قەڵای "شقیف"… مێژوویەک کە لەسەر بەرد هەڵکۆڵدراوە
لە دڵی باشووری لوبناندا، قەڵای "شقیف" بە پێوە وەستاوەو شایەتە بۆ سەدەیەک لە ململانێکان، لە کاتێکدا تەقینەوەکەی دوایی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە سەردەمییەکان دروست کردووە، لە بەرامبەر سەختی و ڕەقی پێکهاتە بەردینەکەی کە بە خودی چیاکەوە گرێ دراوە
رەنا جونی
لوبنان ـ قەڵای "شقیف" تەنها شوێنەوارێکی مێژوویی نییە لە باشووری لبنان، بەڵکو شوێنێکی مێژوویی و ستراتیژییە کە دیوارەکانی چەندین سەدەی جەنگ و گۆڕانکاریی تێدا کۆبووەتەوە، قەڵاکە، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خاچپەرستەکان، قەڵایەکی فەرمانڕەوایی گرنگ و شوێنێکی سەربازی پێشکەوتوو بوو، زیندانەکان و شوێنەکانی سەرکردایەتی سەربازی و بورجێکی چاودێریکردنی تێدایە.
لە ماوەی جەنگی کۆتاییدا، دەوروبەری قەڵای "شقیف" ڕووبەڕووی تەقینەوەیەکی گەورە بووەوە کە تیایدا هێزەکانی ئیسرائیل نزیکەی حەوت سەد تەن تەقەمەنییان بەکارهێنا، ئەمەش نیگەرانی دروست کرد سەبارەت به بەشەکانی قەڵاکە و نۆژەنکردنەوە سەردەمیەکانی.
قەڵایەکی بەردینی فرە ئەرک کە مێژوویەکی سەربازیی بەدوای یەکدا دەگێڕێتەوە
لینا جونی، شارەزای شوێنەوار و هونەرمەندی شێوەکار، شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکات کە قەڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خاچپەرستەکان، لەو کاتەدا یەکێک بوو لە قەڵا گرنگەکان کە خاوەنی رۆڵێکی سیاسی و سەربازی بوو، چونکە زیندانەکان و دامەزراوەکانی تایبەت بە سەرکردایەتی سەربازی لەخۆگرتبوو، هەروەها بۆ بورجێکی چاودێریکردن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە بینای سەرەکی قەڵاکە ژمارەیەکی زۆر لە پلیکانە و ژووری ناوخۆیی لەخۆدەگرێت کە لە دەرەوەوە دیار نیین، لە کاتی پیاسەکردن لەناو دەروازەکاندا، دەبێتە هۆی تێبینی کردنی ڕێڕەوی ڕوون، لەگەڵ ڕێڕەوی تر کە پێویستی بە دابەزین هەیە لە ڕێگەی پلیکانەکانەوە، لەو شوێنەی کە ژوورە بەدوای یەکەکان لەژێر یەکتردا دابەش بوون، جگە لەو شوێنانەی کە دەچنە سەر گۆڕەکان و درێژ دەبنەوە بەرەو هێڵی ڕووبارەکە.
جەختی لەوە کردەوە، کە گرنگی شوێنەکە تەنها بە سەردەمی خاچپەرستەکان سنووردار نەبووە، بەڵکو قەڵاکە پێکهاتبوو لە شوێنێکی چەسپاو و ستراتیژی کە لە قۆناغە جیاوازەکانی جەنگدا بەکارهێنرا، لەوانە جەنگی ناوخۆ و جەنگی ئیسرائیل، هەروەها هێزەکانی تورکیاش لە سەردەمی پێشوودا گەیشتنە ئەوێ.
ڕوونیدەکاتەوە، کە سروشتی دروستکردنی قەڵاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتی زەوی و ئەو بەردانەی تێیدا هەن هەبووە، شوێنەکە لەسەر زەوییەکی بەردینی زۆر رەق دروست کراوە، بەتایبەت بەردی چەقماق، کە ئەمەش ناچاری کرد بیناکە شێوەی لۆچداری هەبێت، چونکە نەدەکردا لە هەندێک ناوچەدا فراوان بكرێت یان هەڵکۆڵدرێت، بۆیە ئەو مەیدانە بەردەستانە بەپێی تۆپۆگرافیای شوێنەکە بەکارهێنران.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بوونی ئەشکەوتەکە کە کون و قوژبنی گەورەی هەیە، تێڕوانینێکی ڕوون دەداتە دەست سەبارەت بە قەبارەی ئەشکەوت و تونێلەکان لەناو قەڵاکەدا، بەڵام ئەم تونێلانە بە مەرجێک نییە وەک تونێلی جەنگی یان سەربازی بە واتای نەریتی لێکبدرێنەوە، بەڵکو بەشێک بوون لە سیستمی گشتی قەڵاکە، کە چەندین ئەرکی جێبەجێکرد، لەوانە ئەرکی سەربازی، بەکارهێنانی هەندێک بەشی وەک زیندان، جگە لەوەی کە بنکەیەک بوو بۆ سەرکردایەتی.
