سەمیرە مەشجەری: هونەر دوا هیوامانە بۆ بونیادنانی ئاشتی
لە عەدەن، ژنان سەرلەنوێ ئامادەیی خۆیان لە مەیدانی کولتووری و هونەریدا دەسەلمێننەوە، سەرەڕای كەمیی تواناكان و بارودۆخی قۆناغەکە، لە ڕێگەی هونەری شێوەکاری، مۆسیقا و شانۆوە ڕووبەڕووی بەربەستەکان دەبنەوە.
فاتمە رەشاد
عەدەن- عەدەن بەردەوامە لە چەسپاندنی بوونی خۆی وەک شارێکی ڕۆشنبیری، کەشی مێژوویی بۆ سەرکردایەتی ژنان کە خۆڕاگری خۆی لە بەرامبەر گۆڕانکاری و قەیرانەکاندا سەلماندووە، لە کاتێکدا شارەکە لە ڕێگەی وشە و مۆسیقا و هونەرەوە ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی شەڕ و قەیرانەکانی دەبێتەوە، بەڵام لەڕاستی کولتووری ئێستا پرسیاری بەرچاو لەبارەی داهاتووی بەشداریی ژنان لە ژیانی گشتی و ڕۆڵی ئەوان لە داڕشتنی دیمەنی کولتووریدا دەوروژێنێت، هەروەها ئەم لەم ڕاستیە دەرگا بەڕووی پرسیارێکی فراوانتردا دەکاتەوە: تا چ ڕادەیەک هونەر دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەوەی کە بەهۆی ململانێیەوە وێران بووە، بۆ بونیادنانی کەشی نوێ بۆ دەربڕین و ئازادی و هیوا؟
هونەری شێوەکاری گەشە دەکات و شانۆ داوای دەق دەکات
لە گفتوگۆیەکی قووڵدا، کە بەدوای ناوەرۆکی ئازاردا دەگەڕێت و چاوی لە نەخشاندنی سیماکانی بەیانییە، سەمیرە مەشجەری، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی کولتوور لە عەدەن، وردەکارییەکانی دیمەنی کولتووری و هەوڵەکانی سەرلەنوێ بونیادنانەوەمان بۆ دەخاتەڕوو، جەختی لەوە کردەوە، کە مەیدانی کولتووری شایەتی بوژانەوەیەکی بەرچاوە لە جووڵەی ژنان و ئارەزووی ڕاستگۆیانەیان بۆ ئامادەیی داهێنەرانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئۆفیسی کولتوور بە سەختی کار دەکات بۆ ڕاکێشان و گەشەپێدانی ئەم تواناوانە لە ڕێگەی چەند ڕێڕەوێکی جیاوازەوە، کە دیارترینیان هونەری شێوەکارییە، لە کاتێکدا ژنانی شێوەکار بە بەرهەمی داهێنەرانەی زۆرەوە بەشدارن لە دەوڵەمەندکردنی دیمەنی کولتووری و هونەریدا، بەڵام زۆربەیان سەر بە خێزانی کاتکۆم و کەمدرامن، ئەمەش وایان لێدەکات پێویستیان بە چاودێری و پاڵپشتی حکومەت هەبێت کە بەهرەکانیان بپارێزێت و ژینگەی گونجاویان بۆ دابین بکات بۆ بەردەوامبوون و داهێنان.
لە بواری مۆسیقادا، نماییشەکان ئامادەبوونێکی هیوابەخشی ژنانی مۆسیقاژەن بەخۆوە دەبینن، لە کاتێکدا ئۆفیسەکە نزیک دەبێتەوە لە دامەزراندنی یەکەم گروپی مۆسیقای ژنان، کە ئەندامەکانیان خەریکی ڕاهێنانی چڕوپڕن لە ژێر چاودێری کۆمەڵێک لە گەورە مۆسیقاژەناندا، لە نێو چاوڕوانییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی حکومی و نێودەوڵەتی کە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیان و بەرزکردنەوەی ئەزموونی هونەرییان.
سەبارەت بە شانۆش، لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین نماییشی بەخۆوە بینیوە کە تێیدا ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە، بەڵام گەورەترین بەربەست بریتییە لە پەرەپێدانی دەستنیشانکردن و دەقی شانۆیی بە شێوازێک کە لەگەڵ ئامادەیی ژناندا بگونجێت، ڕەچاوکردنی گفتوگۆ و پرسەکانی ژنانی و مرۆییەکان بکات، بە جۆرێک کە ئامادەیی ئەوان لە دیمەنی شانۆیی و کولتووریدا بەهێزتر بکات، وتی: کاتێک باس لە ژن دەکەم، باسی قەوارەیەکی هۆشیار و ئامادە دەكەم بە شێوەیەکی کارا، هەر کاتێک بۆشاییەکی بۆ دابین بکرێت، دەبینیت کە داهێنانەکەی بەهێز و بە ڕوونی لە هەموو بوارەکاندا ئامادەیە.
