شیرین ماوەی ٥٠ ساڵە تەنووری جیاواز دروست دەکات
ژنانی کورد هەمیشە لە هەوڵی پاراستنی کولتووری نەتەوەکەیاندا بوون، ژنێکیش لە شارۆچکەی چەمچەماڵ تا ئێستا تەنووری قوڕ دروست دەکات.
چەمچەماڵ
ژنێک لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ماوەی ٥٠ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی جۆرە جیاوازەکانی تەنوورە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو کارەی دەیزانێت کولتووری کۆنی کوردی بپارێزێت و ژنانی دیکە فێر بکات، وەک باسی دەکات خەڵکی لە ئێستادا حەز بە تەنووری قوڕ دەکەن بە بەراورد بە شێوازە تازەکانی دیکەی وەک تەنووری غاز، دەشڵێت: باشترین وەرز هاوینە بۆ دروستکردنی تەنوور.
"لە دایکم و نەنکمەوە فێری دروستکردنی تەنوور بووم"
شیرین عوسمان، ماوەی٥٠ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی تەنوورە، لە منداڵییەوە و لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی کردووە بە دروستکردنی تەنوور و بۆ فێربوونی تەماشای دایک و نەنکی کردووە، حەزی کردووە بە تەنوورێک نان دروست بکات کە خۆی دروستی کردووە، شیرین بۆ ئەوەی تەنوورێکی باش دروست بکات خۆڵ لە گوندی قۆرە توەوە دەهێنێت، وەک باسی دەکات خۆڵی ناوچەی چەمچەماڵ بە کەڵکی دروستکردنی تەنور نایەت، سەرەتا خۆڵەکە دەهێنێت پاشان دەیخاتە ژێر نایلۆنەوە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە.
شیرین وتی: خەڵکی بەلایانەوە نامۆ بوو بەو تەمەنەوە تەنوور دروست دەکەم و نانیشی پێدەکەم، لەو سەردەمانەشدا ژنان تەنووریان دروست دەکرد نەک پیاوان، سەرەتا خۆڵەکە دەهێنم پاشان خوێی تێدەکەم لەگەڵ ئاو بۆ ماوەیەک دایدەنێم، ئەو خوێیە وایلێدەکات خۆی بگرێت و درز نەبات، ڕاستەوخۆ کایەکەی تێناکەم چونکە قوڕەکە ڕەش دەکات بەڵکو کاتێک دەست دەکەم بە تەنوور دروستکردن لە بەرەوە کایەکەی تێدەکەم بۆ ئەوەی زیاتر خۆی بگرێت.
"باشترین وەرز بۆ دروستکردنی شێوازە جیاوازەکانی تەنوور هاوینە"
شیرین عوسمان لەگەڵ ئەوەی کاری دروستکردنی تەنووری دەکرد خێزانەکەشی بەڕێوە دەبرد و منداڵەکانی پەروەردە دەکرد، دروستکردنی تەنووری کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانی خۆی، وتی: بە ئێستاشەوە هەرچەندە ساج و پەرەمێز، تەنووری غاز هەن بەڵام خەڵکی حەز بە نانی تەنووری قوڕ دەکەن ئەمەش وایکردووە داواکاری لەسەر تەنووری قوڕ زۆر بێت، لە ناوچە جیاوازەکانەوە خەڵکی داوای تەنوور دەکەن و بۆیان دروست دەکەم.
دروستکردنی تەنوور تەنها بە یەک شێواز نییە بەڵکو جیاوازە، وەک شیرین عوسمان باسی لێوەدەکات، تەنووری کولێرە بچوکترە لە تەنووری نان، باشترین کاتیش بۆ دروستکردنی تەنوور هاوینە چونکە لە زستاناندا بەهۆی بارانەوە دڕەنگ وشک دەبێتەوە، لە وەرزی هاویندا جگە لە تەنوور شانەی هەنگ و مەقاڵیش بۆ دروستکردنی خواردن دروست دەکات.
"هەوڵ دەدەم کولتووری کۆنی کورد بهێڵمەوە"
شیرین عوسمان لە وەرزی هاویندا بە ماوەی ڕۆژێک تەنوورێک تەواو دەکات بەڵام لە وەرزی زستاندا دوو بۆ سێ ڕۆژی پێدەچێت، بە شێوازی چین چین دروستی دەکات و هەموو چینەکان لەسەر یەک ناکات بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە و خۆی بگرێت دواتر چینێکی دیکەی لێدەدات، وتی: من تەنوورەکانم جیاوازن بە بەراورد بە تەنووری خەڵکی دیکە چونکە من لە بەشی ناوەوە خەتی تێدەکەم هەر کەسێک نانی پێ بکات تەنوورەکە دەناسێتەوە و دەزانێت هی منە.
لە کۆتایی قسەکانیدا شیرین وتی: خەڵکی زۆر حەز بەو تەنوورانە دەکەن چونکە دەزانن بە شێوازی کۆنی کوردی دروست دەکرێتداوا لە چەندین ژن دەکەم تەنانەت کچەکانی خۆشم و پێیان دەڵێم وەرن فێری دروستکردنی تەنوور ببن بۆ ئەوەی لە دوای خۆشم ئەم کولتوورە بمێنێت و نەوەی داهاتووش شارەزای کولتووری کورد ببن.