نۆژەنکردنەوەی سەردەمی لە بەرامبەر رەقی بیناسازی ڕەسەنی قەڵاکەدا
ڕوونیکردەوە، کە قەڵاکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕا وەک بورجێکی چاودێریکردن، بەهۆی شوێنە بەرزەکەیەوە کە ڕێگە بە ئاشکراکردنی ناوچەی دەوروبەری دەدات لە هەموو لایەکەوە، لەلایەکەوە، ڕووبارەکە درێژ دەبێتەوە، لە لایەکەی تریشەوە دەشتەکانی زوتر و کفرتبنيت دەردەکەون، لە کاتێکدا لە لای ترەوە دەکرێت دێر سريان و ناوچە دەوروبەرییەکان ببیندێن، وتی: ئەم شوێنە ستراتیژییە وایکرد قەڵاکە ببێتە خاڵێکی چاودێری کە دەوروبەری خۆی بە شێوەیەکی بەرفراوان دەبینێت.
لینا جونی دەگوازێتەوە بۆ سەر یەکێک لە بورجەکانی قەڵاکە، و ڕوونیکردەوە، کە بورجەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە، لە کاتێکدا لە ژێریەوە زیاتر لە سێ نهۆم درێژ دەبێتەوە، ژمارەیەکی زۆر ژوور لەخۆدەگرێت کە بۆ پاسەوانیکردن تەرخان کرابوون، قەڵاکە تووشی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە بووە کە کاتێکی زۆری خایاند، پێش ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا دووبارە بکرێتەوە، بەڵام نۆژەنکردنەوەکە لەسەر بنەمایەکی سەرەکی جەختی لەسەر چاککردنەوەی دەرکەوتەی دەرەکی قەڵاکە کردەوە، لەوانە چارەسەرکردنی هەندێک بەش کە بە قادرمە داپۆشرا بوون، نەبوو بە نۆژەنکردنەوەیەکی داڕێزراوی تەواو بۆ خودی بەردەکان، بەهۆی سەختی کارکردن لەسەر بەردە زۆر رەقەکان و سروشتی تایبەتیانەوە.
ڕوونیکردەوە، کە کارەکانی نۆژەنکردنەوە ڕێگەیان داوە کە جارێکی تر بگەینە ئەو ژوورانەی کە لە نهۆمە ناوخۆییەکاندا هەن، هەروەها دانانی پلیکانەی نوێی لەخۆگرت لەو شوێنانەی کە پلیکانە ڕەسەنەکانیان لە ماوەی داگیرکارییدا و پێش ساڵی ٢٠٠٠ تێکدرابوون، هەروەها قەڵاکە لە قۆناغە جیاوازەکاندا شاهیدی بوونی لایەن و حیزبی فرەچەشن بوو، ڕۆیشتووەکان لە هەندێک کاتدا هەڵدەسان بە تەقاندنەوەی بەشێک لە شوێنەکە، کە ئەمەش بووە هۆی تێکدانی ژمارەیەک لە پلیکانە و ڕێڕەوی ناوخۆیی.
وتی: ئەو ژوورانەی کە لە قووڵایی قەڵاکەدا هەن بۆ مەبەستی فرەچەشن بەکارهێنران، لەوانە زیندان، نیشتەجێبوونی پاسەوان، جگە لە ژووری تەرخانکراو بۆ کارگێڕی، بۆ ڕێگەدان بە گەیشتن پێیان، پلیکانەی ئاسنی نوێ لە چوارچێوەی کارەکانی نۆژەنکردنەوەدا دانران.
بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی کە بەشەکانی نۆژەنکردنەوەی سەردەمی لە ئەنجامی تەقینەوەکان و موشەکەکانەوە کە کاریگەری لەرزینیان هەیە ڕەنگە زیانیان پێگەیشتبێت، ئەم کارانە، سەرەڕای بەشداریكردنیان لە پاراستنی شێوە گشتیی قەڵاکە، دیزاین نەکرابوون بۆ بەرگەگرتنی لێدانی لەو شێوەیە، هەندێک لە بەشەکانی نۆژەنکردنەوەی سەردەمی پێشبینی دەکرێت زیانیان پێگەیشتبێت، لە کاتێکدا بەشەکانی تری پێکهاتەی قەڵاکە بە سەختی مانەوە بەهۆی سروشتی پێکهاتە بەردینەکەیانەوە.
