سەدەی ئاڵتونی ژنان لە سینەمای عەرەبیدا

دەرکەوتنی ژنان لە سینەمای عەرەبیدا شکاندنی کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگە بوو، ژنان توانییان بە ڕۆڵ بینینەکانیان، ژیانی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا بخەنە بەرچاو، بە یەکەم بەرهەمهێنانی فیلمیش لەلایەن ژنەوە، ژنان پێش پیاوان کەوتن لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی فیلمدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەردەمی بڵاو بوونەوەی سینەما لە وڵاتانی عەرەبیدا، ژنان ئەو کۆت و بەندانەی کۆمەڵگایان شکاند و چوونە بواری بەرهەم هێنانی فلیـمەوە، شێوازی ڕۆڵگێرانی ژنان و جۆری فیلمەکانی ژن پێشکەشی دەکرد سەرکێشی و بوێریان پێوەکرد و گۆڕییان، فیلمی لەیلا  یەکەمین فیلم بوو لە ساڵی ١٩٢٧ عەزیزە ئەمیر بەرهەمی هێنا، ڕەخنەگری سینەمای ئوسامە عەبدول فەتاح لەو بارەیەوە دەڵیت ژنان پێش پیاوان کەوتن لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی فیلمدا، لە سەرکێشی و جوڵەدا لە پیاوان زیاتر بوێر بوون.

هەر لەهەمان کاتدا ئەکتەر و بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر ئەمینە خەلیل دەرکەوت، دوای ئەویش ئاسیا داغر خاوەنی (السابع) بەرهەمهێنانی سینەمای بووە وەک ئەکتەری لاوەکیش لە فیلمی لەیلادا ڕۆڵی بینیوە وە بەڕابەری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمای بەهێز دادەنرێت بەهۆی هەڵبژاردنی ئەستێرەی فیلمەکان و چرۆکەکان لە چلەکاندا، هەروەها ڕۆڵی لە ١٤ فیلمدا بینیوە ٤٩ فیلمیشی بەرهەمهێناوە، بەهیجە حافز وەک بەرهەم هێن، میوزیکسیان، نوسەر، دەرهێنەر دەرکەوت.

لە کۆتای چلەکانیشدا مەدیحە یوسری بەهێزەوە هاتە بواری بەرهەم‌هێنانەوە ١٨ فیلمی بەرهەم هێناوە، لە پەنجاکانیشدا ماجدە سباحی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دامەزراند زۆرێک لە فیلمی سینەمای گرنگی بەرهەمهێنا وەک أين عمري، جميلة، أنف وثلاث عيون، وە لە حەفتاکانیشدا بەهرەی  ماجدە خەتیب لە سینەمادا دەرکەوت ژمارەی فیلمەکانی پێشکەشی کردن گەشتە ٧٠ فیلم لەوانە قنديل أم هاشم، ثرثرة فوق النيل، العوامة 70، حدوتة مصرية، و قصر الشوق هەروەها لە بواری بەرهەم هێنانی فیلمیشدا فیلمی زائر الفجر بەرهەم هێناوە.

فیلمی كفرناحوم  کە دەرهێنەر نادین لوبەکی لە ٢٠١٨ دەر‌هێنانی بۆ کردووە هەڵبژێرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار بەوەش نادین بووە یەکەمین ژنە عەرەب کە پاڵوراوبێت بۆ خەڵاتی ئۆسکار هەروەها لە ڤیستیڤاڵی کانی سینەمایش بۆ خەڵاتی  Ringwormهەڵبژێراوە.

 

مۆدێل لە سینەمای عەرەبیدا (جوانپۆشی و ناسکی ناونیشانی ژنان بوو)

لە پەنجاکاندا دوای دەستگرتنی سینەما و کارە درامیەکان بەسەر شەقامی میسردا، وە گرنگیدانی ژنانی سینەماکار بە مۆدێلی جیهانی، بەرگدوورە بیانیەکان دەستیان کرد بە گوێزانەی ئەزموونەکانیان بۆ بەرگدوورە میسریەکان، هێنانی مۆدێل بووە هۆی تێکەڵ بوون ڕۆشنبیری میسر و ڕۆژئاوا.

ژنە سینەماکارانی ئەو کاتە جگە لەوەی بە جوانی ڕوخسار و دەنگە بەسۆز و ناسکەکەیان بەناوبانگ بوون، مۆدێلی جلوبەرگ و شێوازی ڕێکخستنی قژیان ببووە هۆکارێک بۆ ڕاکێشانی بینەر و لاسای کردنەوەیان هەتا ئێستاش لەبەر جوانی و سەرنج ڕاکێشی ئەو مۆدێلانە لەلایەن هونەرمەندان و کەسە دیارەکان بەکاردێتەوە، لەوانە لەیلا موراد بە ستایلی قژە ناوەندەکەی و لەگەڵ سوراوە سورەکەی تایبەت بەخۆی ناوبانگی دەرکرد بووە مۆدێلی قژی ژنانی چلەکان بوو.

