فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە پێشەنگای شێوەکاری و کتێب دەستیپێکرد

بە دروشمی "٢٥ساڵە، بەهرە و ئازادی ئاوێزانی گەلاوێژن" و فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەستیپێکرد و لە سەرەتاشدا پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری و پێشانگای کتێب  کرایەوە و ژمارەکەی زۆر لە هاوڵاتیان و هونەرمەندان و خوێنەران بەشدار بوون.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ بە هاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دروشمی "٢٥ساڵە، بەهرە و ئازادی ئاوێزانی گەلاوێژن"، مەراسیمی دەستپێکردنی فێستیڤاڵی گەلاوێژیان بە پێشەنگایەکی هاوبەشی شیوەکاری و کتێب بەڕێوەبرد.

 

فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە چەندین چالاکی هونەری و ئەدەبی بەردەوام دەبێت، لە یەکەم ڕۆژیشدا وەک دەستپێکی چالاکییەکانی هەردوو پێشەنگای شێوەکاری بە ناونیشانی "باڵندەکانی ئیسماعیل خەیات لە ئاسمانی گەلاوێژدا" بە بەشداری ١٥٠ هونەرمەندی شێوەکاری هەرێمی کوردستان و عێراق و پێشانگای کتێب بە ناونیشانی "کتێب چرای هزرە" بە بەشداری ٢٢ ناوەندی ڕۆشنبیری و دەزگاکانی چاپکردنی کتێبی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی و کارگەی کلتووری جگەرەکە بەڕێوەچوو.

 

هەروەها لە پێشەنگاکەدا کە ژنان بە وێنە و هونەرەکەیان ڕۆڵی بەرچاویان تێدا گێڕا، بە چەندین کاری دەستی و هونەری بەشداربوون، کاتژمێر ٤:٠٠یش لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی و ڕۆژانی داهاتوو چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت.

 

"ژنانی شێوەکار بە تابلۆکانیان پێشانگاکەیان ڕازاندبووەوە"

گۆنا محەمەد، شێوەکار لە شاری سلێمانییەوە بە تابلۆیەکی فۆلکلۆری بەشدارە کە باسی لە ژنانی کورد دەکرد لەو کاتەی دەستاڕ بەکاردەهێنن.

 

لە پێشەنگایەدا بەشی زۆری هونەرمەندانی عێراق بەشدارییان کردووە و ژنان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، تریفە ئیبراهیم، شێوەکار، تابلۆکەی باس لە داهاتووی ژنان و ئەو هونەرە دەکات کە لە ژناندا هەن، پێی وایە کاتێک ژنێک تابلۆیەک دەکێشێت و باس لە دۆخی ژن دەکات دەتوانێت باشترین پێشکەش بکات چونکە ژنان زیاتر لە دۆخی خۆیان و ناخی ژن تێدەگەن.

 

وتیشی: "بەشداریکردنی ژنان لەم فێستیڤاڵانەدا گرنگە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بیروڕای خۆیان لە ڕێگای تابلۆکانیانەوە دەربخەن و تێکەڵ بە کۆمەڵگا و پێشکەوتنی سەردەم ببن، بۆیە فێستیڤاڵی لەم شێوەیە هاوکارە بۆ دەرخستنی بەرهەمەکان و تێکەڵاوبوونی هونەرمەندان و تێگەیشتنی ژنان لە هونەرە جیاوازەکان."

 

ناز عەلی شێوەکار لە شاری هەولێرە بەشدارە، تابلۆکەی ناز سەبارەت بە هاوڵاتیانی ئێزیدی بوو، باسی ڕووناکی و پیرۆزیی گەلی ئێزیدی دەکرد، هەروەها باسی لەو دۆخەی هاوڵاتیانی ئێزیدی دەکرد کە چۆن دەچەوسێندرێنەوە لە بەرامبەر بیروباوەڕەکانیان، لە کۆتایدا هیوای ئاشتیخوازی بۆ گەلانی جیاواز و خاوەن بیری جیاواز دەخوازێت و دەڵێت "ئامانجی تابلۆکەم پێکەوە ژیانە".

 

"با بەرهەمەکانمان خۆماڵی بن"

سۆزان، بە کاری دەستی دروستکردنی سابوونی سروشتی بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردبوو، سۆزان بەهۆی کێشەی پێستەوە بڕیاری داوە خۆی توێژینەوە بکات بۆ سابوونی باش تا لە توێژینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە باشترین جۆرەکانی سابوون لە چی و چۆن دروستدەکرێت، بۆیە بڕیاریداوە دەست بکات بەو کارە و بیکاتە کاری سەرەکی خۆی.

دەشڵێت "سەرەتا بۆ خودی خۆم و خێزانەکەم سابونم دروستدەکرد، بەڵام دواتر کە زانیم سودی لێوەردەگرم و سابوونەکە سروشتییە و لە زەیتی سروشتی دروستدەکرێت، بڕیارمدا بۆ خەڵکی دیکەشی دروستبکەم".

 

کتێب و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە بوون

ئیمان عەلی، وەک یەکێک لە ناوەندەکانی ڕۆشنبیری چاپ لە فێستیڤاڵەکەدا کتێب دەفرۆشێت، تایبەت بە خوێنەر و گرنگی خوێندنەوە ئاماژەی  بەوەدا کە فێستیڤاڵەکان بە گشتی و ئەو فێستیڤاڵانەی تیایدا گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری دەدرێت گرنگن چونکە دەتوانن کەسانی سەردانیکەر سود وەربگرن، "هەرچەندە خودی خۆم خوێنەرێکی باش نیم بەڵام کەم تا زۆر کەسێکم حەز بە گەڕان دەکەم، بەڵام گرنگە گەنجان بخوێننەوە ئەویش خوێندنەوەیەک نا بتکاتە مشەخۆری بابەتی کەسانی دیکە و وات لێبکات لە دانیشتنێکدا بێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی دێڕی کێبەکان بگەیت بیانڵێیتەوە".

 

شاتوو بەختیار، تەمەنی ٢٠ ساڵە و ماوەی ٦ ساڵە دەخوێنێتەوە، پێیوایە فێستیڤاڵی هونەری و ڕۆشنبیری وەک فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەتوانێت زەمینەیەکی ڕۆشنبیری نوێ دروستبکات بۆ هاوڵاتیان بە گشتی و خوێنەران بە تایبەت، "پێویستە گەنجان خوێندنەوەکانیان لە بوارێکدا بەرتەسک نەکەنەوە و زۆر بوار هەڵبژێرن بۆ خوێندنەوە".