پێکهاتەی بەردینی قەڵاکە بەرگرییەکەی لە بەرامبەر بۆردوومان و تەقینەوەکاندا بەهێزتر دەکات
لینا جونی ڕوونیکردەوە، کە قەڵاکە لە بنەڕەتدا لەسەر کتلەی بەردینی گەورە وەستاوە، ئەمەش سروشتێکی جیۆلۆجییە کە وایکردووە شوێنەکە سەخت بێت بۆ بەکارهێنانی لە کشتوکاڵدا یان بیناسازی، هەروەها ڕێگری لە درێژبوونەوەی دامەزراوەکانی کردووە لەوێوە بەرەو ڕووبارەکە، پێی وایە کە ئەم پێکهاتە بەردینە خۆی بەشدار بووە لە پاراستنی بەشە ناوخۆییەکان لە داڕمانێکی تەواو لە ئەنجامی بۆردومان و تەقینەوەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە تێکدانی قەڵاکە لە ناوەوە پێویستی بە گەیشتن بە قوڵترین ئاستەکانی هەبوو، دابەزین لە ڕێگەی پلیکانە و ڕێڕەوەکانەوە تاوەکو دەگاتە نهۆمە ناوخۆییەکان، پاشان بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی بە چەندین ڕێگە، بە مەبەستی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر پێکهاتە بەردینەکەی و دروستکردنی داڕمانێکی کارا تیایدا.
نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی کە تەقینەوەکانی دوایی زیانیان گەیاندبێت بە بەشێک لە قەڵاکە، بەتایبەت ئەوانەی کە خرانە ژێر نۆژەنکردنەوەی سەردەمیەوە،هەروەها ئەو کەرەستەی لە کارەکانی نۆژەنکردنەوەدا بەکارهاتوون جیاوازن لە بینای ڕەسەن، چونکە لە هەندێک بەشیدا پشتیان بە کەرەستەی سەردەمی و کەمتر رەق بەستووە وەک لەو کتلە بەردینانەی کە قەڵاکە لە ڕووی مێژووییەوە لێی پێکهاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو پلیکانە و ڕێڕەوانەی کە بە شێوەیەکی سەردەمی دووبارە دروستکرانەوە، لەوانە ڕێڕەو و پردی ئاسنی کە بە دار یان پارچەی ئاسن داپۆشرابوون بۆ ئاسانکاریکردنی جووڵەی سەردانکەران، دیزاین نەکرا بوون بۆ هەڵگرتنی بڕی گەورەی تەقەمەنی و موشەک، تەنانەت ئەگەر هەندێک لە بەشەکانیان لە ئاسنیش دروستکرابوون.
جەختی لەوە کردەوە، کە بینای ڕەسەنی هەمیشەیی لە قووڵایی قەڵاکەدا توانایەکی زیاتری هەیە بۆ بەرگەگرتن، بەهۆی ئەستووری دیوارەکان و کتلە بەردینەکانەوە کە پێکهاتە بنەڕەتییەکەی پێکدەهێنن، هەروەها ڕێژەی کون و پەنجەرەکان لە دیوارە دەرەکییەکاندا زۆر سنووردارە بەراورد بە ئەستووری دیوارەکان و بەردەکان، کە ئەمەش توانای قەڵاکەی بەهێزتر کردووە بۆ بەرنگاربوونەوەی لێدانەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەندێک لە نهۆمە ناوخۆییەکان لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا وەک زیندان بەکارهێنراون، جا لە سەردەمی خاچپەرستەکاندا بێت یان لە سەردەمی دواتردا، لەوانەش ماوەی بوونی ئیسرائیل، قەڵاکە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کونەکانی تیشکەوتنی جەنگی نەبەستبوو لە بەرگرییەکەیدا.
قەڵاکە بەرگری لە تێکدان دەکات
لینا جونی پێی وایە کە سنوورداری ئەم کونکردنەوانە، لەگەڵ ئەستووری دیوارەکان و هێزی بیناسازی بەردین، بە شێوەیەکی گەورە ڕوونکردنەوە دەدات بۆ تواناى بەشە ڕەسەنەکانی قەڵاکە لە بەرگەگرتن و نەکەوتنە بەر داڕمانێکی گشتییەوە.