ستایلی قژی کورت مۆدێلێکی تر بووە کە زۆربەی ژنانی سینەما پێوەی دەرکەوتوون لەوانە سینەماکاری بەناوبانگی عەرەبی فاتن حەمامە لە سەرەتای پەنجاکاندا بەو ستایلەوە دەرکەوتووە، هەروەها ستایلی قژی کاری کە سەندرێلای شاشەی عەرەبی سوعاد حوسنی لە زۆرینەی فیلمە ڕەش و سپیەکاندا پێوەی دەرکەوتووە.

پۆشینی عەزی لە شێوەی ماسیدا لە گرنگترین ئەو مۆدێلانە بوو کە ژنان حەزیان بە پۆشینی دەکرد، هەروەها بەستنی پشتێن لەسەر عەزی جۆرێکی تر بوو لەو مۆدێلانەی ژنان دەیانکرد، وە لە حەفتاکاندا گۆرانکاری گەورە بەسەر شێوازی جلوبەرگ و ستایلی قژدا هات بۆ نموونە پۆشینی قەمیسی ڕەنگاو ڕەنگ و پانتۆڵی فراوان (شارستۆن) و شێوازی قژی درێژی پیاوان، ڕازاندنەوەی قژی ژنان بە شێوازی گەورە و بژ بوونە مۆدێل.

 

فیلمە کاریگەرەکانی باس لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ژن دەکات لە وڵاتانی عەرەبی

لەگەڵ ئەوەی بیری نێرینە بەسەر کۆمەڵگای عەرەبیدا زاڵ بووە، بەڵام ژنە ئەکتەرانی عەرەب هەر لە زووەوە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە فیلمەکانیاندا ڕووداوە کاریگەریەکانی ژیانی ژنانمان نیشان بدەن نموونەی ئەو فیلمە دیارانەش :

فیلمی (دعاء الكروان) لە گرنگترین فیلمە عەرەبیەکانە باسی تاوانی شەرەفی کردووە لە زوودا، ناوەڕۆک و چیرۆکی فیلمەکە باس لەو توندوتیژیانە دەکات بەرامبەر ژن دەکرێت و کۆمەڵگا مافەکانی سنوردار کردووە جگە لەوەی ترسی لەدەستدانی شەرەف خراوەتە دڵیەوە و کاریگەرە لەسەری و هەوڵ دەدات بیپارێزێت و ئەو کچانەی کاری خزمەتکاری دەکەن لە ماڵەکاندا لەلایەنی سۆز و جنسیەوە بەکاردەهێنرێن دەست درێژیان دەکرێتە سەر دواتر بە بێ تاوانی بە تۆمەتی تاوانی شەرەفەوە دەکوژرێن، فیلمەکە لە نواندنی فاتن حەمامە، زەهرە عولایە و ڕۆمانی فیلمەکە و ناونانی  بە دعاء الكروان (دوعای بولبول، جۆرە چۆلەکەیەکی دەنگ خۆشە) ڕەمزی ژنانە کە ئازار دەچێژن و کۆمەڵگا گوێیان بۆ ناگرن و تەنها بە لایەنی جەستەوە لێیان دەڕوانن.

فیلمی (الأستاذة فاطمة) کە لە ٢١ی شوباتی ١٩٥٢ پەخشکرا، خاڵێکی گۆڕانکاریە لە مێژووی تێکۆشانی ژندا چیرۆکی فیلمەکە لە چوارچێوەیەکی کۆمیدیدایە و باسی ژنان دەکات کە هەوڵی کارکردن دەدەن دوای خوێندن، (فاتمە) ئەو کچەی هەوڵدەدات پیشەی پارێزەری بکات دوای خوێندنی لەو بوارەدا وە لەو کاتەشدا پیشەی پارێزەری لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ کرابوو، فاتمە بە هەوڵدانی خۆی نوسینگەی پارێزەری دەکاتەوە بەڵام بەهۆی بێ متمانەی کۆمەڵگاوە شکست دەهێنێت، (عادل) ی دەسگیرانی هەمان پیشەی هەیە توشی ڕووداوێکی تاوان دەبێت فاتمە پشگیری لێدەکات، بەهۆی متمانە بوونی فاتمە بەخۆی و پیشەکەی دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت فیلمەکە لە نواندنی فاتن حەمامە و کەمال شناویە.

فیلمی (أنا حُرّه) چیرۆکی فیلمەکە باسی بوێری کچێک دەکات بەناوی (أمينة) کە هەوڵ و کۆشش دەدات لە پێناو خواست و ئازادی خۆی، ڕوبەڕوی کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگا دەبێتەوە بەسەر کچاندا سەپاندوێتی لە ماف و خواستەکانیان بێبەشی کردوون فیلمەکە لە نواندنی لوبنا عەبدول عەزیزە.

