڵەکەش بەردەوام دەبێت، لەم کاتەدا پێویستە هەم ژنان و هەم گەنجان زمانی دایکی خۆیان و مێژووی خۆیان بپارێزن و بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن، بانگهێشتی هەموو خەڵک دەکەین بۆ گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکە گرنگە بەردەوام بین لەو بەرخۆدانەی کە ساڵانێکە بەردەوامە.