سلێمانی، بووکە بە بارانێ داوای بارینی بارانی کرد

هاوڵاتیانی گەڕەکی شێخان یادی بووکە بەبارانەیان کردەوە و نزایان لە خودا کرد باران ببارێنێت و کۆتایی بە وشکەساڵی بێت لە هەرێمی کوردستان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بووکە بەبارانە، کلتورێکی کۆنی کوردانە و لەکاتی درەنگ کەوتنی باران بارین و وشکەساڵیدا، منداڵانی گەڕەک کۆدەبنەوە و بووکێکی دارین بە ماڵاندا دەگێڕن و گۆڕانی (هەیاران و نەیاران، یاخوا داکاتە باران، بۆ فەقیر و هەژاران) دەڵێنەوە، هەر ماڵێکیش سەتڵێک ئاو دەڕژێنن بەسەر بووکەکەدا و چەرەسات و نوقڵیش دەدەنە منداڵان بەو ئومێدی وشکەساڵی کۆتایی پێبێت و باران ببارێت.

ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی شەماڵی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە بە دروشمی "لە دونیای پاکی منداڵانەوە کەرناڤاڵی (بووکە بەبارانە) ساز دەکەین" هەستان بە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵێکی تایبەت بە بوکە بەبارانە.

 

کەرنەڤاڵەکە بە بەشداری ژمارەیەک منداڵی گەڕەکی شێخان بەڕێوەچوو، بەو هیوایەی باران ببارێت و هەرێمی کوردستان وەک ساڵی پار ڕووبەڕووی وشکەساڵی نەبێتەوە.

بووکەبارانێ، کلتوركی کۆنی کوردانە

شیلانە ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی شەماڵ بۆ پاراستنی ژینگە بۆ ژنها دوا و وتی: بووکە بەبارانە جۆرە دابونەریتێکە لە ساڵانی ڕابردوودا هەبووە لە ئێستادا بەرەو لەناوچوون دەچێت" باسی لەوەکرد، بەهۆی بوونی وشکە ساڵییەوە ڕێکخراوەکەیان هەستاون بە یادکردنەوەی ئەم دابونەریتە لەڕێی دەستی پاکی منداڵانەوە تا باران ببارێنێت و نزاکانی منداڵان قبوڵ ببێت.

 

شیلانە وتیشی "وشکەساڵی و کەمی باران کاری کردووەتە سەر ژینگە و کەشوهەوای جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت، بۆیە پێویستە ئەم جۆرە یادانە بکرێتەوە تا خودا نزاکانمان قبوڵ بکات، چیتر وشکەساڵی لە وڵاتەکەمان نەمێنێت".

سایە سدیق، یەکێکە لەو منداڵانەی بووەتە پێشڕەو بۆ منداڵەکانی دیکە و بوکەڵەکەی هەڵگرتووە، ماڵ بە ماڵ لە دەرگا دەدات تا ئاو بکەن بە سەری بوکەڵەکەی دەستی و نزا دەکات تا خودا باران ببارێنێت، سایە وتی "بووکە بەبارانێ دەکەین بۆ ئەوەی خودا نزاکانمان قبوڵ بکات و بارانمان بۆ ببارێنێت".

 

شیرین خواکەرەم، ژنێکی دانیشتوی گەڕەکی شێخانە، یەکێک بوو لەو ژنانەی سەتڵێک ئاوی کرد بەسەر بووکەڵەی دەستی منداڵەکاندا، لە قسەکانیدا شیرین ئاماژەی بەوەدا لە ساڵانی ڕابردووەوە ئەم دابونەریتە لەناو کوردا هەبووە و هاوڵاتیان یادیان کردووەتەوە بە تایبەت ئەو ساڵانەی وشکەساڵی هەبووبێت، شیرین لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "نەک تەنها بووکە بەبارانێ پێویستە نوێژە بارانەش بکرێت، بۆ ئەوەی وشکەساڵی نەمێنێت".

ت.پ