"هەنگاوی ڕەنگەکان" ڕەنگە جیاوازەکانی ژنان نیشان دەدات

بە بەشداری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگای تابلۆ و خۆشنووسی "هەنگاوی ڕەنگەکان" کرایەوە و ڕەنگ و قەڵەمی ژنان جوانی بە پێشەنگاکە بەخشی.

سلێمانی

 

٢٦ی شوبات لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی پێشانگای "هەنگاوی ڕەنگەکان" بە هاوکاری گەلەری ئارتیبیشن تاران و گەلەری ئایرین تاران کرایەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

لە پێشانگاکەدا ناوەندی ٧ ڕەنگە لە بواری وێنەکێشان و خۆشنووسی، ٣٩ هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاران بە ١٥٠ تابلۆ بەشدارییان کردووە، تێیدا زیاتر تیشک خراوەتە سەر ژنان و بە تابلۆکان ئەوەیان دەرخستووە، کە ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا ئازاد نییە و هەروەها ڕەنج و ماندوبوونی ژنان بەرجەستە کراوە.

 

نازەنین، وێنەکێشێکی خەڵکی شاری تارانە، بە دوو تابلۆ بەشداری پێشەنگاکەی کردووە و یەکەمجارە لە شاری سلێمانی بەشداری پێشەنگا بکات، وەک خۆی باسی دەکات، یەکێک لە تابلۆکانی باس لە سیفەتی فریشتەیی ژن دەکات، کە چەندین خەیاڵی جۆراوجۆری هەیە و هیچ کەس ناتوانێت یارمەتی بدات، تەنها خودی ژنەکە نەبێت.