سەیدسادق، کەرنەڤاڵی نێرگز سازدرا
ڕێکخراوی ماڵی خەونەکان بە هاوبەشی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان، کەرنەڤاڵی نێرگزی بۆ نمایشکردنی کاری دەستی، جوانکاری، پێشەنگای هونەری و فۆتۆگرافی و نمایشی جلی کوردی کردەوە.
ئاسودە محەمەد
شارەزوور- بەبۆنەی هاتنی بەهار و نەورۆز ڕێکخراوی ماڵی خەونەکان بە هاوبەشی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان، کەرنەڤاڵی نێرگزی بۆ نمایشکردنی کاری دەستی، جوانکاری، پێشەنگای هونەری و فۆتۆگرافی و نمایشی جلی کوردی لە هۆڵی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان لە شارۆچکەی سەیدسادق کردەوە.
پەیام نەجمەدین، ڕێکخەری کەرنەڤاڵەکە، ئاماژەی بە گرنگی خستنەڕووی توانا و بەهرەی ژنانی شارۆچکەی سەیدسادقی دا و وتی ئەمە پێشوازی و دەستپێکی وەرزی بەهارە.
ئارەزوو ئەرکان، ژنێکی گەنجی دەرچووی پەیمانگایە، یەکەمجارە بەشداری پێشانگا بکات، ئارەزوولە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کارە دەستی و جوانکارییەکانی دەفرۆشێت و کڕیارانی لێی ڕازین.
شەکوا پەشێو، کارەکەی دروستکردنی درەختە بە شێوەی موروو و زەنگیانە، ئەم کارەی خواستی زۆر لەسەرە چونکە بەسەلیقەی ژنێکی دەستڕەنگین دروستکراوە.
شەهلا محەمەد، مێزەکەی بە خواردن و شیرینی کوردەواری و دەستکردنی خۆی ڕازاوەتەوە، ئەگەرچی پێشتر کاری فۆرشرنی نەکردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت خولیای دروستکردنی شیرینی و خواردنی هەیە.
مونیرە ژنێکی دیکەیە کە لە کەرنەڤاڵەکەدا بەشدارە، تابلۆکانی شێوازێکی جوان و جیاوازی بە پێشانگاکە بەخشیوە، کاری ڕەیزن و جوانکاری ژنان دەکات، مونیرە لە ڕیگەی ئۆنلاینەوە کارە هونەرییەکانی دەفرۆشێت.
ت.پ