پەخشکردنی دراما تورکییەکان، لەپێناو لەناوبردنی کلتوری کورددا

تورکیا لەگەڵ ئەوەی بە ڕێگای سیاسی و ئابووری دەیەوێت خاکی کوردستان داگیر بکات، هەوڵدەدات لە ڕێگەی هونەر و کلتوریشەوە پەلبهاوێتە ناو فکری تاکی گەلی کورد، نەبوونی فلتەرێک بۆ پەخشکردنی دراما تورکییەکان و پشتگوێخستنی دراما کوردییەکان ڕێخۆشکردنی دەسەڵات دەسەلمێنێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دەزگاکانی ڕاگەیاند بە پەخشکردنی درامای دۆبلاژکراو و تورکییەکان، هونەر و درامای کوردیان بەرەو پاش بردووە، هێندەی دراما و فیلمە بیانییەکان پەخشدەکرێن، هێندە گرنگی نادرێت بە بەرهەمی کوردی و خۆماڵی، هونەرمەندان لەم دۆخە دڵگرانن و پێیان وایە هونەر لەلایەن دەسەڵات و کەناڵەکانەوە پشتگوێخراوە، دەشڵین ئەو بودجەیەی بۆ وەرگێڕانی درامایەکی تورکی تەرخاندەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی درامایەکی کوردی تەرخان ناکرێت، ئەمەش بە ڕێگەیەکی دیکەی داگیرکاری تورکیا لە ڕێی هونەرەوە لەقەڵەم دەدرێت،

 

هونەرمەند گەزیزە عومەر، باس لە هونەری کوردی و هۆکارەکانی پشتگوێخستنی دەکات.

 

"ئایندەیەکی گەش نابینم لە دنیای هونەری کوردیدا"

گەزیزە عومەر، هونەرمەند ئاماژە بە هۆکارەکانی پشتگوێخستنی هونەری کوردی دەکات و دەڵێت: لە ئێستادا هونەر نەیتوانییوە کاریگەری تەواوی هەبێت لەسەر کۆمەڵگا، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی کەمتەرخەمی هونەرمەندانە، بەڵام بەشێکی دیکەی دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی کارکردنی هونەری.

 

گەزیزە باس لەوە دەکات کە ئەگەر دەسەڵاتێک و خاوەن پارەیەکت لەپشت نەبێت ناتوانیت پرۆژە و کارەکانت جێبەجێبکەیت و خاوەنی بەرهەمی نوێ نابیت، دەشڵێت: "کاری هونەری لە ئێستادا بە پەیوەندی و و لێکنزیکی حزبی دەڕوات بەڕێوە، هەتا بەوشێوەیەش بەردەوام بێت ئاستی هونەر بەو جۆرە دەبێت کە ئێستا هەیە و بگرە لاوازتریش دەبێت".

 

"فلتەرێک نییە بۆ پەخشکردنی دراما و گۆرانییەکان"

ئەو هونەرمەندە ئەوەی خستەڕوو ڕاستە تەکنەلۆژیا بووەتە بەشێکی ژیان، بەڵام لە ئێستادا چەندین دراما و گۆرانی و بابەتی دیکە بڵاودەکرێنەوە کە کلتور تێکدەدات، فکری تاکی کورد دەگۆڕێت و سەرقاڵدەکرێن بەو شتە بێمانایانە تا ئاگادار نەبن چی دەگوزەرێت لە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی.

 

ئاماژەی بەوەشدا: لەگەڵ ئەوەی هەمووان دەزانین دوژمنی سەرەکی کورد، دەوڵەتی تورکیایە بەڵام کەناڵەکان لەژێر سیاسەتی دەزگاکانیاندا دراما تورکییەکان و فارسییەکان وەردەگێڕن و وەک دەرزیەک دەیخەنە ناو مێشکی تاک بە تاکی کوردەوە، دەپرسێت ئایا ئەگەر درامای تورکی نەبێت، کەناڵەکان بەرنامەیان پێنامێنێت؟ درامای کوردی نییە؟.

 

وتیشی ئەو درامایەنە بەجۆرێک ئامانجەکانیان دەپێکن، لە جەنگێکدا تیرێک نەتوانێت ئامانجەکەی بەو جۆرە بپێکێت، کە بڵاوکردنەوەی بێڕێزی و بەدکردارییە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا.

 

"کۆمپانیانی بەرهەمهێنانی دراما و فیلمی کوردی زۆر کەمن"

گەزیزە عومەر پێی وایە یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی هونەری کوردی پەک خستووە نەبوونی کۆمپانیانی بەرهەمهێنانی فیلم و درامایە، دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایانەش دەسەڵات و بودجەی دەوێت کە بۆی تەرخان ناکرێت، ئەویش بە مەبەست، ئەوان مەبەستیانە بە بڕە پارەیەکی کەم شاشەکان پڕ بکەنەوە، گوێنادەن بەوەی چ گێژاوێک لەناو کۆمەڵگەدا دەنێنەوە.

 

دەشڵێت، پێویستە هونەر ببێتە ڕێگایەک بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان، وەک پیشەیەکی سەرەکی تەمشا بکرێت، ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت هەروەک ئێستا دەمێنێتەوە، وتیشی: "هونەر سەوزە و میوە نییە لە وڵاتانی دەرەوە بۆمان بێت".

 

 "کورد لە مێژەوە هەوڵی داگیرکردنی دەدرێت"

دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا گەزیزە عومەر وەک هونەرمەندێک باس لەوە دەکات کورد لە مێژووەوە داگیر دەکرێت، هەمیشە چاوی داگیرکارانی لەسەر بووە، زەرەرمەندی ئەم داگیرکاریانەش هاوڵاتیانی گەلی کوردە و دەڵێت: "چیتر نابێت بهێڵێن وڵاتمان داگیر بکرێت".

 

چارەسەرییش دەگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵات و حکومەت کە چیدیکە بێ دەنگ نەبن لە ئاست ئەو هێرشانە، هەروەها هونەرمەندان و هاوڵاتیان بە وتنی سرودی نیشتیمانی و بەرهەمهێنانی سپۆتی تایبەت و دەنگی شەقام ڕێگری بکەن لەو داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا و چیتر کوردستان نەبێتە پارویەکی چەور بۆ دوژمنان.

 

ئەو هونەرمەندە ئاماژە بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەکات و دەڵێت: چیتر کاڵای تورکی نەیەتە ناو بازاڕەکانی کوردستان، گەلی کورد خۆی خۆی بژیەنێت و خۆی بەرهەم بهێنێت.

 

ت.پ