دیارنەبوونی بڕبڕەی پشت
سەبارەت بە ئەزموونی بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی گرنگی سەروەری و کولتووری لە هەلومەرجێکی ناوازەدا، سەمیرە مەشجەری ڕاستی ئەو ئاستەنگانە ناشارێتەوە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە پۆستەکانی بڕیاردان، ڕوونیکردەوە، کە کەمی سەرچاوەی دارایی نوێنەرایەتی گەورەترین ئاستەنگ دەکات، هەروەها دابینکردنی بودجە تاکە ڕێگایە بۆ دروستکردنی کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی، بەو پێیەی "هیچ ڕێنسانسێکی کولتووری نییە بەبێ دابینکردنی توخمە بنەڕەتییەکانی پشتیوانی.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی گۆشەگیربوون و فەرامۆشکردندا، ئۆفیسی کولتوور خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێشخەریی پلاتفۆرمێکی تایبەت بە ژنی داهێنەر ڕابگەیەنێت، بۆ بەستنەوە و ڕاکێشانی هەموو ئەو ژنانەی کە دیمەنی ڕۆشنبیرییان لەناو شارەکاندا دەوڵەمەند کردووە، هەروەها یەکەمین پەناگە و ژینگەی هونەری بێت کە دەسەڵاتیان پێبدات و بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام هەنگاو بن.
لەناو بردنی وێنە نموونەیی کۆنەپەرستانە و بونیادنانی ئاشتی
باسی لە ڕۆڵی وتاری کولتووری کرد لە تێکشکاندنی وێنە نەریتییەکان و بەهێزکردنی هاوبەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەشدا، کە یەکگرتن لە نێوان هاندانی دامەزراوەیی و ڕووماڵی ڕاگەیاندنی سەردەمیدا، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە تێڕوانینی گشتی سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە، هێزەکەی لە تایبەتمەندی جوگرافی و کۆمەڵایەتی عەدەن وەردەگرێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی هونەرەکان لە ئاشتی ناوخۆیدا، وتی: شانۆ ئامرازێکی زیندووە بۆ بەهێزکردنی ئارامی و سەروەریی یاسا، هاوتا لەگەڵ بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی پەسەندکراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش سەبارەت بە دەستپێشخەرییە مەیدانییەکانیش، ئەوا لە پلاندانان و تەختەی شانۆ تێدەپەڕن بۆ ئەوەی چالاککردنی یانە ژنانییەکان، هەروەها ئەنجامدانی وۆرک شۆپ کە نیشان دەدات کە چۆن چالاکییە کولتوورییەکان ئاشتییەکی بەردەوام دروست دەکات.
گێڕانەوەی یادەوەری هونەری بە پێنوسێکی ژنانەی بوێر
سەبارەت بە پاشەکشەی دیاردە کلاسیکییەکان وەک گۆرانیبێژی و مۆسیقای ژنان لەژێر باری قەیرانی ئابووری و بارودۆخی سیاسیدا، سەمیرە مەشجەری شوێنپەنجەی مێژوویی ژنی عەدەن بەبیر دەهێنێتەوە کە هەرگیز لەناو ناچێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە چاکبوونەوە ئەمڕۆ پێویستی بە "پێنوسێکی ژنانەی بوێر" هەیە کە جیاکاری و ململانێکان ڕەت بکاتەوە، داوا لە ژنان دەکات کە بەشداری ناو هەموو بوارەکانی هونەری بکەن، کولتوورێکی هۆشیار پارێزراو بن کە دەستکەوتەکانیان بپارێزێت و داهاتوویەکی باشتر دروست بکات.
ژنانی عەدن جارێکی تر توانای خۆیان سەلماندەوە بۆ گۆڕینی بەربەستەکان بۆ پانتایی خۆڕاگری، ئەوەی کە متمانەکردن بە هونەر بۆ بونیادنانی ئاشتی کایەیەکی هزری بێسود نییە، بەڵکو تاکە گرەوێکە کە ماوەتەوە لەسەر داهاتوویەکی لێبوردەتر و مرۆڤدۆستانەتر.