سەیدسادق، پێشانگایەکی کولتوری و دەستڕەنگینی ژنان کرایەوە

پێشەنگایەکی تایبەت بە کاری دەستڕەنگینی و جلوبەرگی کلتوری کوردی لە شارۆچکەی سەیدسادق کرایەوە و ژنان ئاماژە بەوەدەکەن کە دڵخۆشن دەتوانن لە پێشەنگایەکی لەو شێوەیەدا کارە دەستییەکانیان نمایش بکەن.

 

ئاسودە محەمەد

شارەزوور- ئەمڕۆ لە شارۆچکەی سەیدسادق پێشەنگایەکی تایبەت بە کاری دەست و کولتوری بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی کوردیۆ و بە بەشداری چەندین ژن لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان بەڕێوەچوو.

 

نەزیمە حسێن ژنێکی دەستڕەنگینە لەگەڵ ڤیانی کچیدا بە کارە هونەرییە کلاسیکییەکانیان لە شارەزوورەوە هاتوون و بەشداری پێشەنگاکەن، ئەو دایک و کچە کارەکانیان بە هاوبەشی دەکەن و جلەکان دەدروون و دیزاینی دەکەن، دایکەکە باس لەوەدەکات ماوەی ٢٥ ساڵە کاری دروومانی و چنین دەکات و لەسەر داوای هاوڵاتیان کارەکانی ئامادە دەکات، ئەو دایکە دەڵێت: "ئێستا مۆدی کەلوپەلی قەدیمییە و خەڵک حەزی پێدەکەن".

 

ڤیان مەحمود، لەگەڵ دایکیدا بەشداری پێشەنگاکەی کردووە و باس لەوەدەکات کە هاوکاری دایکی دەکات لە چنین و دووریندا و زیاتر بە کاری دیزاینەوە سەرقاڵە، "لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کارەکانمان دەفرۆشین و بەهیواین لە داهاتوودا دووکانێک دابنێین، من کڵاو دەچنم و وێنەی نەخشەکان دەکێشم".

 

"ژنان کار بکەن و پشت بە خۆیان ببەستن"

ڕووخۆش ژنێکی دەستڕەنگین و مامۆستای چنینە، لە شاری هەڵەبجەوە هاتووە تا نمایشی کارەکانی خۆی بکات و داوا لە ژنانی بەهرەمەند دەکات ئەوانیش هەوڵی بەدەستهێنانی کاری خۆیان بدەن تا لە ڕووی ماددیەوە پشت بەخۆیان ببەستن و بێکار نەمێننەوە.

 

ژیان ژنێکی دەستڕەنگینە لە گەرمیانەوە هاتووە، ماوەی شەش ساڵە کاری گروپ و دەستڕەنگینی دەکات، دەڵێت: هەبوونی کار بە گشتی و دەستڕەنگینی بە تایبەت کاریگەریەکی گرنگی هەیە لەسەر ژن، تا کاری دەست هەبێت خەڵک ئارەزووی لە کاری بازاڕ نییە، چونکە کاری دەست تایبەت و جیاوازە.

 

لە هەڵەبجەوە هاتووە و بەشداری پێشەنگاکەیە

شەهلا کەمال لە پارێزگای هەڵەبجەوە هاتووە، مێزەکەی دەستبەند و پشتوێن و ملوانکە و کڵاوی جلی کوردی لێیە، شەهلا هەموو دیزاینەکانی بە خواست و سەلیقەی خۆی دەکات و باس لە کارەکانی دەکات بۆمان، دەشڵێت: ئەم پێشانگایانە دەرفەتێکی گرنگە بۆ نیشاندانی ئەو دەستڕەنگینی و بەرهەمانەی پێوەی ماندووبوون و بژێوی ژیانی لێوەدەست دەکەوێت.

 

پێشەنگاکە ئەمڕۆ دەستیپێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ لە شارۆچکەی سەیدسادق بەردەوام دەبێت.

 

ت.پ