پەرتوکی "ئەوکاتەی مەرگ وەک و ژیان سەوزە" بڵاوکرایەوە
پەرتوکی نووسەر ئەمیرە محەمەد تایبەت بە چیرۆکی خەبات و شۆڕشگێڕی ژنانی پێشمەرگە و پێشمەرگە بڵاوکرایەوە، ڕاشیگەیاند پێشمەرگە بە پشتیوانی ژنان گەیشتوون بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ.
ناوەندی هەواڵ
١ی حوزەیران/٦ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، ئەمیرە محەمەد، نووسەر، پەرتوکێکی خۆی بە ناوی "ئەوکاتەی مەرگ وەک و ژیان سەوزە" بڵاوکردەوە.
ناوەڕۆکی پەرتوکەکە پێکدێت لەو چیرۆکە ڕاستییانەی لە سەردەمی خەبات و شۆڕشی پێش ساڵانی ١٩٩١ ڕوویانداوە، نووسەر لە دوو توێی پەرتوکێکدا کۆیکردوونەتەوە.
سەرەتا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئەمیرە محەمەد بە خوێندندەوەی پارچەیەک وتەی تایبەت بە پێشمەرگە و شۆڕشی لە مێژینەی کورد یادەکەی کردەوە، پاشان کتێبەکەی بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرد.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ئەمیرە محەمەد باسی لە ناوەڕۆک و هۆکاری نوسینەوەی ئەم کتێبە کرد و وتی: ناوی کتێبەکە لە خوێن ڕشتنی ئەو پێشمەرگە بە جەرگانەوە هاتووە کە خوێنیان ڕشتووە لە پێناو خاکی پیرۆزی کوردستان و بە عەشق دەچوون بەرەو پیری مەرگەوە.
ئەمیرە باسی لەوەکرد لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بووەتە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە و لەوکاتەدا سەودای نووسینەوەی چیرۆکی دایکان و پێشمەرگەکانی لەلا کەڵەکە بووە، دەربارەی پەرتوکەکە وتی: "ئەوکاتەی مەرگ وەک و ژیان سەوزە" لە ٣٠ تابلۆ و نزیکەی ٩٠ چیرۆک پێکهاتووە، چیرۆکەکان کۆکراونەتەوە و تابلۆکە لەلایەن تارا قادر مامۆستای زانکۆوە ئامادە کراون.
ئەو نووسەرە ژنانی بە داینەمۆی شۆڕش بەناو کرد و وتی: ژنان داینەمۆی شۆڕشن، ژنانن کە توانیویانە شۆڕش بەڕێوەبەرن و ببنە پشتیوانی سەرەکی پێشمەرگەکان، بێ ژن، دایک، خوشک و هاوژین، پێشمەرگەکان نەیاندەتوانی بەم ڕۆژگارەی ئێستا بگەن.
ئەمیرە محەمەد لە ئێستادا خاوەنی ١٨ پەرتووکی چاپکراوە و چەند بەرهەمێکی دیکەی تەواو نەکراوی هەیە کە لە داهاتوودا ئامادەی بڵاوکردنەوەیان دەکات.
ت.پ