لە بەرامبەردا، هۆشداری دەدات لە مەترسی تری کە ڕەنگە هەڕەشە لە شوێنەکە بکەن، بەتایبەت ئەگەری دەستکاری کردنی بەشە ناوخۆییەکانی یان کردنەوەی ڕێڕەوی نوێ بەرەو دڵی قەڵاکە، بە شێوەیەک کە ڕەنگە ببێتە هۆی شێواندنی پێکهاتە مێژووییەکەی یان زیانگەیاندن پێی، هەروەها سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی کە زیانگەیشتن بە بەشە سەرووی قەڵاکە بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر بورج و دامەزراوەکانی لەسەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە قەڵاکە لە نزیکەوە پشکنینی بۆ نەکراوە دوای تەقینەوەکە، بۆیە ناترێت قەبارەی زیانەکان بە شێوەیەکی یەکجاری دیاری بکرێت لەم کاتەدا، بەڵام بەشە سەرووی، و بەتایبەت بورجەکان، وەک یەکێک لەو خاڵانە دەمێننەوە کە دەترسرێت زیانیان پێگەیشتبێت.
لینا جونی پێی وایە کە ئەو بەشانەی کە لە نۆژەنکردنەوەی سەردەمی زیانیان پێگەیشتووە دەکرێت دووبارە بخرێنەوە ژێر کار و نۆژەن ببنەوە، ڕێڕەو و پلیکانەکان کە بە شێوەیەکی سەردەمی دروستکران ڕەنگە زیانیان پێگەیشتبێت یان داڕمابن، بەڵام دووبارە دروستکردنەوەیان دەکرێت، لەوانەش بەکارهێنانی بەرد و دووبارە دیزاینکردنیان بە شێوەیەک کە لەگەڵ سروشتی قەڵاکەدا بگونجێت.
بەڵام ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو بەشە سەختترین لە تێکدان بریتییە لە بناغە بەردینەکەی قەڵاکە، وتی: ئەوەی ناتوانرێت بە ئاسانی لاببرێت بریتییە لە خودی چیاکە، بەتایبەت کە شوێنەکە لەسەر بەردی چەقماق کە زۆر رەقە وەستاوە.
ڕوونیکردەوە، کە بیرۆکەکە پەیوەندی بەوەوە نییە کە قەڵاکە بە شێوەیەکی نایاب قایم کراوە تەنها، بەڵکو پەیوەندی بە سروشتی ئەو بەردەوە هەیە کە لەسەری دروست کراوە، چونکە هێزی بەردی چەقماق وای لێدەکات کە تێکدانی کارێکی زۆر سەخت بێت، تەنانەت لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی زۆر بە هێزیشدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەندازیاری قەڵاکە و شێوازی دروستکردنی ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لە بەخشینی ئەم توانایە پێی بۆ بەرگەگرتن، هەروەها شوێنە ستراتیژییەکەی، لەگەڵ پێکهاتە ئەندازیارییەکەی و سروشتە بەردینەکەی، وایکردووە لە درێژایی مێژوودا جێگەی بایەخی هێزەکان بێت کە لە ناوچەکەدا تێپەڕین، هەوڵیانداوە کۆنتڕۆڵی بکەن و بەکاری بهێنن.
سەبارەت بە کاری هونەری کە تێیدا قەڵاکەی کێشا، ڕوونیکردەوە، ئەو هەڵیبژاردووە کە لەناو دیمەنێکی تەمومژاویدا پێشکەشی بکات، بە ئەنقەست نیشان نەدانی وردەکاری دابەشبوونی بەرد و کونی پەنجەرەکان، بەهۆی ئەو زیانانەی کە بەریکەوتوون، چونکە شێوە کۆتاییەکەی دوای کارەکانی نۆژەنکردنەوەی داهاتوو هێشتا نەزانراوە.
بەراوردی دەکات لە نێوان ئەم قەڵایە و شوێنەوارەکانی تری کە تووشی زیان بوون، وتی: هەندێک شوێن، وەک ”شمع و دوبية و عنجر”، جیاوازن لە ڕووی سروشتی دروستکردنیان و ئەرکی گەشتیارییانەوە، لە کاتێکدا شوێنەکانی تر تووشی زیانی گەورە بوون، لەوانەش دیوارەکانی بەعلبک، بەڵام نۆژەنکردنەوەی ئەوان دەکرێت بەو پێیەی زۆربەی بیناکانیان لەسەر ڕووی زەوییە.
لینا جونی، وتی: ئەم قەڵایە لە سروشتی دروستکردنیدا جیاوازە، چونکە بناغەکەی بە خودی چیاکەوە گرێ دراوە، هەروەها شوێنەکە دەچێتە پاڵ چیاکە کە شێوەی پێدراوە و شێوەی ئەندازیاری وەرگرتووە، بەڵام ناوکەکەی وەک خۆی ماوە کە بریتییە لە بەردی چەقماق، ئەمەش ئەوەیە کە هێز و تواناى زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ بەرگەگرتنی زیانەکان.