فیستیڤاڵی ساڵانەی خوێندنگاکان لە حاجیئاوا ئەنجامدرا

لە حاجیئاوا خوێندنگا و قوتابخانەکان بەچەندین چالاکی و نمایشی کوردەواری لەلایەن خوێندکارانەوە فیستیڤاڵی ساڵانەیان ئەنجامدا.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- دوێنێ ڕۆژی ٥ شەمە لە حاجیاوا فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانە و خوێندنگاکان ئەنجام درا، کە تیایدا خوێندنگاکان چەندین چالاکی کوردەواری لە " جلوبەرگی کوردی، خواردنی کوردەواری، کەرەستەی کوردەواری " نمایشدەکەن کە چالاکییەکان لەلایەن خوێندکارانەوە ئەنجامدەدرێت بە ئامانجی زیندووڕاگرتن و ئاشناکردنی کلتوور و کەلەپووری کوردی بە نەوەکانی داهاتوو و هەروەها میوانانی بەشداربووی فیستیڤاڵەکە.

 

قوتابخانەی ڕۆژهەڵات لە حاجیاوا فیستیڤاڵی ساڵانەی ئەنجامدا و لەم چالاکیەدا چەندین جۆر چالاکی نمایش کران وەک خواردنی کوردەواری و جل و بەرگ و کەرەستەی کەلەپوری و وەرزش و هونەر و بابەتی تر کە لەلایەن فێرخوازانەوە ئامادەکرابوو.

 

دڵگەش موسلی، مامۆستای بەشی کوردی لە قوتابخانەی ڕۆژهەڵات دەربارەی ئامانجی چالاکی قوتابخانەکەیان وتی: " ئێمە ئەمڕۆ هەڵساین بە کردنەوەی پێشانگایەک لە قوتابخانەی ڕۆژهەڵات بە سەرپەرشتی مامۆستا موسلی عبدالرحمان یاریدەدەری قوتابخانەی ڕۆژهەڵات وە بیرۆکەی بەندە دڵگەش کچی حاجی مامۆستا ئەم پێشانگا کەلەپوریە کوردەواریەمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئەم نەوانەی ئێستا ئەم قوتابیانە و میوانەکان کە دێن سەردانی قوتابخانەکەمان دەکەن ئاشنا بن بە کەلەپوور و شێوازە جوانەکەی جلوبەرگی کوردی کە لە کۆندا هەبووە بە داخەوە کە ئێستا دەبینن زۆرێک لە کلتورەکانمان خەریکە لە ناو دەچن."

 

دڵگەش ئاماژەی بەوەشدا ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکییانە یارمەتی زیندووڕاگرتنی کلتوور و کەلەپووری کوردی دەدات و وتی: " ئەم فیستیڤاڵ و پێشانگایە وا دەکات دووبارە ئەم کلتورە جوانە بێتەوە ناو  نەوەکانی ئێستا بۆیە خۆمان بە جل و بەرگی کوردی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاشنا بن پێی و دەستورێکی جوانی کوردەواریە و ئومێد دەکەم کە ئەو دەستورە جوانە لە ناو کورددا بمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا ئەم فیستیڤاڵە ئامادەکاریشە بۆ جەژنی نەورۆز بۆ نمایش کردنی ئەو جل و بەرگە کوردیانەی کە لە کۆندا هەبوون."    

 

ساوێن عمر، میوانێکی بەشداربوو باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە کرد و وتی: "هاتووم بەشداری بکەم لە فیستیڤاڵی قوتابخانەی ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی حاجیاوا سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، پێویستە ئەم جۆرە فیستیڤاڵە کوردەواری وفۆلکلۆریانە ساڵانە بکرێت لە هەمو قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگایەک بۆ ئەوەی جل و بەرگی کوردی و خواردنە کوردەواریەکان بناسێنین بە نەوەکانی ئێستا بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن بە فۆلکلۆری کوردی و جل و بەرگی کوردی.