فیلمی الباب المفتوح باس لە حەز و ئارەزووی کچێک بەناوی (لەیلا) دەکات بۆ بەشداری کردن لە شۆرشەکانی ئەو کاتەی وڵاتی گرتنووەوە بۆ هەوڵدان لە هاتنە دەرەوە لەو کەشە کلاسیکیەی تێدا دەژیان، بەڵام خێزانەکەی خێرا دووری دەخەنەوە لێرەوە ژیانە بەرەنگاریەکەی دەست پێدەکات، ئەم فیلمە لە نواندی فاتن حەمامەیە کە هەمیشە  هەوڵی داوە لە ڕێگای فیلمەکانیەوە ڕووداوەکانی ژنان دەربخات زۆرترین فیلمی لەسەر کردووە.

فیلمی (عفوًا أيها القانون) لە ساڵی ١٩٨٥ بەرهەم هێنراوە لە نواندنی نەجلا فەتحی و مەحمود عەبدول عەزیز، چیرۆکی فیلمەکە لە ڕاستیەوە وەرگیراوە باسی ناپاکی پیاوێک و نا دادپەروەری دادگا دەکات لە ڕووداوی تاوانی شەرەف لە نێوان ژن و پیاودا، چوارچێوەی فیلمەکە باس لە دڵسۆزی و وەفای ژنێکە بۆ پیاوەکەی کە کێشەیەکی دەروونی هەیە و ژنەکەی پاڵپشتی دەکات تا چاک دەبێتەوە دواتر پیاوەکە ناپاکی لێدەکات ژنەکەش دەیکوژێت، بەڵام دادگا سزای ١٥ ساڵ زیندانی دەدات لە کاتێکدا گەر پیاوێک ناپاکی لە ژنەکەی ببینێت و بیکوژێت دادگا ئازادی دەکات بەهۆی بەرگری لە  شەرەفی خۆی.

فیلمی (بنتين من مصر) لە ساڵی٢٠١٠ بەرهەم هاتووە چیرۆکی فیلمەکە باسی یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی کۆمەڵگای میسری دەکات ئەویش دواکەوتنی کچانە لە هاوسەرگیری لە ئەنجامی هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسیەکانەوە ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ڕەوشت و جوانیەوە نیە، ڕووداوی فیلمەکە باسکردنە لە دوو کچ لە هاوسەگیری دواکەوتوون و ڕووبەڕووی کێشە و تانە و تەشەرەکانی کۆمەڵگا بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کچەکان لە ژیانی کەسێتی خۆیان سەرکەوتوون بەڵام هاوسەرگیری نەکردنیان بۆتە هۆکاری تێکچوونی دەرونیان.

فیلمی (خلف الأبواب المغلقة) تیشکی خستۆتە سەر ڕووداوەکانی دەستدرێژی لە شوێنی کار لە وڵاتی مەغریب، چیرۆکی فیلمەکە باس لە کارمەندێکی جوانی گەنج دەکات کە  بەڕێوبەرە تازەکە چاوی تێبڕیوە هەوڵ دەدات دەستدرێژی بکاتە سەر.

 فیلمی (ديجراديه) فیلمێکی فەڵەستینیە و باسی ژنێکی ڕوسی دەکات شووی بە پیاوێکی فەڵەستینی کردووە ژیانێکی دوور لە نیشتیمانەکەی هەڵبژرادووە لە پێناو خۆشەویستەکەی، ڕووداوەکان لە نێوانی سەرکوت کردن، خۆشەویستی، توندوتیژی (دەرونی و جەستەی)، هەژاری، نەخۆشیدا کۆبۆتەوە.

فیلمی (فاطمة نسومر) تیشکی ڕوناکی خستۆتە سەر بەرەنگاری خێڵەکانی جەزائیر بەرامبەر داگیرکاری فەڕەنسا لە کۆتایەکانی سەدەی حەڤدەهەمدا لە ڕێگای کەسایەتی فاتمە نسومەر کە ڕەمزێک بووە لە ڕەمزەکانی بەرەنگاری گەلی جەزائیر.

 

لە هەریەک لە چیرۆکی ئەم فیلمانەوە بەشێک لە تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانی ژنانی عەرەبمان بۆ دەردەکەوێت وە ئەو کۆت و بەندانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەگرانی بواری سینەما هێشتا ناڕازین لە بەرهەمەکانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ژنان کراون، بەڵام هەر یەکێک لەم فیلمانە کاریگەریەکی باشی بەسەر ژیانی واقعەوە هەبووە و توانیوویانە کەم تا زۆر دەنگی ناڕەزایی ژنان بگەیەنن.

 

ت.پ