شانۆی " چیرۆکی نیوەڕۆیەکی هەینی" لە مەهاباد نمایش کرا
شانۆی "چیرۆکی نیوەڕۆیەکی هەینی"، کە بە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە مامەڵە لەگەڵ پرس و کێشەکانی ژنانی کۆمەڵگە دەکات نمایش کرا.
سانا محەمەدی
مەهاباد- شانۆی "چیرۆکی نیوەڕۆیەکی هەینی " ئەم شانۆیە لە ١٤ی تشرینی دووەم تا ٢٣ تشرینی دووەم لە شاری مەهاباد نمایشکرا و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکرا.
لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە لە شارە جیاوازەکاندا بەڕێوەدەچن، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە شانۆکاندا، زۆرجار لەو ڕۆڵانەدا دەردەکەون کە ئامانجیان تەحەدای ناتەواوییە کۆمەڵایەتی و نەریتیەکانە و بەرەنگاربوونەوەی کولتووری پیاوسالارییە، ئەم بەرهەمانە باس لە کۆمەڵێک بابەتی وەک پیاوسالاری، هاوسەرگیریی پێشوەختەی منداڵان، خەتەنەکردنی مێینە و هتد دەکەن و ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن لە دروستکردنی کولتوور و گۆڕینی تێڕوانینە هەڵەکان.
پوختەی چیرۆکەکە
شانۆی "چیرۆکی نیوەڕۆیەکی هەینی" باس لە زەماوەندی کچە بچووکەکەی بنەماڵەیەکی گەورە دەکات، کە بەهۆی ئابوورییەوە کێشەی زۆریان هەیە، لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم کێشەیانە، برینە کۆنەکان دەکرێنەوە و ململانێی نێوان ئەندامانی خێزانەکە توندتر دەبێتەوە، لەم نێوەندەدا باوکی خێزانەکە لەسەر جێگاکە نەخۆشە و بێهۆشە و مەترسی ئەوە هەیە لە هەر ساتێکدا ئاهەنگی هاوسەرگیری پەک بکەوێت.
ئەکتەر و بریکارەکان
لەم نمایشەدا هدیە ڕەسووڵپوور، مەسعوود شەریفی، پەیام حسامی، میدیا حیرانی، شیرین دلپەسەند، موراد شەریفی، بەهار خەزار سوارە، حسێن کەریمی و فاتمە میومەند ڕۆڵیان بینیووە، نووسەری ئەم بەرهەمە محەممەد مساوات و وەرگێڕەکەی مەسعوود تەهازادەیە، بەرهەمهێنەری شانۆکە سامان ئیرمی بووە.
شیکاری چیرۆکەکە
ئەم شانۆیە کۆمەڵگەی پیاوسالاری لە شێوەی بنەماڵەیەکدا وێنا دەکات، باوکی بنەماڵە لاواز بووە و ململانێی دەسەڵات لە نێوان کوڕەکانیدا هەیە، لەم نێوەندەدا، کارەکتەری "شیرزاد" لە ڕووکەشدا بنەماڵە دەپارێزێت، بەڵام کارەکانی زیاتر لەسەر بەرژەوەندی کەسی دامەزراون و هێشتا لە چوارچێوەی پێکهاتەی پیاوسالاریدا کاردەکات.
کچانی خێزان لەم نمایشەدا هێمای ژنانی کۆمەڵگەی نەریتی کە دەبێت پابەندی فەرمانی پیاوانی ناو خێزان بن، نیشان دەدەن، "نەرمین" هەوڵ دەدات هەموو ئەندامانی خێزانەکە ڕازی بکات و بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی باوک و منداڵ و خوشکەکەی لە ئەستۆ دەگرێت، ئەم کارەکتەرە هێمای ڕۆڵی نەریتی ژنە لە کۆمەڵگەدا، کە بارگرانی بەرپرسیارێتی خێزانی لە ئەستۆ دەگرێت، لە کاتێکدا پیاوان لەو جۆرە ئەرکانە بەخشراون.
"گوڵاڵە" سەرەتا بەرەنگاری دەبێتەوە، بەڵام دواجار ماندوو دەبێت و وازی لێدەهێنێت، چونکە ئیرادەیەکی بەهێزی نییە، لە لایەکی ترەوە "پەروین" وەک ژنێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت، بەڵام زۆر بەدەست کۆمەڵگە و خێزانەوە دەناڵێنێت.
پەیامی نمایشەکە
ئەم شانۆیە بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە مامەڵە لەگەڵ کێشە و تەحەددیاتی ژنان لە ناو بنەماڵەی پیاوسالاریدا دەکات، ژنان لەم نمایشەدا لەژێر فشاری پیاوانی خێزاندا، وەک باوک یان برا، ناچارن ڕۆڵی تەقلیدی بگێڕن، هەندێک لەو ژنانە لە پێگەی خۆیان وەک چاودێر ناڕازین و هەوڵدەدەن تەحەدای ئەم چەشنە تەقلیدییانە بکەن.
لە کۆمەڵگەی تەقلیدیدا ژنان زۆرترین زەرەرمەند دەبن، چونکە پیاوان بە هۆی داب و نەریتی هەڵەوە دەست بەسەر میراتەکەدا دەگرن و ژنان لە دۆخێکی لاوازی ئابووریدا دەهێڵنەوە، ئەمەش ڕەگ و ڕیشەی لە کولتووری ژنکوژیدا هەیە.
ئەم جۆرە شانۆیانە بە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و یاسایی، تەحەدای ئەقڵیەت و داب و نەریتە درۆینەکان دەکەن و بینەر بانگهێشت دەکەن بۆ ئەوەی بە بیروباوەڕەکانیاندا بچنەوە.