شیرین عەبدولکەریم بە وێنەکێشان توندوتیژی دژی ژنان نیشان دەدات
وێنەکێشێکی غەزەیی بە ناوی شیرین عبدولکەریم دەستی بە پرۆژەیەکی هۆشیارکردنەوە کردووە بە ناوی " قوربانی " کە بە کارە هونەرییەکانی توندوتیژی دژی ژنان نیشان دەدات.
نەغم کەراجە
غەزە- شیرین عەبدول کەریمی تەمەن ٢٥ ساڵ تەلارساز و هونەرمەندی فەلەستینییە، کۆلێژی ئەندازیاری تەلارسازی تەواو کردووە بەڵام بە تێکەڵکردنی بەهرە هونەری و تەلارسازییەکانی لە کارە هونەرییەکانیدا پەیکەر و نیگار دروست دەکات کە ئازارەکانی ژنان نیشان دەدات.
شیرین پرۆژەیەکی بە ناوی "قوربانی" بۆ هۆشیارکردنەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بە دروستکردنی پەیکەر و نیگار دەستپێکردووە ئامانج لەپرۆژەکەی نەهێشتنی توندوتیژییە دژ بەژنان.
" ئامانجم ئەوەیە ژنان ببینرێن "
شیرین ئەوەی خستەڕوو کە ئامانجی ئەوەیە کە توندوتیژی دژی ژنانی فەلەستینی ئاشکرا بکرێت، وتی:" دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئازارەکانی ژنان، توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاکاری ڕەگەز، وە نیشانی بدەم کە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک کەسی."
شیرین هەوڵدەدات توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاکاری ڕەگەزی نیشان بدات کە لەسەر دیوار و پەنجەرە و شەقامەکانەوە لە کارە هونەرییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، " لە ڕاستیدا من زیاتر جەخت لەسەر هەستی ژنان دەکەمەوە نەک ئەو چیرۆکانەی لە کارە هونەریەکانمدا هەن چونکە ڕەنگە چیرۆکەکانی ژنان جیاواز بن بەڵام هەستەکانیان هەمیشە وەک یەکن."
" ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان دەبمەوە "
شیرین باسی لەوە کرد کە بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان دەبێتەوە و وتی: "خراپی باری ئابووری و گرانیی ماددە خاوەکان و نەبوونی هەندێک کەرەستە لە کەرتی غەزە لەو ئاستەنگییانەیە کە دێتە ڕێگەم و من بەدەستییەوە دەناڵێنم، بەڵام من هەوڵ دەدەم کەرەستەی جێگرەوە بەکار بهێنم لە کارە هونەرییەکانم بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی ئابووری و ئەو ئابڵۆقەیەی کە لەسەرمان هەیە."
بەشداری لەپێشانگا ناوخۆییەکاندا دەکات
شیرین بەشداری پێشانگایەکی گەورەی هونەری دەکات لەمانگی ئابدا بۆ نمایشکردنی کارە هونەرییەکان و پەیکەرەکانی ڕاشیدەگەێنێت کە تا ئێستا لە چەندین پێشانگای ناوخۆییدا بەشداری کردووە بۆ نمایشکردنی کارە هونەرییەکانی و وتی: "هەست بە دڵخۆشی دەکەم کاتێک لە پێشانگاکاندا میوانەکان سەرسام دەبن بە کارە هونەرییەکانم"