پۆستەری فیلمی کوردی "زاڵاوا" بۆ نمایش لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "ڤێنیز" بڵاوکرایەوە

پۆستەری فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" کە یەکەمین بەرهەمی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" بۆ نمایش لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی ڕخنەگران" لە ٧٨ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتالیا بڵاوکرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" Zalava لە لە نووسینی هاوبەشی "ئایدا پەناهەندە"، "تەهمینە بەهرام" و "ئەرسەلان ئەمیری" و دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی "ئەرسەلان ئەمیری"یە، "سەمیرا بەرادەری" و "روحوڵڵا بەرادەری" کاری بەرهەمهێنانیان بۆکردووە،  لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی ڕخنەگران" Critics' Week لە ٧٨ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا نمایش دەکرێت و پۆستەری ڕیکلامەکەی بڵاوکرایەوە.

 

فیلمی کوردی "زاڵاوا" پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی لۆئیجی دێ لۆرێنتس " Luigi De Laurentiis- شێری داهاتووی تایبەت بە باشترین فیلم لە پێشبڕکێی "هەفتەی ڕخنەگران" لە ٧٨مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز".

 

فیلمەکە ڕکابەری ٦ فیلمی سینەمایی وڵاتانی دیکە دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلم، ڕۆژانی ٨/٩ی ئاب لە چەند کاتێکی جیاوازدا لەسەر پەردەی سینەماکان نمایش دەکرێت،

 

دەربارەی فیلمی زاڵاوا

زاڵاوا، پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوندەکانی سنە و دەورووبەری هەمەدان وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا ڕەحیمی سام، هودا زەینوالعابدین، باسیت ڕەزایی، شاهۆ ڕۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح ڕەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

 

فیلمەکە بۆ یەکەمین جار لە ٣٩یەمین خولی فێستیڤاڵی نەتەوەیی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە ١٠ بەشدا کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو، چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێنا.

 

ت.پ