پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە شەهبا دەستیپێکرد
سەرەڕای ئەو سیاسەتانەی کە لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و جێبەجێکراون، گەل لەسەر بەرخۆدان سووربوون و وەرزی پێنجەمی فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە شەهبا دەستپێکرد.
شەهبا
بە دروشمی "هەموومان هیواخوازین، بەرواری گەڕانەوە نزیک دەبێتەوە، ژیان دەچێنین"، کۆمینی شانۆ لە عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هاوکاری کۆمسیۆنی ڕۆشنبیری و هونەر و هیلالی زێڕین پێنجەمین فیستیڤاڵی شانۆی میتان لە شەهبا دەستپێکرد، ٧ گروپی شانۆیی لە عەفرین، کەرکوک، ڕەقە، حەسەکە، کۆبانێ و حەلەب بەشدارن.
وەک بەشێک لە فێستیڤاڵەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد، زەینەب محەمەد، بەڕێوەبەری شانۆ و ئەندامی لیژنەی ئامادەکار باسی لە پێویستی پێشکەشکردنی فێستیڤاڵەکە کرد و وتی: لە ساڵانی پێشوودا سێ فێستیڤاڵ لەسەر خاکی عەفرین نمایشکران و وەرزی چوارەم دوای ئاوارەبوونمان بۆ شەهبا نمایشکرا و ئەمڕۆ پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان لە یەکەم ڕۆژی خۆیدا دەستیپێکرد و لە ١٠ی کانوونی دووەم کەرنەڤاڵێک ڕێکخرا بۆ ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەکە.
"هەوڵدەدرێت کولتووری گەلان بناسێندرێت"
وتیشی: یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە نمایشی شانۆیی لەخۆگرتبوو، جگە لە کردنەوەی وتارەکان و پاراگرافی هونەری، فێستیڤاڵەکە تا ١٨ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک ڕەقە و حەسەکە و کۆبانێ و حەلەب و کەرکوک لە باشووری کوردستان و ٧ نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکرێت کە لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەین دەربارەی کولتووری هەموو گەلان و پێکهاتەکان فێربین و بیانناسێنین.
زەینەب محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای گەمارۆدان و تۆپبارانکردنی ناوچەکە، لە بەرامبەر هەموو سەختییەکان بەرخۆدانیان کردو هەتا ئازادکردنی شارەکەیان و ئەنجامدانی فیستیڤاڵەکانی دیکە لە عەفرین ڕووبەڕووی فشارەکان دەبنەوە.
"ئامانجی فێستیڤاڵەکە بەرزکردنەوەی ئیرادەی گەلە"
لەبارەی فێستیڤاڵی ئەمساڵەوە، زوزان مستەفا، هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی ڕۆشنبیری و هونەری لە عەفرین ڕایگەیاند، ئامانجی فێستیڤاڵی میتان پاراستنی شانۆ و کولتووری کوردییە لە هەرێمەکان و بەهێزکردنی لێهاتوویی خوێندکاران و بەرزکردنەوەی ئیرادەی گەلە.
مۆنا جادر، بەشداربووی تیپی شانۆیی کۆبانێ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا لەگەڵ ئاوارەکانی عەفرین و ئاماژەی بەوەدا، پێکەوە بەرخۆدان دەکەن هەتا ئازادکردنی شارەکەیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و گەلی عەفرین و شەهبا خواست کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی کە ئەزموونی دەکەن پێشوازییان لە هەموو تیپەکان کرد.
پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی میتان تا ١٨ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت و هەموو ڕۆژێک شانۆگەرییەک نمایش دەکرێت.