سەیدسادق، لە قوتابخانەکان ڕۆژی جلی کوردی بەرز ڕاگیرا

جیاواز لە ڕۆژانی دیکە، ئەمڕۆ قوتابیان لە زۆربەی قوتابخانەکانی باشوری کوردستان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردیەوە دەوامیان کرد، لە قوتابخانەی ئەشکان لە شارۆچکەی سەیدسادقیش خوێندکاران چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا.

ئاسودە محەمەد

شارەزوور- ئەمڕۆ، ١٠ی ئادار، بە ڕۆژی جلی کوردی دیاریکراوە و لە باشوری کوردستان زۆرینەی دامودەزگا حکومی و ئەهلییەکان و هاوڵاتیان جلی کوردی لەبەردەکەن و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن، قوتابخانەکانیش چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و خوێندکاران و قوتابیان جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشن.

 

بەو بۆنەیەوە قوتابخانەی ئەشکان لە شارۆچکەی سەیدسادق بە چەند چالاکییەک ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت و خوێندکاران جلوبەرگی کوردیان پۆشی.

 

لاڤە ئیبراهیم، مامۆستای قوتابخانەکە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: تا خۆمان و خوێندکاران ماندیەتی دەواممان بیربچێتەوە و یادی ئەم ڕۆژە بکەینەوە، هەمووان بە جلی کوردیەوە هاتووینەتەوە  بۆ قوتابخانە.

 

سێوە یاسین، فێنک سەباح دوو خوێندکارن و دڵخۆشن کە ئەمڕۆ بە جلوبەرگی کوردییەوە چوونەتەوە بۆ قوتابخانە.

 

ئەرینا ڕێبوار، میوانی هاوڕێکەیەتی و لەبەر جوانی جلی کوردی و یادەکە بەشداری چالاکی قوتابخانەکەی کردووە، دەخوازێت هەمووان گرنگی بە یادەکە بدەن وجلی کوردی لەبەربکەن.

 

گۆڤار ئاوات، خوێندکارێکی دیکەیە بە جلی کوردیەوە بەشداری کردووە و باس لە جیاوازی و تایبەتی ڕۆژەکەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

ت.پ